رووداو دیجیتاڵ
کاتێک ناوی ڤیکتۆر هیوگۆ، نووسەر و رۆماننووسی فەرەنسی دێت، خوێنەر بیری بۆ بەرهەمە ئەدەبییەکانی دەچێت، بەتایبەتیش ھەردوو رۆمانی "بێنەوایان" و "قەمبووری نۆتردام"، بەڵام ئەو ئەزموونی لە وێنەکێشانیشدا ھەبووە.
بڕیارە لە 29ـی حوزەیرانی 2025، پێشانگەیەکی تایبەت بە هیوگۆ بەناونیشانی "شتە سەرسوڕھێنەرەکان: نیگارەکانی ڤیکتۆر هیوگۆ" لە ئەکادیمیای شاھانەی ھونەر لە لەندەنی بەریتانیا بکرێتەوە.
پێشانگەکە 70 بەرهەمی دەگمەنی هیوگۆ لەخۆدەگرێت، کە بریتین لەو وێنانەی بە خێرایی کێشراون و ئەزموونی ئەبستراکتی ناروونن.
ڤیکتۆر هیوگۆ (1802-1885) لە سەردەمێکدا لەدایکبووە کە فەرەنسا لە نێوان شۆڕشەکان و ستەمکاریدا دەژیا، لە دوای مانەوەی لە دوورگەی گێرنزی سەر بە دەسەڵاتی ئینگڵتەڕا، گرنگترین ئەزموونی لە ھونەری وێنەکێشاندا تۆمار کردووە، بەشێکیان گوزارشتن لە ناڕەزاییەکانی دژ بە بڕیاری لەسێدارەدانی.
ئەوەی وێنەکانی هیوگۆ لێک جیا دەکاتەوە، فرەچەشنییەکەیەتی لە رووی شێوە و تەکنیکەوە، بەشێکیان شێوە و ھێڵکێشانی ناروونیان ھەبووە و هیوگۆ بە خاڵە رەنگینەکان ناویانی بردووە. لە بەشێک لە تابلۆکانی دیکەیدا جیھانێکی سووریالی نغرۆی خەیاڵ کردووە.
لە یەکێک لە تابلۆکانیدا، رووەکێکی قەبارە گەورە دەبیندرێت و لە شێوەی مرۆڤە. لە تابلۆی "پارکی چۆڵکراو"ـدا، کە قەبارەکەی 4.4 سانتیمەترە، دارستانێکی تاریک و ترسناک دەخاتەڕوو کە دەڕوانێتە دەریاچەیەکی بچووک.
پێشانگەکە کۆمەڵێک پرسیاری قووڵ لەبارەی سرووشتی ناوازەی تابلۆکانی ڤیکتۆر هیوگۆ دەورووژێنێت، پێشتر ڤان گۆخ، شێوەکاری ناسراوی ھۆڵەندی، کارەکانی هیوگۆی بە سەرسووڕھێنەر ناساندووە، ئەمڕۆش بە بڕوای بەشێک لە رەخنەگران، بەشێک لە بەرهەمە ئەبستراکتەکانی فرانسیس بەیکن، فەیلەسووف و وێنەکێشی ئینگلیزی لە سەدەی بیستەمدا تێپەڕاندووە.
هیوگۆ لە تابلۆکانیدا خۆشەویستی خۆی بۆ ھونەری تەلارسازی خستووەتەڕوو و بوونەوەرە خەیاڵی و ئەفسانییەکان لە نێو کارە ھونەرییەکانیدا بەدی دەکرێن.
.jpg)
.jpg)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ