رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی بۆ چارەسەری شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی خوێن لە هەولێر رایدەگەیێنێت، هەمیشە لە دڵەڕاوکێدان بۆ دابینکردنی دەرمانی شێرپەنجە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 3-5-2026 د. هەردی جەواد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، هەمیشە لە دڵەڕاوکێداین بۆ دابینکردنی دەرمانی شێرپەنجە، ئەو بڕە دەرمانەی لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دێت هەرگیز 10%ی تێنەپەڕاندووە، لە کاتێکدا نزیکەی 30%ی نەخۆشەکانیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە دێن و لە نەخۆشخانەی نانەکەلی چارەسەر وەردەگرن.
سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی دەرمان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی گوتی، "داوامان لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق کردووە بۆ ئەوەی دەرمانمان بۆ دابینبکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەدەم داواکارییەکەمانەوە نەهاتوون."
د. هەردی جەواد هۆشدارییەکی توندیشی دا سەبارەت بە نەبوونی دەرمانی تایبەت بە هیمۆفیلیا و گوتی، "زیاتر لە شەش مانگە دەرمانی خوێنبەربوونە بۆماوەییەکانمان بەدەست نەگەیشتووە، مەترسیی جدی هەیە لەسەر تووشبووانی هیمۆفیلیا بەوەی تووشی خوێنبەربوون ببن."
لە کۆتاییدا، د. هەردی ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ دابینکردنی بەشێک لە پێداویستییەکانیان، پشتیان بە سەرچاوەی دیکە بەستووە و گوتی، "لەرێگەی سندوقی شێرپەنجە و خێرخوازانەوە توانیومانە بەشێک لە دەرمانەکانی شێرپەنجە دابینبکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ