فەزڵ شاکر خۆی رادەستی سوپای لوبنان دەکاتەوە

10-03-2015
دەرباز یونس
نیشانەکردن فەزڵ شاکر
A+ A-
رووداو – ئاژانسەکان

هونەرمەندی بەناوبانگی لوبنانی فەزڵ شاکر، ئەگەرچی سزای لەسێدارەدانی لە دادگای لوبنان بەبێ ئامادەبوونی خۆی بۆ دەرچووە، بەڵام بڕیاریداوە خۆی رادەستی سوپای ئەو وڵاتە بکاتەوە.

پارێزەری تایبەتی فەزڵ شاکر، بەمیدیاکانی راگەیاندووە "فەزڵ شاکر بڕیاریداوە خۆی رادەستی سوپای لوبنان بکاتەوە".

 بەتۆمەتی پێکهێنانی هێزی چەکداری توندڕەو و شەڕکردن لە دژی سوپای لوبنان لە ساڵی 2013 –ەوە و کوشتنی چەندین سەرباز و ئەفسەری سوپا و دژایەتیکردنی دامودەزگای حکومەت، فەزڵ شاکر بەبێ ئامادەبوونی خۆی لە دادگا فرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.

مەی خەنسا، پارێزەری تایبەتی فەزڵ شاکر بەمیدیاکانی راگەیاند "فەزڵ شاکر، دەیەوێت  لە چەند رۆژی داهاتوو خۆی رادەستی سوپای لوبنان بکاتەوە، دڵنیاتان دەکەمەوە ئەو ماوەیەکی زۆرە پەیوەندی لەگەڵ هێزە چەکدارییە توندڕەوەکان نەماوە".
 
فەزڵ شاکر، ئێستا لە خێوەتگەیەکی ئاوارەکانی فەڵەستین دەژی، ئەمەش بەپێی گوتەی چەند شایەدحاڵێک، کە لە چەند رۆژی رابردوو لەوێ بینیویانە.

لە چەند رۆژی رابردوو، پۆرتاڵی رووداو ڤیدیۆی چاوپێکەوتنی ئەو هونەرمەندەی لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی LBC بڵاوکردەوە، کە تێیدا ناوبراو دەڵێ :"پەشیمانم و هیواخوازم بگەڕێمەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆم".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە