رووداو دیجیتاڵ
هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ کۆتایی هات و شەش خەڵات دابەشکران.
نارین جەلیلی وەک کچە کوردێک لە شانۆگەری "پردێک لە شووشە" لە سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی بردەوە.
نارین جەلیلی بە رووداوی گوت، پێشتر هەر لە رێگەی ئەم بەرهەمە شانۆییە خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی لە فێستیڤاڵی شانۆی سەقز بردەوە، لە فێستیڤاڵی هەولێر رکابەرییەکە سەخت هەبوو، چونکە ئەکتەری لێهاتوو لە رکابەرییەکەدا بوون.
خەڵاتی ئەکتەری گەنجی فێستیڤاڵەکە بەخشرایە زەینەب کاوە، لە شانۆگەریی "گەرماوی ئافرەتان" لە هەولێرەوە.
خەڵاتی باشترین ئەکتەری کوڕ بوو بە بەشی مونیر خەزەری، لە شانۆگەریی "لەژێر گوشاردا" لە وڵاتی تونسەوە.
رەجەب ئیجن، لە شانۆگەریی "قەڵای دمدم" لە باکووری کوردستانەوە، خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بردەوە.
خەڵاتی باشترین سینۆگرافیا (دیکۆر و رووناکی)، بەخشرایە ستافی شانۆگەریی "ئەبواب" لە بەسرای عێراقەوە.
خەڵاتە گەورەی فێستیڤاڵیش بۆ باشترین نمایش، بەخشرایە شانۆگەریی "پردێک لە شووشە" لە سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە.
لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵەکە لە پێنج شانۆکاری بە ئەزموونی هەرێمی کوردستان، عێراق، ئێران، میسر و ئەڵمانیا پێکهاتبوون.
ئەحمەد بەدیر، ئەکتەری ناسراوی میسری و ئەندامی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵەکە بە رووداوی گوت: "پەنا بەخوا خولی هەشتەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆ دەگاتە خولی 88 و 90 و 100. لە کۆتاییدا شانۆ بردیەوە، تیپە شانۆییەکان براوەن، هەولێر براوەیە، منیش کەهاتووم براوەم".
هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ لە 20-26ـی نیسانی 2025 بەڕێوەچوو و شانۆکاران لە هەرێمی کوردستان، عێراق، تورکیا، ئێران، میسر، تونس و لیبیا بەشداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ