رابەر كوردستانی: داواكردنی سپۆنسەر وەكو سواڵكردن وایە

25-05-2016
پشتیوان جەمال
نیشانەکردن رابەر كوردستانی
A+ A-

رووداو- سلێمانی

 لەدایكبووی شاری هەولێرە و ئێستاش نیشتەجێی شاری بۆكانی رۆژهەڵاتی كوردستانە. رابەر محەممەد ناسراو بە رابەر كوردستانی دبلۆمی لە كۆمپیوتەر هەیە. بەڵام خۆی سەرقاڵی هونەری گۆرانی كردووە و خاوەنی چوار ئەلبوومە كە یەكێكیان تەنیا میوزیكە، هەروەها ئەلبوومێكی سروود و گۆرانیی ئاینی هەیە. بەنیازیشە ئەمساڵ ئەلبوومێكی دیكەی ئاینی بڵاوبكاتەوە. 

رابەر كوردستانی بە پێچەوانەی زۆربەی هونەرمەندانەوە كە سپۆنسەر بە پاڵپشتییەكی باش دەزانن بۆ برەودان بە كارە هونەرییەكانیان، ئەو داواكردنی سپۆنسەر بۆ كاری هونەری بە سواڵكردن دەزانێت و دەڵێت "ئەو كاتەی هونەرمەند داوای سپۆنسەر دەكات، بەرامبەر وەكو سواڵكەر لێی دەڕوانێت". لەم هەڤپەیڤینەدا بە كارە هونەرییەكانی رابەر و هەندێك لایەنی ژیانی ئاشنا دەبن.

رووداو: لە كەیەوە تێكەڵی كاری هونەری بووی؟

رابەر كوردستانی: لە منداڵییەوە هاتوچۆی تەكیە و خانەقاكانم دەكرد، لەوێ‌ بە ئامێری دەف ئاشنا بووم. هەروەها لەڕێی قورئان خوێندنیشەوە بۆم دەركەوت كە دەنگم بۆ گۆرانیگوتن دەشێت، ئیدی دەستم بە گۆرانی كرد. ئێستاش زیاتر لە بواری فۆلكلۆر و سروودی ئاینیدا كار دەكەم، بەم دواییەش ئەلبوومێكی ئاینی و عیرفانیم بەنێوی "شیرین یاد" بڵاوكردەوە. ئەگەر سپۆنسەرم بۆ پەیدا ببێت ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستانیش بڵاوی دەكەمەوە.

رووداو: تۆ سەرەتا بە گۆرانی ئاینی دەستت پێكردووە، بەڵام دواتر گۆرانی ئەڤینی و فۆلكلۆرت گوت، ئەمە چۆن بوو؟

رابەر كوردستانی: لایەنی فۆلكلۆریش هونەرێكی رەسەنە و بەشێكە لە ژیانمان و ناكرێت لەبیری بكەین. تا ئێستا دوو ئەلبوومم بەنێوەكانی سۆزی عیشق و سەفای دڵ لە رۆژهەڵات بڵاوكردووەتەوە، بەڵام بۆ باشووری كوردستان بەهۆی نەبوونی سپۆنسەرەوە بڵاوم نەكردوونەتەوە.

رووداو: زیاتر لە چ ستایلێك كار دەكەیت؟

رابەر كوردستانی: حەزم لە ستایڵەكانی فۆلكلۆر و پۆپی ئێرانی و توركییە، بەڵام تاوەكو ئێستا لەسەر یەكێكیان ساغ نەبوومەتەوە، بۆیە لەسەر هەرسێكیان بەردەوام دەبم تا ئەو كاتەی یەكلایی دەبمەوە، پاشانیش بزانم كامیان لەگەڵ كەسایەتیم دەگونجێت.

رووداو: كەسایەتیت بە چ مانایەك؟

رابەر كوردستانی: هەر كەسێك خاوەنی جۆرە كەسایەتییەكە، هونەرمەند هەیە عاشقانەیە و حەز بە ستایلی خاو دەكات. یان هەیە زیاتر دەیەوێت كار لەسەر بەرهەمە فۆلكلۆرییەكان بكات، بۆ نموونە گۆرانییەكی هونەرمەندی كۆچكردوو حەسەن زیرەكم بە ستایلی پۆپی ئێرانی تازە كردووەتەوە هەم شێوازی پێشتری لەدەست نەداوە و هەم گەنجیش گوێی لێدەگرن.

رووداو: كاریگەریی چ هونەرمەندێكت لەسەر بووە؟

رابەر كوردستانی: لە سەرەتای ئیشكردنمەوە لەبەرئەوەی لە شاری بۆكانی زێدی مامۆستا حەسەن زیرەك ژیاوم 100% كاریگەری ئەو هونەرمەندەم لەسەر بوو.

رووداو: دەگوترێ خوێندكاری كامگارانیش بووی؟

رابەر كوردستانی: راستە، ساڵی 2005 تا ساڵ و نیوێك و مانگی جارێك دەچوومە لای هونەرمەند بێژەن كامكار بۆ خوێندنی وانەی دەف، چونكە پێشتریش وەكو لایەنی تیۆری لای هونەرمەند شۆڕش ماملێ بووم، بەڵام بۆ كامڵبوونی ئەكادیمی چوومە لای بێژەن كامكار و سوودێكی زۆرم لێ بینی، بەڵام ئەو كاتە هیچ خولیایەكی گوتنی گۆرانیم نەبوو.

رووداو: پێتخۆشە گۆرانی چ هونەرمەندێكی دیكە بڵێیتەوە؟

رابەر كوردستانی: وەكو فۆلكلۆر گوتوومە و دەیانڵێمەوە، بەڵام بۆ لەمەودوا رەنگە گۆرانی هونەرمەندانی دیكە وەكو تۆماركردن نەڵێمەوە، بەڵكو زیاتر حەزم لێیە ئیشی خۆم هەبێت.

رووداو: دەگوترێت خەریكی بزنسیت، راستە؟

رابەر كوردستانی: بەڵێ ماوەی نزیكەی ساڵێكە لەنێوان شاری هەولێر و تاران بزنس دەكەم.

رووداو: ئەم بزنسە بۆ كاری هونەری فریات كەوتووە؟

رابەر كوردستانی: لەو ساڵەدا تەنیا توانیومە ئەلبوومێك و دوو تراك بكەم و هەر ئەوەندەش دەتوانم، ئەگەر داهاتەكەم باشتر بووایە زیاتریشم دەكرد، بەڵام دەمەوێت بۆ لایەنی سپۆنسەر ئاماژە بە خاڵێك بدەم، بەداخەوە كاتێك دەڕۆیتە لای كەسێك بۆ سپۆنسەر، وا هەست دەكات دەستی هاوكاری بۆ درێژ كردوویت و بوویتە سواڵكەر، ئەمەش هەستێكی زۆر ناخۆشە. من نامەوێت ئەو هەستەم لا دروست ببێت، لەبەرئەوەی پێی بریندار دەبم. پێمخۆشە بەرامبەر بەچاوی رێزەوە تەماشای هونەرەكەم بكات.

رووداو: بەڵام كە پێتوایە دەچێتە چوارچێوەی سواڵكردن، ئاخۆ دەبێت ئەوان بێنە لای تۆ؟

رابەر كوردستانی: كێشەكە ئەوەیە زۆربەی هونەرمەندان بەڕێوەبەری كاریان نییە و ئەگەر هونەرمەندێك بەڕێوەبەریش دابنێ، پێیدەڵێن لەخۆی بایی بووە، ئەگەر ئەو بەڕێوەبەرە هەبێت، ئەو ئیشەكان دەكات و هونەرمەندەكە خۆی ناڕوات بۆ داوای سپۆنسەر.

رووداو: تائێستا بۆ سپۆنسەر لە دەرگای كەست داوە؟

رابەر كوردستانی: لەوانەیە كردبێتم، بەڵام تا ئەو كاتەی بەڕێَوەبەرێكی هونەریم بۆ پەیدا دەبێت دووبارەی ناكەمەوە، ئەگینا ئەوەی كردوومە لە ئەستۆی خۆم بووە و ئیدی لەمەودواش ناتوانم لە ئەستۆی خۆم بیكەم.

رووداو: تۆ بەنیازی هەر لە رۆژهەڵاتی كوردستان بمێنیتەوە، یان بەرنامەت هەیە بگەڕێیتەوە هەولێر؟

رابەر كوردستانی: ماوەی پێنج شەش ساڵێك هاتمەوە هەرێمی كوردستان و وەكو وانەبێژ وانەی میوزیكم لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی هەولێر گوتەوە، بەڵام ساڵی 2014 دووبارە گەڕامەوە بۆكان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە