رۆڵی ئەدەب لەسەردەمی جەنگدا

14-02-2015
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئەدەب
A+ A-

جەنگ بە تەنیا زرینگانەوەی وشەیەکی نێو زمان نییە، بەڵکو ئێتمۆسفیر و رەوشێکە کاولکاری، ئاوارەیی، کوشتن و دەردەسەری زۆر لەگەڵ خۆی دێنێ. ئەوەتا ئێمە لە جەنگداین، هەموومان لەژێر رەحمەتی گولـلە و هێرشی تیرۆرداین، تاکە دیمەنێک نییە کە بەتەنیا تراژیدیای ئەم شەڕە بخاتەڕوو، تاوەکو دەستنیشانی بکەین و بڵێین: ئەمە لوتکەی دڕندەیی و کوشتاری ئەم شەڕەیە. لەکام رەهەندەوە سەیری دەکەی خوێنی لێدەچۆڕێ، ئێستا کە ئەمە دەڵێم، ئەو منداڵانەم لە بەرچاون، کە لە ترسی مەرگ و سەربڕینیان لەلایەن گرووپی رادیکاڵی داعشەوە روویان لە چیای شنگال کردبوو و بێ هاوار و بانگ، بێ نان و ئاو، گەڵای دارانیان دەخوارد و هەموو دەروازەکانیان لێ تەنرابوو...  

لەنێو ئەم کایۆس و جەنگەدا، ئەدەب دەبێ چی بڵێت؟ شیعر دەتوانێ چی بکات؟ دەبێ ئەدیبان لە کوێی ئەم رەوشەدابن؟ ئاخۆ ئەدەبیش وەک سەرمایە ترسنۆکە و لەکاتێکدا کە شەڕ روودەدات، خۆی دەکێشێتەوە پەنا و پەسێوان و بێدەنگ دەبێ؟ یان ئەمە مۆرکێکی تایبەتی ئەدەبی ئەم ناوچەیەی ئێمەیە کە ئەدەب ناتوانێ لە هەموو کات و سەردەمێکدا قسەی خۆی هەبێت و بتوانێ گۆشەیەکی بچووک بۆخۆی لەنێو ئەو هەموو نەهامەتییە بکاتەوە؟




د.ئەحمەدی مەلا: ئەدەب لە پێناو ئەوەدایە کە جەنگ روونەدات

"کاتێک جەنگ هەڵدەگیرسێ، ئیدی هیچی دیکە نامێنێتەوە. جەنگ ئەو بنبەستەیە کە زمان لە گۆ دەبات، دیالۆگ لە هەڵدێردایە،  کاتێک جەنگ یەخەمان دەگرێ، کتیبەکان بێدەنگ دەکات، کەس گوێی لە قسە نامێنێ، دەنگ و لوورەی شەڕ و پێکدادان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. جا لەم تەنگژەیەدا ئەدەب و بە تایبەت شیعر چی بۆ دەمێنێتەوە، چۆن دەتوانێت بینووسێتەوە، چۆن دەتوانێت لە گەڵیدا هەڵبکات، چۆن دەتوانێت بە سەریدا زاڵ بێت؟" 

د. ئەحمەدی مەلا، شاعیر و وەرگێڕ ئەمە دەڵێت و وا بیر دەکاتەوە کە: "ئەدەب لە پێناو ئەوەدایە جەنگ روونەدات، بەڵام کاتێک روودەدات کتێبەکان دەسووتێنێ. ئینسانەکان تەنها فریای ئەوە دەکەون یا لە بەرەی جەنگدا بن، یا خۆیان لە ئافاتی جەنگ بپارێزن. بەڵام پێدەچێ جەنگ و ئینسان دوو دەستەخوشک بن و بەبێ یەک هەڵنەکەن! بە تایبەتی لە دەڤەرەکەی ئێمە. هەموو یادەوەرییەکانمان سیخناخن بە کارەساتەکانی جەنگ، جەنگ ئەو ئاژەڵە ئەفسانەییە ناو بەناو لە خەو هەڵدەستێ و هەموو شتێک لووش دەدات، پێش ئەوەی بیسووتێنێ. لەم پەنجا ساڵەی دواییدا، دوو ئێست هەن لە مێژووی کوردستانی باشوور: لە حەفتاوە بۆ حەفتا و چواری سەدەی بیستەم و ئەو ئێستەی کە لە دوای جەنگی دووەمی کەنداو تا ئێستا بەردەوامە. ئەم دوو ئێستە، هەمیشە هیوایان لەلا دروست کردووین و وای لێکردووین سەیری ئایندە بکەین و بڕوامان بە خۆمان بێت. لە هەردوو ئێستەکە دەبینین، زمان و ئەدەبیات و لێکۆڵینەوە گەشە دەستێنن، ئێستی یەکەم سەرهەڵدانی کۆڕی زانیاریی کورد و رۆڵی یەکێتی نووسەرانی کورد و خوێندن بە زمانی کوردی و هتد.
لە ئێستی دووەمیشدا، دەیان دامەزراو و رێکخراوی رۆشنبیری سەریانهەڵدا، چەندین دەزگای چاپەمەنی و بڵاوکردنەوە بڕەویان سەند. سەدان کتێب لە زمانە جیاوازەکانی دونیاوە تەرجەمەی کوردی کران، چەندین نووسەری نوێ، بە گەرموگوڕییەوە قەڵەمیان گرتە دەست، دەیان و سەدان کۆڕ و سمینار بەستران. ئەم گەنجینەیە تەنها لە کاتی ئاشتیدا گەشە دەکات و هێز و پێز وەردەگرێت. بەشێکی ئەو گەنجینەیە ئەدەبیاتە: شیعر، چیرۆک، رۆمان و.. هتد. ئەم کایە ئەدەبیانە لەم دوو دەیەدا گەشەیان کرد. یادەوەرییەکانی جەنگ هەڵبەتە بەشێکن لەو تێمانەی کە ئەدەب بەسەریان دەکاتەوە. لە پێناوی چی لە کاتی ئاشتیدا ئەدەب باسی جەنگەکانمان بۆ دەکات؟ لە پێناوی ئەوەی هزر و تێگەیشتنی ئینسانەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێ، لەپێناوی ئەوەی هۆشیاریمان لەمەڕ کۆستکەوتن و کارەسات و لێقەومانەکان قووڵتر بێت، دواجار لە پێناو ئەوەیە کە جەنگەکان دووبارە نەبنەوە و پەیامێکی ئینسانی قووڵ لە پشت کاری ئەدەبییەوەیە.

ئێستا، لەم ئانوساتەدا شیعر بەرامبەر بە جەنگەکان چی پێدەکرێت؟ رەنگە دەستەوەسان بێت و نەتوانێ هیچ بکات. بەڵام دەتوانێ خۆی بگونجێنێ و زمانی شی بکاتەوە و ئاسانی بکاتەوە بۆ ئەوەی بەرەنگاری جەنگ ببێتەوە و زمانی ئەدەبیاتی بەرگری ئیستیعارە بکات. ئەمە دەکرێ وەکو چۆن لە رابردووی ئێمەدا شیعرگەلێکمان هەبووە و هەیە کە بەو جۆرە هاتوونەتە مەیدان ( شێرکۆ بێکەس کاتێ لە شاخ دەبێ و دواتریش، پەشێو تاوەکو ئێستاش و.. هتد) ئەمجۆرە شیعرەش رەنگبێ پێداویستییەک بێت بۆ ئەوەی شیعریش لەو مەیدانە بەشداریی هەبێت.

بەڵام ئێمە دەبێ، هەموومان، بە رۆشنبیر و جومگەکانی دیکەی کۆمەڵگاوە، بەرەنگاری ئەو شاڵاوە هەمەجیانە ببینەوە کە بەرەوڕوومان دەبنەوە. ئەم هێزە کە لە تاریکستانەکانەوە دێ، لە بەتاڵییەوە نایەت، بەشێکی مێژووی ئەو جوگرافیایە پێکدەهێنێ کە ئەکتەری وا و هێزی وای لە رابردوودا بەرهەمهێناوە. بۆیە دەبێ زۆر بە وردی پێداچوونەوەیەکی شێلگیرانە، جیدییانە بۆ سەرجەم کایە رۆشنبیری و پەروەردەیی و ئاینییەکانمان بکەینەوە و بزانین خەلەل و نوقسانییەکان لە کوێن. بەشێوەیەکی مەنهەجی و مێتۆدی کاری بۆ بکرێت. پەروەردە لەسەر بنەمایەکی نوێ و شارستانیانە هاووڵاتی گۆش بدات، ئاین و سیاسەت لە پەروەردە دووربخرێنەوە. فەزای گشتی و فەزای تایبەت پێناسە بکرێنەوە. لە بواری رۆشنبیریش دەبێ بە چاوێکی رەخنەئامێزانەوە کەلەپووری مێژینەمان بەسەر بکەینەوە. بە چاوێکی پیرۆزەوە سەیریان نەکەین، بەڵکو بیاندوێنین و دیالۆگیان لەگەڵ ساز بکەین. لە کایە ئاینییەکاندا کە جەوهەریترین کایەیە لە رۆژهەڵاتی ئیسلامی، دەبێ ئەویش بدوێنین. ئاین تەنها ئەو کاتە پیرۆزە کە لە خزمەتی ئینسانەکاندا بێت، رەهەندە رۆحانییەکانی ببووژێننەوە و لایەنە تاریکئامێزەکانی وەلاوە خەین. ئاین بکرێتە زمانێکی نوێ بۆ پێکەوەژیان و هەڵکردن لەگەڵ رەگەز و زمان و کەلتوور و زمانی جیاواز. ئاین لە وەعز و ئیرشادەوە ببێتە پەروەردەیەکی مەدەنی، بە مەرجێ سنوورەکانی ئەویش سەرلەنوێ پێناسە بکرێتەوە و لەنێوان فەزای تایبەت و فەزای گشتی شوێنەکەی دیاری بکرێت.

کۆمەڵگەی ئێمە پێویستی بە سەرلەنوێ دروستکردنەوەیە، چونکە رابردوو بە هێزێکی کوێرانەوە ئێستامان داگیر دەکات و سەبارەت بە ئایندە هیچ شتێکی پێ نییە.





د.چۆمان هەردی: وشە دەتوانێ جیهان بگۆڕێ

خاتوونی شاعیر و لێکۆڵەر چۆمان هەردی، بڕوای وایە کە "وشە دەتوانێ جیهان بگۆڕێ". بەڵام دەڵێ: "نەک بەشێوەیەکی خێرا وەک ئەوەی شۆڕش و کودەتاکان دەیکەن، بەڵکو بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەرخۆ، بەشێوەیەکی دروستتر... دەکرێت لە ساتی کارەساتەکاندا لاڵ ببین یان بێدەنگی هەڵبژێرین، چونکە شیعر زۆرجار کاتی دەوێت تا پێدەگات، مەرج نییە هەموو شیعرێک لە ئان و ساتی کارەساتەکاندا بخولقێ، زۆرجار دواتر، درەنگتر، رەهەندێکی تر دەخەنە سەر هەموو رەهەندەکانی دیکەی تێگەیشتن و هەستکردنمان بە کارەسات.





ئەنوەر رەشی عەوڵا: لە جەنگدا هەموو شتێک بێ ئەدەبانە دەبێ

 "ئەو دەمانەی دەنگی گوللـە و تۆپ و نەعرەتەکان دەبیستین، کەس گوێی لە ئەدەب نییە، چون هەموو شتێک بێ ئەدەبانە دەبێت". ئەو ئەمە دەڵێت و قووڵتر بە پەیوەندی و جیاوازییەکانی نێوان ئەدەب و شەڕدا رۆدەچێت و دەڵێ: "جەنگ رووداوێکە لە دەرەوە، ئەدەب رووداوێکە لە ناوەوە. ئەدەب نۆمینە، جەنگ فینۆمینە. هیچیان بە کەڵکی یەکتری نایەن. چونکە هەریەک سنوورێک بە شایستەی جەوهەری خۆی دەزانێ ، جەنگ بە پەلە و کتوپڕ تراژیدیاکان بە خوێن تۆمار دەکات و ئەوەی بکەوێتە دەرەوەی ئەو جوغزەوە بە سووک لێی دەڕوانێ و فەرامۆشی دەکات، ئەدەب جەنگێکی باڵنەخشینە و لە گۆڕەپانی میتافۆرەکاندا، ئەوەی فەرامۆش کراوە بە سەنگینییەوە لێی نەوی دەبێ و هەڵدەگرێتەوە. جەنگ ئەندێشەکان سەرف دەکات، ئەدەب بە ئەندێشەکردنەکاندا رۆدەچێ.

جەنگ هەستی تاوان و ئەدەب هەستی لێپرسراوێتی لە مرۆڤەکاندا چێدەکات. وەک چۆن بواری پزیشکی هەر دەتوانێ بە فریای قوربانیەکان بکەوێت، ئەگینا هیچ رۆڵێکی راستەوخۆی نییە لە یەکلاکردنەوەی پێکدادانەکان، دەتوانین ئەدەبیش هەروا چاو لێبکەین، دەنا ئەدەب سەروسەوداکانی جەنگی پێ ساغ ناکرێتەوە. ئەو دەمانەی دەنگی گوللـە و تۆپ و نەعرەتەکان دەبیستین، کەس گوێی لە ئەدەب نییە، چون هەموو شتێک بێ ئەدەبانە دەبێت، بەڵام دوای مەرگەساتەکان ئەدەب دانە بە دانەی ئەوەی نەبینراوە، زمانی بڕدراوی دەنێتەوە نێو دەمی و ئەوەی باڵی نەماوە، باڵی پێدەبەخشێتەوە. ئەدەب چی بکات، منیش لەگەڵ تۆدا دەڵێم ئەدەب دەتوانێ چی بکات؟ هێندە نەبێت، بە ئێمەی مرۆڤ بڵێتەوە: بڕوانە خۆت، چەند کرمەڕێزیت، تەنها شتێک مابێت تۆ بە مرۆڤ بهێڵێتەوە، وەسوەسەکانی دوای جەنگە نەگریسەکانتن، تەنها جەنگێک هەبێت، بتوانی پێوەی بنازیت و بەدویژدانی و بەدرەفتاری و بەدخوییەکانت وەشارێ و بەهانە بێت بۆ لەخۆبووریت، ئەدەبەکەتە!




داستان بارزان: ئەوەی ئەدەب و هونەر دەیکەن هەوڵێکە بۆ زیندوو هێشتنەوەی کارەساتەکان

شەڕ داستان بارزان، شاعیری گەنجی بردووەتەوە نێوخۆی و نیگەرانە لەوەی مرۆڤ هێندە دڕندەیە بەرامبەر بەخۆی، بەرامبەر هاوڕەگەز و ئافرێنراوی خۆی، ئەو دەڵێت: لەم دۆخەدا کە رۆژانە لە یەک دەمدا بەر چەندین هەواڵ و رووداوی ناسروشتی و نامرۆڤانە دەکەوین، وەک مرۆڤ هیچمان لە دەست نایەت جگە لە حەپەسان لە بەردەم رووداوەکان و گومانکردن لە مرۆڤبوونی خۆمان. لای من ئەم رووداوانەی ئەم دواییە بوونە هۆی ئەوەی زیاتر هەست بە ناشرینی مرۆڤ بکەم بەرامبەر بە مرۆڤ، وایکرد بەخۆمدا رۆبچم و دڵگران بم کە دەبینم مرۆڤ بەو جۆرە دڕندەیە بەرامبەر بە خۆی، پرسیارم کرد بۆچی مرۆڤ ناتوانێ دەستبەرداری ئەو رۆحە شەڕانی و ترسناکەی خۆی ببێت؟ ئەو لەشکرەی بەناوی (داعش) خۆی بەیانکردووە، دەمگەڕێنێتەوە بیری سەدە زۆر تاریکەکان، دەمخاتە بیری ئەوەی ئەمانە چییان لە ژیان دەوێت؟ ئەوە چییە وادەکات بەو جۆرە ژیانی ئەو خەڵکە وێران بکەن؟ مرۆڤەکانی شەنگال هەر یەکێکیان برینێکن و دەبێت لێگەڕێین بێنە ناومانەوە و لەسەر رۆحمان ریز ببەستن، تاکو لە ساتێکدا دادەگیرسێن و دەبنە تێکست، یان رەنگیشە وەک برین بۆ هەمیشە لە بوونماندا بمێننەوە.

ئەوەی ئەم ماوەیە بۆ دۆخێکی لەو جۆرە دەکرێ لە بابەتی ئەدەبی و هونەری، زۆرینەیان لە هەڵچوون و گوزارشتی سادە تێپەڕناکەن، بۆیە لای من برینی لەم جۆرە پێویستی بە تێپەڕبوونی کات هەیە بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی باڵای خۆی و جارێکیتر لە فۆرمێکی هونەریدا خۆی بەیان بکاتەوە، بەڵام دوای چی؟ کە هەرچی ئەدەب و هونەری دونیا هەیە ناتوانێت رێگربێت لەبەردەم رژانی فرمێسکی دایکێکدا؟! بەداخەوە نەخێر، ئەوەی ئەدەب و هونەر دەیکەن هەوڵێکە بۆ زیندوو هێشتنەوەی کارەساتەکان، بەڵام خۆزگە ئەدەبی کوردی هەرگیز دەقگەلێکی داهێنەرانەی وەکو (دەربەندی پەپولە و گۆڕستانی چراکان و لاوکی هەڵەبجەی)ی نەبووایە و لە بەرامبەردا کارەساتەکانی (ئەنفال و هەڵەبجە)ش روویان نەدایە، بە کورتی دەمەوێت بڵێم: لە زۆر جێگەدا ئەدەب و هونەر بە هانای برینەکانی مرۆڤەوە نایەن، بەڵکو هۆیەکن بۆ کەمێک هێورکردنەوەی برین، دەرمانێکن وادەکەن کەمێک زیاتر بەرگەی ناشیرینییەکانی ژیان بگرین و خۆڕاگرتربین لە بەرامبەر نەفرەتی دونیادا.




ناسر حسامی، شاعیر و وەرگێڕی رۆژهەڵاتی کوردستان هێمنتر و پشوودرێژتر دەڕوانێتە کاریگەری و رۆڵی ئەدەب و دەڵێ:

"کاردانەوەی ئەدەب، دەستبەجێ و راستەوخۆ نییە. زۆربەی هەرەزۆری جارەکان هەر ئاوایە کە ئەدەب لە درێژماوەدا تەئسیر وەردەگرێ و کاردانەوە دەنوێنێ. لە ئەدەبی کوردیدا نموونەی ئەدەبی بەرگری زۆرە، لەم هەلومەرجەشدا بێگومان هەر وا دەبێ، بەڵام ماوەیەک پێدەچێ تا ئەدەب کاردانەوە نیشان بدا.




دلاوەر رەحیمی، شاعیر لە دەلاقەیەکی دیکەوە دەڕوانێت، ئەو دەڵێت:

"لەوەتەی رۆژنامەگەری رۆڵی راستەقینەی خۆی دۆزیوەتەوە، ئیدی ئەدەب و هونەر باری سەرشانی سووکتر بووە، لەوەی هەر خەریکی تۆمارکردنی کارەسات و رووداوەکان بێت. کاتێ ئەدەب و هونەر دەخرێتە ئەو شوێنەی پێ بەپێی رووداو و کارەساتەکان قسەی خۆی بکات، یانی زوو ئەرکەکەت جێبەجێ بکە و لێی پاڵ دەرەوە و زوو لەبیری خۆتی ببەوە. یەک چاوپێداخشاندن بە مێژووی زۆر نزیکی ئەدەبی کوردی، پێماندەڵێ، ئەدەبی ئێمە لە بری ئەوەی ئەو زەخمە قوڵ و دەردە کوشندانە دەروونی بکاتەوە، زوو بە زوو بە وردە ئیحساسی کاتی دەریدەبڕێ. لە ماوەی ئەم حەوت هەشت مانگەدا، هەموو ئەوەی بە ناوی ستاتیکا و شیعر و هونەرەوە نووسراوە و گوتراوە، هێندەی یەک راپۆرتی رۆژنامەوانی گرنگ نەبوون، جگە لە ئەدەبی بۆنە و خستنەڕووی کۆمەڵێک وردە ئیحساسی بێ مانا هیچی تر نەبوو. هەر زۆر سادە بڵێم ناکرێ لەبری ئەوەی تووشی حەپەسان بیت، زۆر بە ئاسانی دەستت قەڵەم بگرێ.

نا کاکە ئەگەر قەرارە قسە لەسەر ئەدەب بێت، ئەوە هەمیشە ئەدەبە لەو کاتانەدا زمانی بزر دەکات و وەک دایکی جەرگ سووتاو زمانی لە گۆ دەکەوێ و زەخمەکە لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێ و شوناسی خۆی دەپارێزێ. بە پێچەوانەی ئێوەوە پێموایە کێشەی گەورەی ئەدیبی کورد، ئەوەیە وەک ئەرک مامەڵەی لەگەڵ رووداو و کارەساتەکان کردووە و دەستی داوەتە قەڵەم و بۆ خۆی هەر خەریکی بالۆرەگوتن بووە، ئەو یەکەمین دەق لەسەر هەڵەبجە و یەکەمین شیعر لەسەر ئەنفال و یەکەمین چیرۆکی ...هتد هەر پێوەندی بەم کوێرەوەرییەوە هەیە. ئەمەش لادانە لە شوناسی ئەدەب و خۆشۆڕکردنەوەیە بە شوناسی رۆژنامەگەریدا کە ئیدی دەبێ ئەوە کۆتایی بێت. تۆ سەیرکە فڵانە گەورە شاعیر! لە دوای راپەڕینەوە جگە لە کاتی برین و کارەساتەکان، هیچ دەقێکی داهێنەرانەی نەنووسیوە، بەڵام بۆ شەڕی ناوخۆ و بۆ شەنگال و بۆ .. مانیڤێست دەردەکات، هەر بۆ ئەوەی بڵێ منیش لەگەڵ کۆستەکاندام. بە کورتی، بارکردنی ئەدەب بەم بەرپرسیارێتیانە، نەریتی ئەدەبی بەرگرییە، ئەدەبی بەرگریی کوردیش لەبری تۆخکردنەوەی شوناسی کوردی، شوناسی ئەدبیانەی خۆشی بزر و وێڵ کردووە، بۆیەشە ئێمەی کورد، خاوەنی بێ شوناسترین و بێ زمانترین ئەدەبی بەرگریین.

خاڵێکی تریش کە بەکورتی ئاماژەی پێدەدەم، ئەوەیە کە لەبەرئەوەی ئێمە لە نێو کارەساتەکانی جەنگدا ژیاوین، نەک لە نێو جەنگدا، ئەدیبی کورد هێندەی لەنێو بەرهەمهێنانی دەقی ئەدەبی بەرگریدا بووە (هەڵبەت بە مۆرکی کوردی)، نەیتوانیوە بە یەک دوو دەقیش خۆی بخزێنێتە نێو ئەو ئەدەبیاتەی بە ئەدەبیاتی جەنگ ناسراوە. هەڵبەت مەبەستم لە جەنگ و کارەساتەکانی پێشترە نەوەک ئەم کارەسات و جەنگەی ئێستە دەستوپەنجەی لەگەڵ نەرم دەکەین، بۆیە هیوادارم نەوەی نوێی ئەدیبانی کورد، ئیدی لەگەڵ ئەم کارەسات و جەنگەدا، وەک ئەدیبانی پێشتر مامەڵە لەگەڵ جەنگ و کارەساتەکاندا نەکەن. پێموایە دەبووایە قۆناغەکانی زمانی کوردی و رۆشنبیری کوردی لەگەڵ کارەساتەکاندا پۆلێن بکرایە، یانی هەر کارەساتێک کە بەسەر کورددا هاتووە، ئەدەب و زمان و رۆشنبیریی کوردی بکەوتایە قۆناغێکی تازەترەوە کە بە داخەوە وانەبووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە