رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند ماهیر ئەمین، لە هەنگاوێکی نوێ و جیاوازدا لە بواری هونەری کوردیدا، بەرهەمێکی هونەریی وەرزشی بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە. ئەم بەرهەمە بە یەکەمین تراکی کوردی دادەنرێت کە تایبەت کراوە بە وەرزشکردن.
لە کلیپەکەدا بیسەر و بینەر دەتوانێت لە کاتی وەرزشکردن و جوڵەی جەستەییدا، چێژ لە 47 میلۆدی فۆلکلۆری جیاوازی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان وەربگرێت، هەموویان لە یەک تراکدا کۆکراونەتەوە.
ئەم کارە هونەرییە ئامانجی هاندانی خەڵکە بۆ وەرزشکردن لە رێگەی تێکەڵکردنی جوڵە لەگەڵ میوزیک و میلۆدی رەسەنی کوردیدا، کە دەتوانێت ببێتە هاندەرێکی باش بۆ سووتاندنی کالۆری و پاراستنی تەندروستییەکی باشتر.
تێکست و میلۆدیی بەرهەمەکە فۆلکلۆرین و لەلایەن خودی هونەرمەند ماهیر ئەمینەوە کۆکراونەتەوە و دابەشکردنی میوزیک و میکسی لەلایەن هونەرمەند بژار دیلانەوە کراوە، سەید ئەحمەد رواندزی بە کەمانچە و ڤایۆلین، هۆگر سەعید بە کیبۆرد وەک ژەنیار بەشداربوونە. دەنگی هەردوو هونەرمەند بژار دیلان و محەممەد تەها ئاکرەیی لە بەرهەمەکەدا دەبیسترێت.
ڤیدیۆکلیپەکە لەلایەن کاوە موحسینەوە کاری دەرهێنان و وێنەگرتنی بۆ کراوە و سامان محەممەد کاری مۆنتاژی بۆ کردووە.
هونەرمەند ماهیر ئەمین ڤیدیۆیەکی کورتی لەبارەی بەرهەمەکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە تەواوی تراکەکە لە کەناڵی یوتیوبی فەرمی خۆی بەردەستە.
بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکلیپەکە کە ماوەکەی 10 خولەک و 57 چرکەیە، لە دوای بڵاوکردنەوەی تەواوی بەرهەمەکە لە 2023 دێت بە شێوەی دەنگ کە ماوەکەی نیو کاژێرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ