رووداو دیجیتاڵ
هەردوو هونەرمەند ماهیر ئەمین و هێمن حوسێن، نوێترین بەرهەمی هونەریی هاوبەشیان بە ناوی (گوڵچنین) لە شێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە. بەرهەمەکە گەشتێکە بەنێو گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکاندا و یەکەم کاری دوێتی ئەو دوو هونەرمەندەیە لەمساڵدا.
هەردوو هونەرمەند لە هەواڵەکانی کاژێر 17:00ـی رۆژی سێشەممە 23ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، میوان بوون و باسیان لە وردەکاریی کارە نوێیەکەیان کرد.
ماهیر ئەمین لەبارەی بەرهەمەکەوە رایگەیاند، (گوڵچنین) ئاواز و هۆنراوەکەی فۆلکلۆرە، تەنیا پارچەی کۆتایی تێکستەکە نەبێت کە لە نووسینی خۆیەتی.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە یەکەمجارە بە شێوەی دوێت لەگەڵ هێمن حوسێن دەردەکەوێت، سەرەڕای ئەوەی مێژووی کارکردنیان پێکەوە بۆ 25 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
هێمن حوسێن کە کاری ئامادەکردن و دابەشکردنی میوزیکی بۆ بەرهەمەکە کردووە، گوتی: "ویستمان کارێک بکەین کە گوزارشت لە رەسەنایەتی بکات، بۆیە پەنامان بۆ فۆلکلۆر برد و لە کلیپەکەشدا گرنگییەکی زۆرمان بە جلی کوردی و کولتووری ناوچە جیاوازەکان داوە".
ڤیدیۆکلیپەکە لە شاری سلێمانی وێنەگیراوە و دەروون قەرەداخی کاری دەرهێنانی بۆ کردووە. میرکۆ مەریوان مۆنتاژی کردووە و هۆگر عەزیز ئەرکی میکس و ماستەرینگی لەئەستۆ بووە. هەروەها دیار دلاوەر وەک ئەندازیاری دەنگ لەگەڵ هێمن حوسێن کاری تۆمارکردنیان بۆ ئەنجامداوە.
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو لەبارەی بەکارهێنانی ژمارەیەک خانم بە جلی رەسەنی کوردییەوە، هێمن حوسێن ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجیان نیشاندانی جوانیی جلی کوردی و کولتووری ناوچە جیاوازەکان بووە بۆ نەوەی نوێ، تاوەکو ئاشنای رەسەنایەتیی خۆیان بن.
سەبارەت بە کارەکانی داهاتوویان، هەردوو هونەرمەند ئاماژەیان بەوە کرد، پلانیان هەیە کارێکی تایبەت بە زاراوەی بادینی یان هەورامی ئەنجام بدەن.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، ماهیر ئەمین ئاشکرای کرد، شەوی سەری ساڵ لە شاری هەولێر ئاهەنگێکی دەبێت، لە کاتێکدا هێمن حوسێن رایگەیاند، ئەو شەوە لەگەڵ ماڵباتەکەی بەسەر دەبات و پیرۆزبایی ساڵی نوێی لە هەموو گەلی کورد کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ