رووداو - تەندروستی
جێگری سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی کوردستان تایبەت بە رووداو رایگەیاند، سەندیکاکە پاڵپشت و رەزامەندە بە دامەزراندنی ئەو پزیشکانەی لە دەرەوەی وڵات خوێندنیان تەواو کردووە و بە پێویستیشی دەزانێت لەگەڵ پزیشکانی گشتیی هەرێمی کوردستاندا دابمەزرێن.
بەپێی ئەو نووسراوەی دەست رووداو کەوتووە، سەندیکای پزیشکانی کوردستان داواکارییەکی ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کردووە و رایدەگەیێنێت، ''پشتگیری لە داواکاریی دەرچووانی پزیشکی گشتیی دەرەوەی وڵات دەکەین کە لەژێر رێنمایی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە زانکۆ باوەڕپێکراوەکانی دەرەوەی وڵات کە بڕوانامەی پزیشکیی گشتیی (M.B.Ch.B)ـیان بەدەستهێناوە و یەکسانکردنی بڕوانامەیان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە''.
ئەمڕۆ سێشەممە 7-4-2026 د. شوان قادر، جێگری سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، مافی ئەو پزیشکانەیە کە ببنە ئەندامی سەندیکا و هاوشێوەی دەرچووانی پزیشکیی گشتیی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کارئاسانی بۆ دامەزراندنیان بکرێت.
د. شوان قادر جەختی لەوە کردەوە، ئەو پزیشکانە یاکسانکردنی بڕوانامە (تعدیل شهادة)ـیان لە هەرێمی کوردستان کردووە، واتە بەتەواوی باوەڕپێکراوە و وەکو ئەوەیە، لە نێو هەرێمی کوردستان خوێندبێتیان. هەر بۆیە سەندیکا پشگیرییان دەکات و داوای لە وەزارەتی تەندروستی کردووە نووسراوی دامەزراندنیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز بکاتەوە.
کەسی دووەمی سەندیکاکە ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا ئەو پزیشکانە تەنیا دەتوانن لە کەرتی تایبەتدا کار بکەن، ئەمەش دوای بەشداربوونیان لە خولێکی تایبەت بە پزیشکانی خولاو.
دکتۆر ئوسامە داود، پزیشکێکی دانەمەزراوە و لە دەرەوەی وڵات خوێندنی تەواو کردووە و دەڵێت: ئێمە نزیکەی 60 کەسین، هەموومان لە هەرێمی کوردستان یەکسانکردنی بڕوانامەمان کردووە.
بەگوتەی دکتۆر ئوسامە داود، وەزارەتی تەندروستی لیستی کردووە بۆ دامەزراندنی پزیشکانی گشتیی دەرچووی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 و ئەوانی تێدا نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ