رووداو- سلێمانی
"شەوی بووكێنی" ئەو دەقە شانۆییە كە تیپی شانۆیی "هاوڕێیانی گەزیزە" سەرقاڵی پرۆڤەكردنن لەسەری. ئەوان دەیانەوێت لەو رێگەیەوە قەیرانەكانی باشووری كوردستان لە زمانی دەقەوە بگۆڕن بۆ زمانی نمایش، بەڵام شانۆگەرییەكی پڕ لە خەندە و پێكەنین.
دێرین حامید، دەرهێنەری شانۆکە دەڵێت "كۆمیدیایەكە لەنێو ئەو ژیانە نالەبارەی كە تاكی ئێمە رۆژانە پێیدا تێپەڕدەێت، رەنگە رۆژانە بە بەردەوامی ببینێت هەستی پێنەكات، بەڵام لەنێو شانۆگەریدا بكەوێتە ژێر لاشعووری خۆیەوە، بەمەش جۆرێك كۆمیدیای لەلا درووستبكات و بە پێكەنین كێشەكان ببینێتەوە".
گەزیزە عومەر، نووسەری شەوی بووكێنی لە هەنگاوی ئەكتەرەكاندا ئامادەیە. ئەو كاتێكی زۆری تەرخان كردووە تاوەكو لەڕێگەی دەقێكی خۆماڵییەوە كێشەكانی ژیان لە ساتەكانی شەوی بووكێنیدا بگەیێنێتە بینەرانی شانۆییەكە.
ماوەی شانۆگەرییەكە كاژێرێكە و تێیدا چوار ئەكتەری سەرەكی رۆڵ دەگێڕن. ئەم شانۆگەرییە بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی شانۆ و بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی نمایش دەكرێت.
شانۆیی شەوی بووكێنی یەكەم نمایشی لە 11 شوباتی 2017 لە لە هەولێر بۆ ماوەی سێ رۆژ دەبێت. پاشان لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی باشووری كوردستان نمایش دەكرێت، تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی شانۆگەرییەكە دەكات.
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ