رووداو- هەولێر
هەردوو فیلمی کوردی من سامیم لە دەرهێنانی کەی بەهارو فیلمی دیاب لە دەرهێنانی مازن شارەبانی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شاریقەی سینەمایی خەڵات کران.
مازن شارەبانی دەرهێنەر لەمبارییەوە بەرووداوی راگەیاند " تاوەکو ئێستا فیلمی دیاب لە 60 فێستیڤاڵ بەشداریکردووەو 12 خەڵاتی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە فێستیڤاڵی شاریقە خەڵاتی باشترین فیلمی کورتی دۆکیۆمێنتاری وەرگرت".
مازن دەربارەی ناوەڕۆکی فیلمە دۆکیۆمێنتارەکە گوتی "ئەم فیلمە باس لە مەینەتییەکانی منداڵانی ئێزدی ناو کەمپەکان دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا چیرۆکی منداڵێک بەناوی دیاب دەگێرێتەوە کە دەیەوێت ببێتە فیلمساز".
فیلمی من سامیم لە دەرهێنانی کەی بەهار، ئەویش یەکێک بوو لەو فیلمانەی لە فێستیڤاڵی شاریقەی ئیمارات خەڵاتی باشترین فیلمی درامی وەرگرت، بەمەش دوو فیلمی کوردی لەم فێستیڤاڵە دوو خەڵاتیان لە کۆی حەوت خەڵات لە نێوان 200 فیلمی بەشداربوو وەرگرت.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شاریقەی سینەمایی ساڵانە بۆ گرنگیدان بە هونەری سینەمای تایبەت بە منداڵان ئەم چالاکییە ئەنجامدەدات، کە ئەمساڵ لە رۆژی 23 تاوەکو 28 ئۆکتۆبەر بەردەوام بوو، تێیدا زیاتر لە 200 فیلمی عەرەبی وبیانی نمایشکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ