فەزڵ شاکر خۆی رادەستی سوپای لوبنان کرد و کۆتایی بە دەیەیەک لە خۆحەشاردان هێنا

05-10-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن فەزڵ شاکر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شەوی شەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2025، فەزڵ شاکر، گۆرانیبێژی دیاری لوبنانی، لە دەروازەی کەمپی عەین حەلوە لە نزیک شاری سەیدا لە باشووری لوبنان، خۆی رادەستی سوپای وڵاتەکەی کرد. ئەم هەنگاوە وەک سەرەتایەک بۆ داخستنی دۆسییە قورسەکەی دادگەییەکەی لێکدەدرێتەوە، کە بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەک لەناو کەمپی پەنابەرانی فەلەستینیدا خۆی حەشاردابوو، بەهۆی دۆسییەی تیرۆرەوە بڕیاری زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرابوو.
 
سەرچاوەیەکی لە دادگە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "هونەرمەند فەزڵ شاکر لە دەروازەی کەمپی عەین حەلوە خۆی رادەستی سوپای لوبنان کرد، وەک پێشەکییەک بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسییەی دادوەرییەکەی".
 
فەزڵ شاکر، ساڵی 1969 لە سەیدا لە باوکێکی لوبنانی و دایکێکی فەلەستینی لەدایکبووە، یەکێک بوو لە گۆرانیبێژە دیارەکانی جیهانی عەرەبی. بە گۆرانییە رۆمانسی و دەنگە کاریگەرکەی ناسرابوو، تاوەکو لە 2012ـدا وازی لە گۆرانیگوتن هێنا، دوای ئەوەی لە ئەحمەد ئەسیر نزیک بووەوە.
 
لە حوزەیرانی 2013دا، پێکدادان لەنێوان لایەنگرانی ئەسیر و سوپای لوبنان لە شارۆچکەی عەبرا لە نزیک سەیدا روویدا، دوای هێرشێک بۆ سەر خاڵێکی پشکنینی سەربازی. ئەو پێکدادانانە بووە هۆی کوژرانی 18 سەرباز و 11 چەکدار. لە ئەنجامدا، سوپا کۆمەڵگەیەکی کۆنترۆڵکردەوە کە ئەسیر و لایەنگرانی، لەنێویاندا فەزڵ شاکر، وەک بارەگا بەکاریان دەهێنا.
 
لەدوای ئەو رووداوانە، لەناو کەمپی عەین حەلوە خۆی حەشاردابوو، کە گەورەترین کەمپی پەنابەرانی فەلەستینییە لە لوبنان لەخۆدەگرێت. گرووپە فەلەستینییەکان ئاسایشی کەمپەکان بەڕێوەدەبەن و هێزە چەکدارەکانی لوبنان ناچنە ناویان.
 
دادگەی سەربازی لە 2020ـدا دوو بڕیاری بە بێ ئامادەبوونی فەزڵ شاکر بەسەردا سەپاند؛ یەکەمیان بە 15 ساڵ زیندانیکردن لەگەڵ کاری قورس و لێسەندنەوەی مافە شارستانییەکانی، دوای ئەوەی بە تاوانی "دەستتێوەردان لە کارە تیرۆریستییە تاوانکارییەکان کە تیرۆریستان ئەنجامیانداوە؛ بە ئاگاداری ئەو و لە رێگەی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی لۆجستی بۆیان" تۆمەتبار کرا. بڕیاری دووەم حەوت ساڵ زیندانیکردن بوو لەگەڵ کاری قورس و پێبژاردنی دارایی بە تۆمەتی دابینکردنی پارە بۆ گرووپی ئەسیر و خەرجکردن لەسەر ئەندامەکانی و دابینکردنی نرخی چەک و تەقەمەنی.
 
ئەسیر لە 2015 لەکاتی هەوڵدان بۆ هەڵاتن لە رێگەی فڕۆکەخانەی بەیروتەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەستگیر کرا، لە 2017ـدا بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
 
فەزڵ شاکر لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە بێتاوانی خۆی راگەیاندبوو و جەختی لەوە دەکردەوە کە لە کاتی شەڕەکانی عەبرا، کە بە "رووداوەکانی عەبرا" ناسرا، بەشداریی لە تەقەکردن لە سوپا نەکردووە. سەرچاوەیەک لە نزیک شاکرەوە بە فرانس پرێسی راگەیاند، "ئەو باوەڕی بە بێتاوانیی خۆیەتی و متمانەی بە سەربەخۆیی دادگەی لوبنانی هەیە، ئەمجارە دادپەروەریی بۆ دەسەلمێنێت".
 
لە چەند ساڵی رابردوودا، دەرکەوتنەکانی فەزڵ شاکر تەنیا لە چەند دەرکەوتنێکی میدیایی و ژمارەیەکی کەمی کارە هونەرییەکاندا کورت کرابووەوە، بەڵام لەم دواییانەدا چەندین گۆرانیی نوێی بڵاوکردووەتەوە کە پێشوازییەکی بەرفراوانی لێکراوە و بووەتە ترێندێکی نوێ، لەوانە گۆرانی "كيفك ع فراقي" کە لەگەڵ کوڕەکەی، محەممەد، گوتوویەتی. ئەم گۆرانییە لە دوای بڵاوبوونەوەی لە مانگی تەممووزدا، زیاتر لە 113 ملیۆن بینەری لە کەناڵی فەرمیی شاکر لە یوتیوب هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەخشینی میدالیای زێڕین بە سیلڤێستەر ستالۆن لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە. وێنە؛ AFP

دۆناڵد ترەمپ میدالیای رێزلێنانی بەخشییە سیلڤێستەر ستالۆن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە کۆشکی سپی، میدالیای رێزلێنانی بەخشییە ژمارەیەک هونەرمەندی دیار، لەنێویاندا سیلڤێستەر ستالۆن، ئەستێرەی بەناوبانگی فیلمەکانی ئەکشن. ترەمپ خەڵاتکراوانی ئەمساڵی بە "بەتواناترین و ناودارترین" ناساند.