كچێكی كورد خۆشترین دەنگی ئۆپێرای هەیە

18-09-2015
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن پەروین چاکار
A+ A-

عومەر فاروق باران
رووداو- ئامەد

پەروین چاكار كە چەندینجار لە بواری هونەری ئۆپێرادا خەڵاتی "باشترین دەنگی ئافرەت"ی پێ بەخشراوە، دەڵێت ئەو سیدییەی هۆكاری هەڵبژاردنی ئەم پیشەیەی بووە، بەهۆی نەبوونی ئامێری سیدی پلەیەرەوە، دوای چوار ساڵ ئینجا گوێی لێگرتووە. 


چاكار دەیەوێت رەنگێكی نوێ بەبەر میوزیكی كوردیدا بكات "دەمەوێت میوزیكی كلاسیك و میوزیكی كوردی تێكەڵ بكەم". پەروین لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) داوا دەكات ئەگەر مرد بە دەنگی ئەو دەنگبێژانەوە بیبەن بۆ گۆڕستان كە باپیرەی گوێی لێدەگرتن.

رووداو: هەموو كەسێك خاوەنی چیرۆكێكی دەستپێكردنە، چیرۆكی دەستپێكردنی ئۆپێرای ئێوە چۆن بوو؟

پەروین چاكار: هەموو شتێك لە تەمەنی 14 ساڵیمدا دەستی پێكرد، كاتێك لە شارۆچكەی بیسمیلی ئامەد بەشداریم لە كێبڕكێیەكی دەنگخۆشیدا كرد. 

لەسەر پێشنیازی مامۆستای میوزیك، چوومە ئامادەیی هونەرە جوانەكانی ئامەد، لەوێ‌ ئاشنای میوزیكی كلاسیك بووم. جگە لە میوزیك سەرقاڵی نووسینی شیعر بووم. بەشداریم لە كێبڕكێیەكی شیعردا كرد و پلەیەكی باشم بەدەستهێنا، بۆ خەڵاتەكەی چووینە ئەنقەرە. 

لەوێ‌ داوایان لێكردم گۆرانی بڵێم. بەرپرسێك كە گوێی لە دەنگم بوو، لێی پرسیم ئایا گوێم لە دەنگی ماریا كالاسی بووە؟ سیدی كەسێكی بە دیاری پێدام كە پێشتر هەرگیز گوێم لێ نەبووبوو. لەبەر ئەوەی كە سیدی پلەیەرم نەبوو دوای چوار ساڵ توانیم گوێ لەو سیدییە بگرم.

لە ئەنقەرە لە ساڵانی زانكۆمدا چانسی ئەوەم هەبوو بچم بۆ تەماشاكردنی ئۆپێرا. دەنگی هونەرمەندی ئۆپێرا و كەشوهەوای ئەفسوناوی نێو هۆڵەكان زۆر كاریان تێكردم.

رووداو: ئەم جۆرە میوزیكە ئەداكردنەكەی زۆر زەحمەتە و نوخبەیەك گوێی لێدەگرن، بۆ تۆ قورس نەبوو ئەو هونەرەت هەڵبژارد؟

پەروین چاكار: ئۆپێرا زیاد لە پێویست هەوڵ و كۆشش و ئارامگرتنی دەوێت. پەروەردەی ئۆپێرا هێندەی ناڕەحەتییەكەی لەڕووی ئابووریشەوە قورسایی بۆ هونەرمەند دروست دەكات.

بەهۆی ئەوەی كە لە كوردستاندا تواناكان سنووردارن و لە هەندێك رووەوە هەر نین. هاوكات نەبوونی پەروەردەی دەنگی میوزیك، پاڵ بە هونەرمەندانەوە دەنێن بچنە دەرەوە بۆ فێربوونی ئۆپێرا. 

رووداو: شارەزایانی میوزیك دەڵێن میوزیكی كوردی هەمەجۆر و رەنگاوڕەنگە، دەكرێت ئۆپێراش ببێتە بەشێك لەو رەنگاوڕەنگییە؟


پەروین چاكار: بەبڕوای من میوزیكی كوردی هەنگاوی زۆری ناوە. هەرچەندە هەندێك لە میوزیكژەنەكان پێیانوایە كە میوزیكی كوردی لە ژێر كارگەری جیهانگیریدا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەڵام من پێموایە میوزیكی كوردی رێچكەیەكی تازەی گرتووەبەر. دەكرێت ئۆپێراش ببێتە بەشێك لەم رەنگاوڕەنگییە. 

رووداو: لە ئۆپێراشدا هاوشێوەی دەنگبێژ باس لە چیرۆكێك دەكرێت، بەسەربردنی تەمەنێك لەگەڵ دەنگی دەنگبێژەكاندا هیچ كاریگەری لەسەر هونەرەكەت نەبووە؟ 

پەروین چاكار: من پشووی هاوینم لە شارۆچكەی دەریكی سەر بە مێردین لەگەڵ باپیرم بەسەر دەبرد. لەگەڵ باپیرم لەیەك ژووردا دەخەوتین، باپیرم دوای نوێژی بەیانی رادیۆكەی دەكردەوە و گوێی لە دەنگبێژان دەگرت. بەردەوام دەنگی دەنگبێژان لە گوێمدا دەزرینگایەوە. لە سایەی باپیرمەوە ئاشنا بووم بە دەنگی هەموو دەنگبێژەكان. 

لەم ساڵانەی دواییدا كە هۆگریم بۆ میوزیكی كوردی زیادی كرد، هاوشێوەییەكم لە نێوان دەنگبێژی و ئۆپێرادا بەدیكرد. ئەمەش بووە ئیلهام بۆ پڕۆژەی جیاواز. بوونی چیرۆكێك لە هەردوولا، شێوازی خوێندنەوە و دەربڕینی وتەكان لە چوارچێوەی تەكنیكێكدا لە بەرزترین و نزمترین ئاستی دەنگدا، سەرنجی راكێشام. 

رووداو: چەند جارێك وەك باشترین دەنگی ئۆپێرا هەڵبژێردراون، بەڵام زۆر كورد تۆ ناناسن، بۆچی؟

پەروین چاكار: من لە فەرەنسا و ئیتاڵیا و ئیستانبوڵ و ئەنقەرە خەڵاتی باشترین دەنگی ئافرەتم وەرگرتووە. رەنگە بەهۆی ئەوەی خەڵاتەكانم لە دەرەوە وەرگرتووە، خەڵكی كورد ئاگاداری كارەكانم نەبووبن. 

جگە لەوەش من سەرقاڵی هونەرێكم كە لە ئەدەبیاتی كورددا نییە و زۆر دوورە لە گەلەكەم. بەڵام ئێستا بۆ نزیكبوونەوە لەو خەڵكە، ئاوازی كوردی بەبێ‌ تێكدان، لەسەر ئۆپێرا پراكتیزە دەكەم و دەیڵێمەوە. دەمەوێت رەنگێكی نوێ بەبەر میوزیكی كوردیدا بكەم. ئەویش بە تێكەڵكردنی میوزیكی كوردی و كلاسیك.

رووداو: بەم دواییە زۆر باسی كوردبوونی خۆت دەكەی و توركەكانت تووڕە كردووە، لەولاش لە نێو كورد پشتگیری لە هونەرەكەت ناكرێ‌، ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

پەروین چاكار: مرۆڤ بە ناسنامەكەیەوە مرۆڤە. ویستم ئەم سەركەوتنانەی بە دەستمهێناون بیانكەم بە موڵكی ناسنامەكەم، چونكە ئەو خاكەی لێوەی هاتووم شایەنی لەمە زیاترە. 

ئەگەر سەرەتا بەرامبەر ئەو پەراوێزخستنە بێ‌ تاقەت بووبم، ئێستا ئارامتر و لەسەرخۆتر سەیری بابەتەكە دەكەم. چونكە لە گۆشەنیگای منەوە دەرخستنی ناسنامەكەت بابەتێكی ویژدانییە. ئەوانەی ناسنامەی منیان قبووڵ نییە، رۆژێك دێت تێدەگەن و رێزم لێدەگرن.

من كەسێكی ئاكتیڤ نیم لەنێو سیاسەت، بەڵام پێویستە هونەرمەند رووبەڕووی ناحەقییەكان ببێتەوە. رووداوەكانی ئەم دواییەی وڵاتەكەم زۆر خەمباریان كردم، بەڵام رۆژێك دێت گەلەكەم كە داوای ئاشتی و ئازادی دەكات، بە مافی رەوای خۆی بگات.

رووداو: ئەگەر رۆژێكی لە كوردستان خەڵاتی ئۆپێرای پەروین چاكار ببەخشرێت، ئێوەش وەك هونەرمەندێكی بە تەمەنی ئۆپێرا گوتەیەك پێشكەش بكەن، ئارەزوو دەكەن بە چ رستەیەك كۆتایی پێ‌ بهێنن؟

پەروین چاكار: مەحاڵە لە رۆژێكی وەهادا كە خەونی هەموو هونەرمەندێكە، هیچ كەسێك بتوانێت هەموو هەستەكانی بە وشە دەرببڕێت. بەڵام ئەگەر ئەمە روویدا دەڵێم كە مردم بە دەنگی دەنگبێژان بەرەو گۆڕستان بەڕێمكەن.


پەروین چاكار كێیە؟

ساڵی 1981 لەشاری مێردینی باكووری كوردستان لەدایك بووە. ساڵی 1995 لە ئامادەیی هونەرە جوانەكانی ئەنادۆڵ لەئامەد وەرگیراوە. دوای تەواوكردنی ئامادەیی لە زانكۆی گازی - بەشی پەروەردەی میوزیك وەرگیراوە. 

لە ساڵی 2003دا بڕوانامەی خوێندنی باڵای لە ئاوازی ئۆپێرادا وەرگرت. لە ساڵی 2008 لە ئیتاڵیا بڕوانامەی پەیمانگای میوزیكی حكومی Perugia F. Morlacchi بە پلەی زۆرباش وەرگرتووە. هەر لەوێش ماستەری خوێندووە و پەیمانگای بە بەرزترین پلە تەواوكرد. 

ساڵی 2011 لە بیست و هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی Maria Caniglia بۆ ئۆپێرا كە لە ئیتاڵیا ساز كرا، پلەی یەكەمی هێنا و خەڵاتی "باشترین دەنگی ئافرەت"ی لەلایەن رێكخراوی New York Lotte Lehmannەوە پێ بەخشرا. 

لە 2012 دا لەلایەن ئەكادیمیای Paris Accademie Disque du Lyrique دیسان خەڵاتی باشترین دەنگی ئافرەتی پێ بەخشرا. بۆ جاری سێیەم خەڵاتی باشترین دەنگی ئافرەتی لەلایەن رێكخراوی ئۆپێرای سەمیهە بەركەسۆی پێدرا. 

هەروەها لە 2013 دا خەڵاتی "باشترین هونەرمەندی ئافرەتی ئۆپێرا"ی لەلایەن چوارمین خەڵاتی میوزیكی كلاسیكی Andante 4. Donizettiی پێ بەخشرا.








کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە