رووداو دیجیتاڵ
ئاینور دۆغان، هونەرمەندی ناسراوی کورد، دوو کۆنسێرت بۆ هەوادارانی لە ئەڵمانیا سازدەکات و گوڵبژێرێک لە بەرهەمەکانی پێشکێش دەکات.
ئاینور دۆغان، لە هەژمارەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، لە 1ـی ئابی 2025، بۆ یەکەمجار کۆنسێرتێک لە شاری ورزبورگی ئەڵمانیا سازدەکات، لە 2ـی هەمان مانگ، کۆنسێرتێک لە شاری لوبێک لەو وڵاتە سازدەکات.
ئاینور دۆغان، لە 1975 لە دێرسمی باکووری کوردستان لەدایکبووە، لە 1992 لەگەڵ ماڵباتەکەی چوونەتە ئیستەنبووڵ، جگە لە گۆرانیگوتن، ئاوازدانەر و تێکستنووسی گۆرانییە، لە 2021 لەلایەن پێشانگەی نێودەوڵەتیی میوزیکی جیهانی، وەک هونەرمەندی ساڵ هەڵبژێردرا و خەڵاتکرا.
ئەو هونەرمەندە کورد؛ خاوەنی حەوت ئەلبوومی گۆرانییە، یەکەم ئەلبوومی لە 2002 بڵاوکردوەوە، لە 2004 ئەلبوومێکی بەناوی "کەچا کوردا" بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆێدا هێنا و هۆکاری بەناوبانگبوونی بوو، بەڵام لە 2005 تراکی گۆرانیی "کەچا کوردا" لە ئەلبوومەکەدا، لە تورکیا قەدەخەکرا.
ئاینور دۆغان، لە 2024 بەرهەمی "بیرئانین"ـی بڵاوکردەوە کە تۆڕی میدیایی رووداو کاری ڤیدیۆکلیپەکەی لە ئەستۆ گرت، لە سنووری چۆمان و رواندزی باشووری کوردستان وێنەگیرا، سامان عەدنان دەرهێنەریەتی.
کلیک بکە بۆ بینی ڤیدیۆکلیپی "بیرئانین"
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ