پەیوەند جاف، ناوێكی دیاری نێو هونەری كوردییە، ئەو زیاتر بەوە ناسراوە كە گۆرانیی ناوچەی هەورامان بە ستایلی رۆژئاوایی پێشكەش دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تام و چێژی كوردانەی ون ناكات، ماوەی زیاتر لە ساڵێكە سەرقاڵی ئامادەكردنی ئەلبوومێكی گۆرانییە. پەیوەند جاف لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسی وردەكاریی ئەلبوومە نوێیەكەی دەكات.
رووداو: ئەلبوومە نوێیەكەت لە چەند تراك پێكهاتووە، ماوەی چەندە خەریكی و بە چ ستایلێك گوتراون؟
پەیوەند جاف: ئەلبوومەكە لە 11 تراك پێكهاتووە. زیاتر لە ساڵێكە سەرقاڵی ئامادەكارییەكانی ئەو ئەلبوومەم، بێگومان هەندێ گۆرانی پەیوەندی راستەوخۆی بەهونەرمەندەكەوە هەیە، هەندێ لە گۆرانییەكان بوونەتە بەشێك لە من. ئەوەندە تامەزرۆی گۆرانییەكە بووم هەموو كەس هەستی پێدەكات. لەم ئەلبوومەدا هەوڵم داوە ئیشەكان جۆراوجۆر بن، پێشتر ئەگەر تەنیا مەقامم گوتبا دەیانگوت خۆزگە گۆرانی و ستایلی دیكەی تێدابووایە، ئەمجارە هەموو جۆرە ستایل و شێوازەكانم كۆكردووەتەوە، چونكە ئیشەكانی من بۆ خەڵكە و دەبێت بە خواستی هەوادارانیشم بێت.
رووداو: كەی بڵاودەكرێتەوە؟
پەیوەند جاف: هەموو كارەكانی تەواو بووە و ئێستا لەژێر چاپدایە، لە ماوەیەكی نزیكدا لە كوردستان و هەموو جیهان بڵاودەبێتەوە، بەر لەبڵاوبوونەوەش لە كوردستان و دەرەوەی كوردستان ریكلامی بۆ دەكەین و بێگومان خۆشم دەگەڕێمەوە كوردستان و لە (رووداو)یش باسی ئەلبوومەكەم دەكەم، هەڵبەتە دەمەوێت لە رێگەی ئێوەوە سوپاسی ئەو هونەرمەندانە بكەم كە شەونخونییەكی زۆریان لەگەڵ كێشاوە بۆ ئەوەی ئەم ئەلبوومە بەباشترین شێوە بگاتە گوێگر. گۆرانی هەبووە چەندینجار هەڵوەشاوەتەوە و دووبارە تۆماركراوەتەوە، ئەمەش هەمووی لە پێناوی رازیكردنی گوێگرانم.
رووداو: ئاواز و تێكستی گۆرانییەكانی ئەلبوومەكە هی كێن؟
پەیوەند: لەم ئەلبوومەدا كە 11 تراكە، دوو لە گۆرانییەكان لە ئاواز و تێكستی هونەرمەند زیاد ئەسعەدە. هەروەها گۆرانییەك لە ئاوازی خۆمە و پێشتر گوتوومە، بەڵام بەشێوازێكی نوێ داڕشتنەوە و دابەشكردنی بۆ كراوە. یەكێك لە گۆرانییەكانیش لە دابەشكردن و ئاوازی هونەرمەند عارف شەكوریە كە زۆربەی كارەكانی هونەرمەندی ئێرانی موعین ئەسفەهانی كردووە. چەند گۆرانییەكی فۆلكلۆری كوردیشی تێدایە، گۆرانی فۆلكلۆری ناوچەی هەورامان و كرماشانی تێدایە. چەند پارچە مەقامێكی تێدایە كە پێشكەشی رۆحی دایكمم كردووە. هەوڵیشمداوە هەموو جۆرە ستایلێكی تێدا بێت، واتە گۆرانیی شاد و گۆرانیی خاو، هەروەها گۆرانیی عاشقانەش لەسەر مەقامی حیجاز.
رووداو: گۆرانییەكانت لە ستۆدیۆكانی كوردستان تۆمار كردووە یان سوێد؟
پەیوەند: دوو گۆرانیم لە ستۆدیۆكانی سوێد تۆمار كردووە كە هونەرمەندی خۆشەویست كاكە دیدەن ئامادەی كردووە. هەندێكیم لە كوردستان ئامادەكردوون، ریكۆردی دەنگی بەشێكیان لە ستۆدیۆكەی هونەرمەند هەڵكەوت زاهیر كراون.
رووداو: ناوی ئەلبوومەكە چییە؟
پەیوەند: ئەلبوومەكەم ناوناوە بۆ گوڵێ كە ناوی یەكێك لە گۆرانییەكانی نێو ئەلبوومەكەیە. دەمەوێت لەڕێگەی ئێوەوە ئاماژە بەوە بكەم كە یەكێك لە گۆرانییەكان لە ئاوازی هەڵكەوت زاهیرە و لە تێكستی شاعیری ناودار شێركۆ بێكەسە، تێیدا شاعیر باسی خۆی دەكات، هونەرمەند هێمن حوسێن كاری دابەشكردنی میوزیكی بۆ كردووە. میوزیكی ئەم گۆرانییەش لە ئێران ئامادەكراوە.
رووداو: هیچ ئاوازێكی بیانی تێدایە؟
پەیوەند: بەڵێ یەكێك لە تراكەكانی نێو ئەلبوومەكە ئاوازێكی وەرگیراوە، بەڵام نووسراوە كە ئەم گۆرانییە لە كوێوە هاتووە.
رووداو: بەشێك لە هونەرمەندانی كوردستان ئێستا بەشێوەی ئۆنلاین ئەلبوومەكانیان بڵاودەكەنەوە، هەوڵت نەداوە لەڕێی ئایتونز و بەرنامەكانی دیكە، ئەلبوومەكە بڵاوبكەیتەوە؟
پەیوەند: بەڵێ بیرم لەوە كردووەتەوە و ئێستا بەجدی سەرقاڵی ئەم كارەم، هەڵبەتە هەندێ لە هاوڕێكانم كە لەم بوارە زۆر شارەزان دەمێكە كاری بۆ دەكەن، لە رووی داهاتیشەوە سوودی بۆ هونەرمەندەكە دەبێت. من یەكەمجارمە لەڕێگەی ئۆنلاینەوە ئەلبووم بڵاوبكەمەوە، بۆ ئەوەی ماندووبوون و پارەكەشم بەفیڕۆ نەڕوات.
رووداو: ئێستا بەشێك لە هونەرمەندانی كوردستان میوزیكی كوردی تێكەڵكێشی میوزیكی پۆپ و جاز و رۆك دەكەن، تا چەند ئەم جۆرە ستایلانە بە قازانجی هونەری كوردی دەشكێتەوە؟ لە ئەلبوومەكەی ئەمجارەشتدا ئەم تێكەڵكێشە بەدی دەكرێت؟
پەیوەند: من لەم ئەلبوومەدا بەو شێوازە زەقە نەمكردووە، تەنیا گۆرانییەكی تێدایە كە بە زمانی فارسی گوتراوە و تەمەنی زیاتر لە 50 ساڵە، بەڵام بەڕای من گرنگ ئەوەیە هەر گۆرانییەك و ستایلێك كە دەیڵێت گۆڕانكاری و جوانكاری تێدا بكەی. هەوڵبدەی ناوەڕۆكی گۆرانییەكە باس بكەی كە لە كوێوە هاتووە، هەڵبەتە هەندێ گۆرانی هەیە لە زمان و ئەدەبی كوردی نزیكترە، وەكو گۆرانی و میوزیكی فارسی لە عەرەبی، بۆیە من لەم ئەلبوومەدا ئەو جۆرە ستایلانەشم گوتووە، من هەندێ گۆرانیم هەیە كە بەشێوازی ئەوروپی كردوومە زۆر زوو بە گوێی ئەوروپییەكان ئاشنا دەبێت، بۆیە گرنگە ئەو جۆرە ستایلانەش لە نێو میوزیك و گۆرانی كوردی هەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە مۆركە كوردییەكەی ون نەكات.
رووداو: چۆن دەڕوانییە ئەو گۆرانیبێژانەی ئێستا دەردەكەون و لەم جۆرە ستایلە كار دەكەن؟
پەیوەند: بەداخەوە بەشێك لەو گۆرانیبێژە تازانە ئەوەندی كار بۆ ناوبانگ دەكەن، هێندە كار بۆ هونەرەكە ناكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گۆرانیبێژی گەنجی بەتواناشمان هەیە، گۆرانیبێژەكان ئێستا تەكنەلۆژیا و هەلی زیاتریان لەبەردەستە. لەگەڵ زەمانی ئێمە زۆر زۆر جیاوازە، ئێستا هەموو شتێك لەبەردەستە و دەتوانیت لە ماڵەكەی خۆت گۆرانییەكان تۆمار بكەی، بۆیە دەتوانن كاری جوانتر و ئەكادیمی پێشكەش بكەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ