رووداو دیجیتاڵ
دۆسیەی فەزڵ شاکر، هونەرمەندی لوبنانی، لە چەند رۆژی رابردوودا پێشهاتی نوێی بەخۆیەوە بینیوە. دوای چەندین ساڵ لە خۆشاردنەوە لەنێو کەمپی "عەین حلوە" لە باشووری لوبنان، ئەو هونەرمەندە بەنیازە خۆی رادەستی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی بکاتەوە.
بەپێی راپۆرتە میدیاییەکانی لوبنان، هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارەی فەزڵ شاکر بۆ ئەو هەڕەشانە دەگەڕێتەوە کە لەلایەن چەند کەسێک لەنێو کەمپەکە لێی کراوە. هەڕەشەی کوشتن یان دەرکردنی لێکراوە ئەگەر لە گۆرانیگوتن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی نوێ بەردەوام بێت.
ئاماتا موبارەک، راوێژکاری یاسایی فەزڵ شاکر، هەواڵی خۆرادەستکردنەوەکەی ئەو هونەرمەندەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "دۆسیەی فەزڵ شاکر رەهەندی سیاسی هەیە و زۆربەی تۆمەتەکان جێگەی پرسیارن، چونکە لەسەر بنەمای زانیاریی نادروست تۆمەتبار کراوە".
هەروەها گوتیشی: "هەر کاتێک لە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان گوێی لێبگیرێت، بێتاوانییەکەی دەسەلمێنرێت، بەتایبەتی کە سەرجەم حوکمەکان بەبێ ئامادەبوونی خۆی دەرکراون".
پارێزەرەکەی جەختی کردەوە کە فەزڵ شاکر لە دۆسیەی شەڕکردن دژی سوپای لوبنان بێتاوان دەرچووە، بەڵام ئێستا رووبەڕووی تۆمەتی "سپیکردنەوەی پارە و زەوتکردنی ماڵی خەڵک" بووەتەوە. روونیشیکردەوە، خێزانەکەشی لە هەمان دۆسیەدا تۆمەتبار کرابوون، بەڵام چەند هەفتەیەک لەمەوبەر بێتاوانییان سەلمێنراوە.
سەبارەت بە سەرچاوەی سامانی فەزڵ، پارێزەرەکەی دەڵێت، بەشێکی لە ئاهەنگەکانییەوە بووە، لەگەڵ وەبەرهێنان لە بواری خانووبەرە و کۆمپانیا تایبەتەکەی بۆ بەرهەمهێنانی ئاواز. هەروەها ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن هونەرمەند بەنیاز بێت وڵات جێبهێڵێت و گوتی: "لە داهاتوویەکی نزیکدا خاکی لوبنان جێناهێڵێت، بەتایبەتی کە دۆخی یاسایی ئێستای رێگەی پێ نادات".
لە نیسانی 2025 محەممەدی کوڕی فەزڵ شاکر لە ڤیدیۆیەکدا پشتڕاستیکردەوە کە باوکی لە 2018ـەوە لە تۆمەتی شەڕکردن دژی سوپا بێتاوان دەرچووە، بەڵام ئەو کاتە میدیای لوبنان گرنگیی بە بابەتەکە نەداوە. محەممەد ئاماژەی بەوەشدا، باوکی بە سپیکردنەوەی 130 هەزار دۆلار تۆمەتبارە و متمانەی بە دادپەروەریی دادگە هەیە.
دوورکەوتنەوەی فەزڵ شاکر لە کاری هونەری و دواتر خۆشاردنەوەی، یەکێکە لە وێستگە دیارەکانی ژیانی ئەو هونەرمەندە، هۆکاری دوورکەوتنەوە و خۆشاردنەوە لە 2013ـەوە، بۆ رووداوەکانی "عەبرا" لە شاری سەیدا لە باشووری لوبنان لە حوزەیرانی 2013 دەگەڕێتەوە، پێش ئەو رووداوانە، نزیکایەتییەکی زۆری لەگەڵ شێخ ئەحمەد ئەسیر پەیدا کردبوو. لە چەندین بۆنەدا پێکەوە دەردەکەوتن و فەزڵ شاکر وازی لە گۆرانیی ئەوینداریی هێنا و رووی کردە سروودی ئایینی.
لە 2013، پێکدادانێکی خوێناوی لەنێوان لایەنگرانی ئەحمەد ئەسیر و سوپای لوبنان روویدا و بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک سەربازی سوپا. دوای ئەم رووداوانە، فەزڵ شاکر رووبەڕووی چەندین تۆمەتی قورس بووەوە، لەوانە پێکهێنانی گرووپی چەکداری، هاندان دژی سوپای لوبنان و بەشداریکردن لە کوشتنی سەربازاندا.
بۆ رزگاربوون لە دەستگیرکردن و دادگاییکردن، فەزڵ شاکر خۆی شاردەوە و پەنای بردە بەر کەمپی ئاوارەکانی "عەین حلوە " کە بە ناوچەیەکی دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتی لوبنان ناسراوە.
لە 2018 گەڕانەوەی فەزڵ شاکر بۆ هونەر، گەڕانەوەیەکی لەناکاو و خێرا نەبوو، بەڵکو بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕی، لە 2015 تاوەکو 2017 ئەو هونەرمەندە لە چەند هەڤپەیڤینێکدا پەشیمانیی خۆی لە هەڵوێستە تووندەکانی دەربڕی و خۆی لە ئەحمەد ئەسیر و بیری توندڕەوی بێبەری کرد. ئاماژەی بەوەدا، دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ نێو ژیانی ئاسایی و هونەرەکەی.
2018 بە وەرچەرخانی سەرەکی لە ژیانی فەزڵ شاکر هەژمار دەکرێت، دوای ئەوەی لە تۆمەتی سەرەکیی "شەڕکردن دژی سوپا" بێتاوان دەرچوو و بەرهەمی نوێی گۆرانیی بڵاوکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ