شارەوانیی ڤانکۆڤەر پاڵپشتی سەرەکیی دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردییە لەو شارە

10-09-2025
پەسار فایەق
پۆستەری دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ڤانکۆڤەر
پۆستەری دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ڤانکۆڤەر
نیشانەکردن دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ڤانکۆڤەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە شاری ڤانکۆڤەری کەنەدا، لە تشرینی یەکەمی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت، تێیدا دەیان فیلمی کوردی پێشاندەدرێن. بەڕێوەبەری کارگێڕیی هونەریی فێستیڤاڵەکە، وردەکارییەکانی خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکەی بۆ رووداو ئاشکرا کرد.
 
رێکان سەیدا رایگەیاند: "دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ڤانکۆڤەر، لە رۆژانی 17 تا 19ـی تشرینی یەکەمی 2025 بەڕێوەدەبەین. ئەمساڵ پێشوازییەکی زۆر باش کرا، زیاتر لە 200 فیلممان پێگەیشتووە، دوای هەڵسەنگاندنیان، لیژنەکە 22 فیلمی کوردیی بۆ بەشداربوون هەڵبژاردووە". 
 
لەبارەی ئامانجی فێستیڤاڵەکە؛ گوتی، دەیانەوێت فێستیڤاڵەکە ببێتە پردێک بۆ ناساندنی سینەما، کولتوور و چیرۆکە مرۆییەکانی کورد بە بینەرانی بیانی و کەنەدی لە ڤانکۆڤەر.
 
سەبارەت بە خەڵاتەکانیش، رێکان سەیدا گوتی: "فیلمە بەشداربووەکان کێبڕکێ لەسەر چوار خەڵاتی سەرەکی دەکەن، کە بریتین لە: خەڵاتی باشترین فیلمی درێژ، باشترین کورتەفیلم، خەڵاتی لیژنەی دادوەران و خەڵاتی بینەران. لیژنەی دادوەریش لە ژمارەیەک سینەماکاری بەئەزموونی کەنەدی و کورد پێکدێت."
 
بەڕێوەبەری کارگێڕیی هونەریی فێستیڤاڵەکە، ئاماژەی بە پشتگیرییەکان کرد و گوتی: "هەروەک ساڵی پار، رەوەندی کوردی لە کەنەدا بە گەرمییەوە پێشوازییان لێکردین و چەندین کۆمپانیای کوردی بوونەتە سپۆنسەرمان، بەڵام جێگەی شانازییە کە ئەمساڵ بۆ یەکەمجار، شارەوانیی ڤانکۆڤەر بووەتە یەکێک لە سپۆنسەرە سەرەکییەکانمان. ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ فێستیڤاڵێک کە هێشتا لە دووەمین خولیدایە و نیشانەی گرنگیپێدانی فەرمییە بە کولتووری کوردی."
 
لەبارەی درووشمی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە، رێکان سەیدا گوتی: "درووشمی ئەمساڵ (زمانی دایک)ـە. لە رێگەیەوە دەمانەوێت گرنگی بدەین بە رۆڵی کاریگەری ژن لە گێڕانەوەی چیرۆک لە سینەمای کوردیدا. هەروەها تیشک بخەینە سەر ئەو دەنگە بەهێزانەی کە سینەمای ئێمەیان دەوڵەمەند کردووە".
 
جگە لە ئەمریکا و کەنەدا، لە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئەورووپا، رەوەندی کوردی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ساز دەکەن، لەوانەش لە لەندەن، بەرلین، ستۆکهۆڵم، برێمینگهام و هامبۆرگ.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێک لە فیلمی (ژیانی کڵۆ بەفرێک)

کازم ئۆز چیرۆکی خۆشەویستیی کچێکی تورک و کوڕێکی کورد لە هەولێر پێشاندەدات

ناوەندی سینەمای هەولێر، فیلمی سینەمایی (ژیانی کڵۆ بەفرێک) لە دەرهێنانی کازم ئۆز، دەرهێنەری کورد و بە ئامادەبوونی دەرهێنەرە لە هەولێر پێشاندەدرێت. فیلمەکە چیرۆکێکی ئەوینداریی نێوان کچێکی تورک و کوڕێکی کورد لە باکووری کوردستان دەگێڕێتەوە.