زاگرۆس بەشداری لە دوو فێستیڤاڵی سینەماییدا دەکات

27-05-2018
پەسار فایەق
نیشانەکردن زاگرۆس
A+ A-
 رووداو – هەولێر

فیلمی سینەمایی "زاگرۆس" لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، لە ٧١مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی ئێدنبێرگ بەشداردەبێت کە یەکێک لە پێنج کۆنترین فێستیڤاڵە سینەماییەکانی جیهانییە.

 
چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە رۆژانی ١٨ تاوکو ٢٩ ئەم مانگە لە ئێدنبێرگ لە سکۆتلەندا بەڕێوەدەچێت و "زاگرۆس" لە بەشی فیلمە ئەوروپییەکاندا نمایشدەکرێت.
 
ساڵانە لەم فێستیڤاڵەدا زیاتر لە ٤٠٠ میدیاکار و زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ بەرهەمهێنەر و شارەزایانی بواری سینەما تێیدا بەشداردەبن.
 
لەلایەکی دیکەوە ئەو بەرهەمە سینەماییە بەشداری لە ١٧مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی ترانسلڤانیا لە رۆمانیا دەکات کە بە گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لەو وڵاتەدا دەژمێردرێت.
 
چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە رۆژانی ٢٥ ئەم مانگە تاوەکو ١ حوزەیرانی داهاتوو لە رۆمانیا بەڕێوەدەچێت و فیلمی "زاگرۆس" لە بەشێکی پێشبڕکێی فێستیڤاڵدا بەشداردەبێت.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە پێشتر لە بەشی "Limelight"ـی فێستیڤاڵی فیلمی رۆتردامدا بەشداربوو کە تایبەتە بە نمایشکردنی ئەو فیلمانەی لە فێستیڤاڵە گرنگەکاندا بەشداربوونە و خەڵاتی گرنگیان بەدەستهێناوە.
 
هەروەها لە بەشی پێشبڕکێی 35مین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی ئەنۆنای لە شاری ئەنۆنای لە فەڕەنسا بەشداربوو.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە لەلایەن ماڵپەڕی "Cutting Edge"ـی بەلژیکی، لەگەڵ چوار فیلمی دیکەی ئەو وڵاتە دەستنیشانکراوە بۆ ئەوەی وەک باشترین فیلمی 2017 هەڵبژێردرێت و لەلایەن خوێنەران و هۆگرانی سینەماوە دەنگی لەسەر بدرێت.
 
"زاگرۆس"  بەشداری لە 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە بەلجیکا کرد و خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی بەدەستهێنا کە خەڵاتی "Grand Prix" بوو، هەروەها  دوو خەڵاتی لە بەشی پێشبڕکێی 18یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئاڕەس لە فەڕەنسا بەدەستهێنا، کە خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بوو لەلایەن لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵ و خەڵاتی باشترین فیلم لەلایەن بینەرانەوە.  
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە  لە ١٤مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی دوبەیدا بەشداربوو و کاندیدی چوار خەڵات بوو و دوو نمایشی تایبەتی بۆ کرا.
 
"زاگرۆس" بەرهەمێکی هاوبەشی بەلجیکا و هۆڵەندایە، پرۆدیۆسەری سەرەکی فیلمەکە دریس فالیپۆیە و سەهیم عومەر، جەین- کلود و ڤان ریچکهام سیناریۆکەیان ئامادەکردووە.
 
"زاگرۆس" چیرۆکی شوانێک بەناوی زاگرۆس دەگێڕێتەوە کە هاوژینی خۆی زۆر خۆشدەوێت، بۆ ئەو کوردستان بەهەشتە، بەڵام هاوژینەکەی هاڤین و کچەکەی رەیهان، روودەکەنە بەلجیکا، دواتر زاگرۆزیش بڕیاردەدات بچێتە ئەو وەڵاتە.
 
سەهیم عومەر خەلیفە، پێشتر لەرێگەی کورتەفیلمی "میسی بەغداد"، "وڵاتی پاڵەوانان" و "نێچیرڤانی خراپ"، زیاتر لە ١٠٠ خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا وەرگرتووە.
 
دوو ساڵ بەسەریەکەوە کورتەفیلمی "میسی بەغداد" و دواتریش "نێچیرڤانی خراپ"، لە کورتەلیستی کورتەفیلمە کاندیدکراوەکان بوون بۆ خەڵاتی ئۆسکاری باشترین کورتەفیلم و ئێستا دەرهێنەر خۆی یەکێک لە ئەندامانی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئۆسکار. 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە