ئەژین گەردی ناوێکی نوێیە لە فاشنی کوردی و لە دوبەیەوە براندێک رادەگەیێنێت

12-08-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن ئەژین گەردی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەژین گەردی، دیزاینەرێکی کوردە، ناوێکی نوێ و جیاوازە لە جیهانی فاشندا، لە رێگەی براندە تایبەتەکەیەوە بەناوی "Riviera Reverie"ـەوە، دیدگەیەکی نوێ بۆ جلوبەرگی ژنان پێشکێش دەکات کە ئاوێتەیەکە لە سادەیی و شیکپۆشی.
 
ئەژین گەردی، بە رووداوی راگەیاند، دوبەی کردووەتە بنکەی کارەکانی، بەرهەمەکانی ئاراستەی بازاڕی جیهانی دەکات. بۆ گەیشتن بەم ئاستە، چەندین ماستەر کلاسی لەژێر دەستی دیزاینەرە ناسراوەکانی جیهان بینیوە، لەوانەش ماستەرکلاسێک لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، ئەمەش
وایکردووە بتوانێت دیدێکی هونەریی هاوچەرخ و کوالێتییەکی بەرز بخاتە ناو کارەکانییەوە.
 
براندی "Riviera Reverie" کە بە واتای "خەیاڵی کەناراوەکان" دێت، لە خەونێکەوە لەدایکبووە کە لەسەر کەنارە پڕ لە تیشکی خۆر چنراوە. وەک لە ناسنامەی براندەکەدا هاتووە: "نامەیەکی کراوەیە بۆ شێوازی هاوینەی سادە و شیک. هەر پارچەیەکی بۆ جیهانێک بانگهێشتت دەکات."
 
ئەژین گەردی، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، 3٪ داهاتی بەرهەمەکانی بۆ کاری خێرخوازی تەرخان دەکات و بۆ هەر پارچە جلێک کە دەیفرۆشێت، نەمامێک لە کوردستان دەڕوێنێت.  
 
دیزاینەکان بۆ ئەو خانمانە کراون کە "بە ئاسوودەیی، شکۆ و ئامانجەوە جل دەپۆشن". ئەمەش بە ئاوێتەکردنی نەخشی هونەریی ناوازە لەگەڵ دیزاینی کلاسیک و بەکارهێنانی قوماشی نەرم و هەناسەدەر کە رەنگیان لە سرووشتەوە وەرگیراون.
 
ئەژین گەردی، لەبارەی چیرۆکی دروستکردنی براندەکەی لە ماڵپەڕی تایبەت بە براندەکە نووسیویەتی: "وەک دایکێک، ئەندازیارێک و عاشقی بەردەوامی فاشن، من "Riviera Reverie"ـم دروستکرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی کەسیی خۆم، ئەویش دۆزینەوەی جلوبەرگی هاوینەی جوان و هەناسەدەر بوو کە بۆ گەشتکردن و بۆ شیکپۆشیی رۆژانە گونجاو بێت."
 
ئەو دیزاینەرە کوردە کە خەڵکی باشووری کوردستانە، ئاماژە بەوە دەکات، فاشن بۆ ئەو زمانێکی جیهانییە و دەڵێت: "بەردەوام خەونم ئەوە بووە لە رێگەی نەخش، قوماش، خۆشەویستی و فاشنەوە پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی جیهاندا دروست بکەم، نەک تەنیا وشەکان. کاتێک بە یەک زمان قسە ناکەین، هونەر دەبێتە زمانمان و فاشن دەبێتە پردی پەیوەندی."
 
ئەژین گەردی هەروەها دەڵێت: "ئەم براندە نامەی خۆشەویستیی منە بۆ ژنانی وەک خۆم؛ ئەو ژنانەی دەیانەوێت هەست بە جوانی و ئاسوودەیی بکەن، لەکاتێکدا جلەکانیان بە خۆشی و ئامانجەوە دەپۆشن".
 
بیرۆکەی "Riviera Reverie" لە پشووی هاوینی 2023 و لە کاتی گەشتێکیدا لەگەڵ هاوژین و کوڕەکەیدا لەدایک بوو. ئەو باس لەو ساتەوەختە دەکات و دەڵێت: "لەسەر شەقامی ڤیا کامیرێل لە ئیتاڵیا دەڕۆیشتم و چێژم لە جووڵەی پڕ لە ژیانی شەقامەکە وەردەگرت، کاتێک بیرۆکەیەک بە مێشکمدا هات: چەند ساڵی دیکە رێگە دەدەم خەونەکەم هەر بە خەونی بمێنێتەوە؟ لەو ساتەدا، تێگەیشتم کە دەبێت دەستپێبکەم".
 
پاشخانە ئەکادیمییەکەی ئەژین گەردی لە بواری ئەندازیاریی شارستانیدایە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، ئەم بڕوانامەیە زیاتر لە شارەزاییەکی پێبەخشیوە.
 
یەکێک لە خاڵە هەرە دیارەکانی براندەکە پابەندبوونە بە ژینگە، هەموو پارچەکان بە قوماشی بڕوانامەداری وەک تێکەڵەی کەتانی ئەوروپی و ڤیسکۆسی ژینگەدۆستی دروستکراون. 
 
هەروەها لەگەڵ ئالانبێری، هونەرمەندی ناسراوی ئەرجەنتینی کردووە کە لەگەڵ براندە بەناوبانگە جیهانییەکان کاردەکات، بۆ نمایشکردنی 10  مۆتیڤی کوردی کە هەریەکەیان چیرۆکێکی تایبەت دەگێڕێتەوە.
 
ئەژین گەردی لە رێگەی وۆرکشۆپ و کارەکانی لە دوبەی و شانبەشانی براندە جیهانییەکان، ئامادەیییەکی نێودەوڵەتی بۆ براندەکەی دروست دەکات.

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە