گەشتی هونەریی پاییزەی پەروین چاکار ئامەد و وان دەگرێتەوە

20-07-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن پەروین چاکار
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەروین چاکار، هونەرمەند و سۆپرانۆی کورد، لە چوارچێوەی گەشتە هونەرییەکەیدا، دوو کۆنسێرت لە ئامەد و وانی باکووری کوردستان ساز دەکات و چەند بەرهەمێکی ئۆپیرایی پێشکێش دەکات. 
 
کۆنسێرتی ئامەد لە 17ـی تشرینی یەکەمی 2025 و کۆنسێرتی وان لە 19ـی هەمان مانگ سازدەکرێن.
 
لە کۆنسێرتەکاندا، هونەرمەند ئاوازە رەسەنەکانی کوردی و میوزیکی کلاسیکی رۆژئاوایی ئاوێتە دەکات و ئەزموونێکی میوزیکی نوێ پێشکێش دەکات. 
 
لە کۆنسێرتەکەدا ژەنیار ئەرتان تەکین یاوەریی پەروین چاکار دەکات و ئامیری دودوک دەژەنێت.
 
دوو کۆنسێرتەکە بەشێکن لە زنجیرە کۆنسێرتەکانی هونەرمەند لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لە پاییزی 2025. گەشتەکە لە 10ـی تشرینی یەکەم لە نەرویج دەستپێدەکات، دوای کۆنسێرتەکانی ئامەد و وان لە باکووری کوردستان، لە 14ـی تشرینی دووەم لە میونشن و لە 12ـی کانوونی یەکەم لە فرانکفۆرت لە ئەڵمانیا، دیداری لەگەڵ هەوادارانیدا هەیە.
 
پەروین چاکار لە 1981 لە ماردینی باکوور کوردستان لەدایکبووە، لە 2006 لە ئیتاڵیا خوێندنی ئۆپێرای دەستپێکردووە، ماستەری لە "کۆنزێرڤاتۆری پێرووجیا مۆرلاچی" بەدەستهێناوە.
 
لە 25ـی ئابی 2022 کۆنسێرتێکی لە قەڵای هەولێر پێشکێشکرد کە لە چوارچێوەی زنجیرە کۆنسێرتەکانی ماڵی میوزیکیی زەهاوی بوو.
 
لە یەکەمین فێستیڤاڵی سلێمانی میوزیکی گەلان، پەروین چاکار کۆنسێرتێکی ئۆپێرایی لە 8ـی ئەیلوولی 2023 لە شانۆی رۆمانیی سلێمانی پێشکێشکرد.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە