كەمال محەممەد: من هونەرمەند نیم گۆرانیبێژم

27-12-2014
رێكەوت سەلام
نیشانەکردن کەمال محەممەد
A+ A-

هەڤپەیڤین: رێكەوت سەلام 
رووداو - هەولێر

هونەرمەند كەمال محەممەد لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو لەگەڵ یەكێك لە باشترین تیپەكانی سلێمانی كە تیپی ئەزمەڕ بوو كاری كرد، لەو هەڤپەیڤینەدا باسی هۆكاری نەمانی ئەو تیپە دەكات. ئێستاش بەرهەمەكانی كەمال لە تۆمارگەكاندا پڕفرۆشترینە، بەڵام ئەو پێیوایە لە رووی مەعنەوییەوە زیاتر سوودمەند بووە. هونەرمەند كەمال محەممەد كوڕی سلێمانییە و هەوادارانیشی لەوێ زۆرن، بەڵام خۆی دەڵێت خەڵكی هەولێر زیاتر لە هەموو شارەكانی دیكە دەستخۆشی كارە هونەرییەكانی لێدەكەن. بەڵێنیش دەدات ئەگەر ئەمجارە بگەڕێتەوە كوردستان كۆنسێرتێك لە شاری هەولێر ساز بكات.

هونەر هیچ سوودێكی ماددی بۆ من نەبووە

رووداو: بۆچی تیپی میوزیكی ئەزمەڕ نەما كە یەكێك بوو لە باشترین تیپەكانی شاری سلێمانی؟

كەمال محەممەد: ئەو سەردەمە تیپی ئەزمەڕ كاری خۆی كرد و چەند بەرهەمێكی بە پێزی پێشكەشكرد. ئێمە كۆمەڵێك كەس بووین، ئەوكات زۆر بە ئاسانی دەمانتوانی لە دەوری یەكدی كۆببینەوە، بەڵام دواتر هەر یەكێكیان بەلایەكدا رۆیشتن، هەندێكیان چوونە دەرەوەی وڵات و هەندێكیشیان هەر لە كوردستان خەریكی كاری خۆیان بوون؟

رووداو: گەنجان زۆر حەز لە  گۆرانی یاران دەكەن، ئایا نهێنییەك لە پشت ئەو گۆرانییە هەیە، یان هەر بە رێكەوت بوو؟

كەمال محەممەد: ئەم گۆرانییە زیاتر هەست و ئیحساسی عاشقان دەردەخات، لەبەر ئەوە من پێموابوو لەگەڵ بەرهەمەكانی دیكە جیاوازبوو، زۆر زووش چووە دڵی گەنجانەوە. هیچ نهێنییەك لە بەرهەمەكەدا نییە، بەڵام دەكرێ لە لای شاعیرەكەوە نهێنییەك هەبێت. 

رووداو: لەگەڵ سالار مەحمود و عەتا ئەحمەد زۆر كاری هاوبەشتان هەیە، چ شتێك بە یەكتانەوە دەبەستێ؟

كەمال محەممەد: بێگومان ئێمە لە سەردەمێك بە یەكەوە كارمان كرد كە بە سەردەمی زێڕینی هونەری گۆرانی كوردی دادەنرێت. من یەك سیفەتم هەیە بۆ برادەرەكانم، هیچ كاتێك حەزم نەكردووە بەس لەگەڵ یەك كەسدا كار بكەم، هەمیشە لەگەڵ زۆربەی برادەران كارم كردووە. من زیاتر كارم لەگەڵ هونەرمەند عەتا ئەحمەد دەكرد. لەگەڵ هونەرمەند سالار مەحمودیش تەنیا چەند بەرهەمێكم پێداوە و یەكێك لەو بەرهەمانەی لە ماوەی رابردوو كلیپ كرد. من حەز ناكەم تەنیا خۆم سوودمەند بم لە كاری هونەری، حەز دەكەم ئەوانەی لەچواردەوری منن هەموو سوودمەندبن.
 لە هەولێر زیاتر دەستخۆشی لە كارەكانم دەكرێت

رووداو: لەگەڵ سیاسەتدا چۆنی؟ تا ئێستا گۆرانیت گوتووە لەسەر هیچ سەركردەیەكی كوردی، یان حیزبێك لە بۆنە و ئاهەنگەكاندا؟ 

كەمال محەممەد: بەبڕوای من ئێستا هەموو كوردستان سیاسییە، دەكرێ هەموو كەسێك سیاسی بێت، بەڵام دەبێت سیاسییەكی پاك بیت بەرامبەر نیشتیمانەكەت. هەموو كاتێك ئارەزووم كردووە ئەگەر كەسێك بچەوسێتەوە گۆرانی بۆ بڵێم، بەتایبەتی نیشتیمانێك كە ئەنفال بكرێت.

رووداو: تۆ گۆرانییەكت بڵاوكردەوە بە ناوی شەهید، ئەوكاتە خەڵك پێیانوابوو كەمال محەممەد بووە بە گۆڕان، ئەوە راست بوو؟

كەمال محەممەد: من بە هەموو بیر و هەستێكی خۆمەوە لەگەڵ نیشتیمانێكی جواندام و لەگەڵ خەڵكێكی جواندام كە خزمەتی نیشتیمان بكات. من نە گۆڕانم نە یەكێتی و نە پارتی، بەڵام رێزم بۆ هەموو حیزبێك هەیە كە داهێنەرن و خزمەت بە خاك و نیشتیمان دەكەن، بۆیە فەخر بە هەموو حیزبە كوردییەكانەوە دەكەم.

رووداو: ئێوەی هونەرمەند لەو ئاهەنگانەی لایەنێكی سیاسی سازیان دەكات بەشداری دەكەن، بۆ نموونە ئەگەر كۆنسێرتێك بكەیت بۆ حیزبێكی سیاسی چەند سوودمەند دەبیت؟

كەمال محەممەد: من تاوەكو ئێستا هیچ ئاهەنگێكی حیزبیم نەكردووە، بەڵام ئەگەر بەشداریش بكەم بە فەخرەوە دەیكەم و ئەو حیزبە بە حیزبی خۆم دەزانم، چونكە حیزبێكە خزمەت بە گەلەكەم دەكات، بەڵام من تاوەكو ئێستا هیچ ئاهەنگێكی ئاوام نەكردووە و بیریشم لێ نەكردووەتەوە. 

رووداو: بەرهەمەكانت لە تۆمارگاكان فرۆشیان زۆرە، هیچ سوودی بۆ تۆ هەبووە؟
رووداو بووە بەو كەناڵەی دەبێ رۆژانە سەیری بكەین

كەمال محەممەد: من داهاتی مەعنەویم زۆر زۆرترە لە داهاتی ماددی، چونكە من تەنیا ئەو داهاتە بە داهاتی خۆم دەزانم لەلای خەڵكەوە بێت. تاوەكو ئێستا نەگەیشتوومەتە ئەوەی كە بڵێم من بە هونەر دەژیم. من پێویستم بەوە نییە لە پێناوی پارە خزمەت بە هونەر بكەم، خۆشەویستی كەسانێك و نیشتیمانێك و ئەو كەسی كە دەستخۆشیم لێدەكات، گەورەترین داهاتە بۆ من. بۆیە بە دڵنیاییەوە دەڵێم تاوەكو ئێستا هیچ سوودمەند نەبووم لە هونەر.

رووداو: تۆ زۆر هاوڕێی كاروان عوسمان بووی، دوای نەمانی كاروان ئێوە ناوبانگتان زیاتر بوو، لەبەر ئەوەبوو كە ئەو ستایلەی كاروانتان كردە هەوێنی كاری خۆتان؟

كەمال محەممەد: كاروان عوسمان یەكێكە لەو هونەرمەندە جوانانەی كە تاوەكو ئێستا كارەكانی زیندوون، بەڵام من پێموانییە بە نەمانی كاروان عوسمان سوودمەند بووبین، یان بە مانی جارێكی دیكە ئێمە بەرز ببینەوە، هەموو كەسێك دەتوانێ خۆی خۆی دروست بكات. خەڵك منی دروستكردووە. هونەر بازاڕ نییە تۆ لە خەڵكی دیكەوە فێری ببیت و دەستمایەت هەبێت و پارەی پێ پەیدا بكەیت، هەتا ئێستاش هونەرمەند نیم و تەنیا گۆرانیبێژم. چونكە هونەر دەریایەكی زۆرە گەورەیە و من دڵۆپێكی بچووكیش نیم لەو دەریایە.

رووداو: دوای چوونت بۆ ئەوروپا هیچ كۆنسێرتت لە هەولێر نەكردووە، بۆچی؟
 پێمخۆش نییە گۆرانی بۆ شارێك یان ناوچەیەك بڵێم

كەمال محەممەد: بەهۆی نەبوونی كاتی گونجاو كۆنسێرتم لە هەولێر نەكردووە، ئەگەرنا پڕ بەدڵ حەز دەكەم. ئەگەر  ئەمجارە بگەڕێمەوە پشت بە خوا ئەوەی كە دەمەوێت و پێمە پێشكەشی هەولێریشی دەكەم.

رووداو: تۆ سەردەمانێكی زۆر لە هەولێر  بووی و یادگاریت هەیە لەو شارە، چۆنە تاوەكو ئێستا گۆرانییەكت بۆ هەولێر نەگوتووە؟

كەمال محەممەد: من ئەو شتانەم پێخۆش نییە، چونكە جیاوازی ناكەم و هەموو پارچەیەكی ئەم كوردستانە ماڵی منە، كە گۆرانیم گوت بۆ كەركووك بە ناوی ئەی شارە جوانەكەم كەركووك، خۆ من لە كەركووك لەدایك نەبووم، بەڵام گۆرانیم بەسەر جوانی و زامداری ئەم شارەدا گوت، چونكە هەمیشە گوتوومە كەركووك لانك و دڵی منە، هەولێریش بۆ من وایە. ئەوەندەی خەڵكی هەولێر پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە كارەكانم دەكەن پێموانییە لە شارەكانی دیكە ئەوەندە دەستخۆشیم لێكرابێ.

رووداو: چیت هەیە بۆ رووداو؟

كەمال محەممەد: من دەستخۆشی لە هەموو كەناڵێكی راگەیاندن دەكەم كە لە كوردستان كاردەكەن، بەڵام بەڕاستی كارەكانی رووداو بۆ من وەسف ناكرێت، بۆیە دەڵێم رووداو یەكەمی بێ ركابەرە، رووداو بووە بەو كەناڵەی كە دەبێ رۆژانە سەیری بكەین بۆ ئەوەی ئاگامان لە رووداوی تازە بێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە