رووداو - تەندروستی
جەژنی قوربانە و خواردنی گۆشت بە هەموو شێوەکانییەوە زیاد دەبێت، خۆراکناسێک رایدەگەیێنێت: ئاوی گۆشتاو رێژەی ئاسن بەرز دەکاتەوە و باشتریشە تکە و کەباب بەبێ نان بخورێن.
ئەوین هیوا، خۆراکناس تایبەت بە رووداو وەڵامی 7 پرسیاری باو لەبارەی خواردنی گۆشتی سوورەوە دەداتەوە، لە یەکێکیان دەڵێت: نەرمەگۆشت تەندروستترین بەشی گۆشتی سوورە کە دەوڵەمەندە بە پڕۆتین.
دەقی وەڵامی پرسیارەکان لەلایەن ئەوین هیوا، خۆراکناس لە هەولێر؛
رووداو: رۆژانە بڕی چەند گۆشتی سوور بخورێت ئاساییە؟
ئەوین هیوا: پشت بە تەمەن، رەگەز و کێشی کەسەکە دەبەستێت، بەڵام بە نزیکەی 120 گرام بۆ 200 گرامە بۆ منداڵیش کەمتر لە 120 گرامە.
رووداو: ئایا چ بەشێکی ئاژەڵ کەمترین کاریگەریی هەیە بۆ قەڵەو بوون؟
ئەوین هیوا: نەرمەگۆشت بڕێکی زۆر لە پڕۆتینی تێدایە و رێژەی چەوریی کەمترە، هەر بۆیە باشترە زیاتر گۆشتی نەرمە بخورێت، بۆیە باشتریشە کە ئەو بەشەی ئاژەڵەکە بخورێت کە چەوریی کەمە.
رووداو: گۆشت بە برژاوی بخورێت یان بە کوڵاویی نێو شلە، کامیان تەندروستترن؟
ئەوین هیوا: گۆشت هەرچۆنێک بێت ئاساییە، بەڵام گرنگە بە ئاوی خۆی بکوڵێت و ببرژێندرێت، رۆنی بۆ بەکارنەیەت یاخود دووبارە رۆنەکەی گەرم نەکرێتەوە، گۆشتی برژاویش نابێت رەش بووبێتەوە و ببرژێندرێت. هەروەها گرنگە کە سەوزە و زەڵاتە لەگەڵ گۆشتدا بخورێن.
رووداو: دوای خواردنی خۆراکی چەور، باشترین شت کە بکرێت چییە؟
ئەوین هیوا: نابێت دابنیشن و پاڵبکەون ئاخود بخەون. نابێت لەکاتی نانخواردنیشدا ئاوی زۆر بخورێتەوە، ئەگەریش حەزیان لە شیرینی بوو، ئەوا راستەوخۆ دوای ژەمەکە بیخۆن، بۆ ئەوەی ئاسانتر کۆنتڕۆڵی شەکری خوێن بکرێت.
رووداو: چەند شیش تکەی گۆشت ئاساییە لە ژەمێکدا بخورێت؟
ئەوین هیوا: شیشێک تکەی گۆشت بە نزیکەیی 90 بۆ 100 گرام گۆشتە، بەبێ نان بخورێت باشترە و دەتواندرێت دوو شیش تکە بخورێت، بەڵام ئەگەر بە نانەوە بوو، باشترە یەک شیش بخورێت و سەوزەشی لەگەڵدا بێت.
رووداو: ئایا نان بە کەباب و تکەی گۆشتەوە بخورێت؟ ئەگەر نەخورێت، جێگرەوەی چییە؟
ئەوین هیوا: نان رێژەیەکەی زۆری گلوتین تێداکە کە کێشەکانی کۆڵۆن زیاد دەکات و باشترە تکە و کەباب جێگرەوەکانی نانی سپییان پێوە بخورێن وەکو نانی بۆر، نانی تۆی شیا، نانی شۆفان، نانی تۆوی کەتان و نانی باوی. بەڵام ئەگەریش نەبوو دەتواندرێت بە کاهووەوە کەباب و تکەکە بخورێن.
رووداو: سوودی تەندروستیی ئاوی گۆشتاو چییە؟
ئەوین هیوا: ئاوی گۆشتاو بڕێکی زۆر پڕۆتین، چەوری و مادە کانزاییەکانی تێدایە، کۆلاجینێکی زۆری تێدایە، هەروەها گەشەی منداڵانیش باش دەکات و رێژەی ئاسنیش بەرز دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ