ماهیر ئەمین: كاری سەرەكیم گۆرانیگوتن نییە و هونەرم نەكردووەتە پیشە

07-12-2016
پشتیوان جەمال
نیشانەکردن ماهیر ئەمین
A+ A-

رووداو- سلێمانی

هونەرمەند ماهیر ئەمین، نوێترین گۆرانیی خۆی بڵاوكردەوە كە گۆرانییەكی نەتەوەییە، بەڵام دەڵێت بە مەبەست ئەو گۆرانییەی بۆ ئەو كاتە تۆمار نەكردووە.

ماهیر ئەمین نیگەرانە لە رەوشی گۆرانی و میوزیكی كوردی. ئەو دەڵێت ئەگەر رەوشەكە بەو شێوەیەی ئێستا بچێتە پێش، ئەوا دوای چوار ساڵی دیكە گۆرانیی كوردی بەرەو پووكانەوە دەچێت.

ماهیر ئەمین ساڵی 1973 لە رواندز لەدایك بووە. بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاریی شارستانی هەیە و تاوەكو ئێستا چوار ئەلبوومی گۆرانی بڵاوكردووەتەوە. ماهیر لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) زانیاریی زیاتر لەسەر كارە هونەرییەكانی باس دەكات.

رووداو: لە رۆژانی رابردوودا نوێترین بەرهەمت بە ناوی (كاروانێ كوردا) كە بەرهەمێكی نەتەوەیی بوو، بڵاوكرایەوە، مەبەستت لەو بەرهەمە لەم كاتەدا چی بوو؟

ماهیر ئەمین: تێكست و بەشێك لە ئاوازی ئەو گۆرانییە هی ئەمین بۆتانی و بەشێكی دیكەی ئاوازەكەش هی خۆم بوو. دەمێك بوو حەزم دەكرد گۆرانییەكی نەتەوەیی دروست بكەم و نزیكەی پێنج مانگیشە ئەو گۆرانییە ئامادەیە. من هەمیشە گوتوومە كاتێك گۆرانییەك دروست دەكرێت، دەبێت یەكەم شت هەڵگری بەها هونەرییە بەرزەكان بێت، پاشان ئەگەر پەیامی دیكەی هەبێت كارێكی باشە، بەڵام بە مەبەست گۆرانییەكەم بۆ ئەم كاتە دروست نەكرد.

رووداو: ساڵانێكی زۆرە گۆرانی دەڵێیت، بەڵام بەرهەمت كەمە؟

ماهیر ئەمین: لەبەرئەوەی كاری سەرەكیم گۆرانیگوتن نییە و هونەر نەبووەتە پیشەم تا بودجەیەكم لەبەردەستدا بێت و هەر كات بەرهەمێك هاتە بەردەمم بتوانم كاری تێدا بكەم و بە هونەر بژیم، بەڵكو ناچارم بۆ ماوەیەكی زۆر چاوەڕێ بكەم تا كارێكی نوێ دێنمە بەرهەم. جگە لەوەش پێموایە كار لەسەر كواڵیتی بكرێت باشترە وەك لە چەندێتی، هەرچەندە ژمارەش مانای خۆی هەیە، بۆ نموونە ئەگەر لە 10 ساڵدا ببمە خاوەنی 10 ئەلبووم زۆر گرنگترە لەوەی هەر لەو ماوەیەدا دوو ئەلبوومم هەبێت.

رووداو: ئەگەر پاڵپشتییەكی باشی داراییت هەبێت، دەتوانیت بە چەند ساڵ ئەلبوومێك بڵاوبكەیتەوە؟

ماهیر ئەمین: دڵنیام ئەو هونەرمەندانەی لە ئاستێكی باشدا كار دەكەن، ئەگەر پاڵپشتی داراییان هەبێت لانیكەم لە دوو ساڵدا دەتوانن ئەلبوومێكی باش دروست بكەن، وەكو خۆیشم دەتوانم بە دوو ساڵ جارێك، ئەلبوومێك دروست بكەم. ئێستاش هۆنراوە و ئاوازی نزیكەی 25 گۆرانیم ئامادەیە و ئەگەر كێشەی دارایی نەبێت تۆماریان دەكەم.

رووداو: لە ساڵانی رابردوودا ژمارەیەكی زۆر گۆرانیبێژ هاتنە پێشەوە. وەكو هونەرمەندێكی بە ئەزموون رات لەسەریان چییە؟

ماهیر ئەمین: پێموایە لە هەموو قۆناغەكاندا هونەرمەندی جددی و ئەوانەشی خۆیان بە بوارەكەدا هەڵواسیوە هەبوون، بەڵام لە ئەنجامدا ئەو كارانە دەمێننەوە كە بەستاندارد و پێوەری بەرزی هونەری كراون. بەداخەوە هەموو كاتێك كاری هونەری بە قورسی دێتە بەرهەم. نزار قەبانیی شاعیر دەڵێت نووسینی هۆنراوەیەكی باش وەكو هەڵكەندنی بیرێكە بە دەرزی. بە بڕوای منیش، دروستكردنی گۆرانییەكی جوان لەو ئاستەدایە، بەڵام بەداخەوە لەنێو میللەتێكی وەكو ئێمە زەحمەتییەكان سەت ئەوەندەن، ئەگەر بەراوردی گۆرانیبێژی خۆمان و گۆرانیبێژانی وڵاتانی دیكە و تەنانەت دراوسێشمان بكەین، ئەو ئیمكانیەتەی لەبەردەستی ئەواندایە یەك لەسەر سەدی ئەو ئیمكانیەتە، لەبەردەست ئێمەدا نییە.

رووداو: تۆ ئەندازیاریت و لە فەرمانگەیەكی حكومی كار دەكەیت، چۆن هەماهەنگیت لە نێوان هونەر و ئەندازیاریدا كردووە؟

ماهیر ئەمین: هەماهەنگییەكەم زۆر بە خراپی كردووە و هیچ لێی رازی نیم. بەڵام ناچاریشین لەبەرئەوەی دەبێت بژین و كاریش بكەین، چونكە ئەركی كارەكانم لەسەر خۆمە و زۆر بەكەمی سپۆنسەر بۆ كلیپێك هەبوون، ئێستاش قەیرانێكی سەختی دارایی هەیە، بۆیە ئەگەر دۆخەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، سێ بۆ چوار ساڵی دیكە گۆرانی كوردی بەرەو پووكانەوە دەچێت. چونكە دوای 25 ساڵ لە ئازادی، هیچ دەزگایەك خۆی بە خاوەنی گۆرانیی كوردی نازانێت.

رووداو: ئێوە بە بنەماڵە هونەرمەندن، بیرتان لە بەرهەمێكی هاوبەش نەكردووەتەوە؟

ماهیر ئەمین: بەرهەمی هاوبەش بە گرووپ ئیشێكی جوانە، بەڵام لەڕووی شێوازی كاركردنمانەوە جیاوازین و هەریەكەشمان سەرقاڵی كاری خۆمانین، ئەگەرنا بیرم لەوە كردبووەوە ئەوانەی دەركەوتووین و ناسراوین، ئەوانەشی هێشتا دەرنەكەوتوون كە ژمارەیان زۆرە، گرووپێكی گەورە دروست بكەین، بەڵام ئاسان نییە.

رووداو: ماوەیەكە هونەرمەندان پەنا بۆ بڵاوكردنەوەی گۆرانی تاك دەبەن، تۆش خەریكە بەو ئاڕاستەیەدا دەڕۆیت، بۆچی پەناتان بۆ ئەو رێگایە بردووە؟

ماهیر ئەمین: ناچارین گۆرانی تاك بڵاوبكەینەوە، ئەگینا بڵاوكردنەوەی ئەلبووم هەیبەتی خۆی هەیە، من لە گۆرانی تاك كەم ناكەمەوە و هەندێجار گۆرانییەكی تاكیش بە قەد ئەلبوومێك كاریگەریی هەیە، بەڵام ئەگەر لەڕێگەی فرۆشتنی ئەلبوومەكانەوە، داهاتمان هەبووایە ئەوا لەبڵاوكردنەوەی ئەلبووم بەردەوام دەبووین.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە