رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بە بەشداریی 10 گرووپ لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، سێیەمین فێستیڤاڵی ناوچەیی هەڵپەڕکێی مهاباد دەستپێدەکات. بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە دەڵێت، ئامانجیان پاراستنی رەسەنایەتیی کولتوور و هونەری کوردییە.
رابەر کوردستانی، بەڕێوەبەری سێیەمین فێستیڤاڵی ناوچەیی هەڵپەڕکێی مهاباد، لەکاتی بەشداریکردنی لە (نووڕۆژ)ـی تۆڕی میدیایی رووداو؛ رایگەیاند، رێوڕەسمەکە کاژێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2025، بە شێوەیەکی کەرناڤاڵی لەسەر پردی تەوحید دەستپێدەکات، دواتر لە هۆڵی وەحدەتی مهاباد نمایشەکان بەردەوام دەبن.
سەبارەت بە شێوازی هەڵبژاردنی گرووپەکان، رابەر کوردستانی بۆ رووداو ئاشکرای کرد: "سەرەتا 29 گرووپ بە ناردنی بەرهەمەکانیان داواکارییان پێشکێش کردبوو، دوای هەڵسەنگاندنی لیژنەی دادوەری، 10 گرووپ بۆ قۆناخی کۆتایی و کێبڕکێکردن هەڵبژێردران".
بە گوتەی بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە، ئەو گرووپانەی بەشدارن نوێنەرایەتیی سەرجەم ناوچە و زاراوە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن، لەوانەش شێوەزاری سۆرانی، کورمانجی، هەورامی، کەلهوڕی و ئەردەڵانی و جوگرافیای بەشداربووان لە ورمێ تاوەکو ئیلام و کرماشان دەگرێتەوە. جگە لە گرووپە بەشداربووەکان، چەند گرووپێکی دیکەش وەک میوان بەشداری دەکەن.
فێستیڤاڵەکە تەنیا نمایش نییە، بەڵکو کێبڕکێیە. بڕیارە لە دوو رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، خەڵات بەسەر گرووپەکانی یەکەم، دووەم و سێیەمدا دابەش بکرێت.
لە پەراوێزی نمایشەکاندا، بەشێکی تایبەت بە فۆتۆگرافی تەرخانکراوە. رابەر کوردستانی دەڵێت: "فێستیڤاڵێکی تایبەت بە فۆتۆگرافەرانیشمان هەیە کە فۆتۆگرافەری ناوچەکە دیمەنەکانی هەڵپەڕکێ و جوانییەکانی مهاباد تۆمار دەکەن".
سەبارەت بە پرسیاری رووداو لەبارەی بەشداریی ژنان و هەڵپەڕکێی تێکەڵ (رەشبەڵەک)، رابەر کوردستانی ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی یاسا و رێکارەکانەوە، ناتوانن لەسەر تەختەی شانۆ بە فەرمی گرووپی تێکەڵ نمایش بکەن.
کوردستانی گوتیشی: "هەرچەندە بەهۆی دۆخەکە و یاساکانەوە رێگری هەیە، بەڵام رەشبەڵەک لەنێو ئاهەنگە خێزانییەکان و زەماوەندەکاندا بە زیندوویی ماوەتەوە و خەڵک پارێزگاری لێ دەکات".
فێستیڤاڵەکە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و کوردستانی دەڵێت، سەرەڕای پشتیوانیی بەشێک لە دامەزراوە حکومییەکان، بەڵام بۆ بەڕێوەچوونی ئەم چالاکییە زیاتر پشت بە خۆبەخشان و دڵسۆزانی فەرهەنگی شاری مهاباد بەستراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ