ئەمڕۆ ئاینور دۆغان لە ئەمریکا خەڵات دەکرێت

16-03-2017
هیوا سەڵاح
نیشانەکردن ئاینور دۆغان
A+ A-

رووداو- هەولێر

ئاینور دۆغان، کچە هونەرمەندی باکووری کوردستان، بڕیارە ئەمڕۆ لە ئەمریکا خەڵاتی ماستەری میوزیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرێت.


ئاینور دۆغان لەلایەن کۆلێژی بێرکلی خەڵات دەکرێت، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆلێژی میوزیکی هاوچەرخ لە جیهاندا، کە لە ساڵی 2014وە، ئەم خەڵاتە بەسەر باشترین کاری میوزیکی و گۆرانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەشدەکات.

ئاینور لە دێرسیمی باکووری کوردستان لەدایکبووە، بەشێکی زۆر لە کارە هونەرییەکانی هەڵقوڵاوی فۆلکلۆری ئەو ناوچەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی بەئامێرە رۆژئاواییەکان و ستایلی نوێی میوزیکی کوردی تێکەڵکێش بکات و بەشێوازێکی تازە پێشكەشی بکاتەوە.

خافێیر لیمۆن، بەڕێوەبەری پەیمانگەی میوزیکی  دەریای سپی ناوەڕاست، لە کۆلیژی بێرکلی، ئاینور دۆغان بە نموونەی لێهاتووی هونەرمەندی ئافرەتی جیهان دەناسێنێت." ئاینور دۆغان بەهرەیەکی زۆر  جوانی هەیە، ئەو توانیویەتی بەسەر هەموو کۆسپ وتەگەرەکانی بەردەم ژیانیدا زاڵ بێت، بۆیە پێیمانوایە ئەو نموونەیەکی بەرزی هونەرمەندی ئافرەتە لە جیهاندا".

ئاینور دۆغان، لە ساڵی 1975 لە ناوچەی چەمی شگەزەكی سەر بە دێرسم لەدایكبووە، لە ئیستەنبوڵ میوزیكی خوێندووە، جگە لە گۆرانیگوتن بەشداری چەند كارێكی سینەمایی و تەلەفزیۆنیی كردووە. لەنێوخۆ و دەرەوەی توركیا بەزمانی كوردی و توركی كۆنسێرتی كردووە.

لە ساڵی 2004 یەکەمین ئەلبوومی گۆرانی بەناوی (كەچا كوردان) لەلایەن دەزگای كاڵان میوزیكەوە بڵاوكرایەوە، كە لە میدیای توركی و نێودەوڵەتیدا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو. هەروەها ئەم ئەلبوومە چووە سەر گۆڤاری فۆڵك رۆتز (Roots) كە لە بەریتانیا بڵاودەبێتەوە.

 لە ساڵی 2005 ئەلبوومی دووەمی  بەناوی (نووپەل) بڵاوکردەوە، لەساڵی 2010دا ئەلبوومێكی دیكەی بەناوی (رەوەند) بڵاوكردەوە. دواین ئەلبوومی گۆرانی بەناوی (هەڤڕا) لەلایەن دەزگای سۆنی میوزیك كلاسیك بەرهەمهێنرا و بڵاوكرایەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە