لە کەرکووک یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە ئەمساڵدا تۆمارکرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ژنێکی خەڵکی کەرکووک تووشی تای خوێنبەربوون بوو. پشکنینەکەی رەوانەی بەغدا کرابوو و ئەمڕۆ دەرکەوت پۆزەتیڤە. 
 
ئەرجان محەممەد رەشید، بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پشکنینی ژنەکەی کەرکووک لە تاقیگەکەی ناوەندیی لە شاری بەغداوە گەڕایەوە و دەرکەوت تووشی تای خوێنبەربوون بووە".
 
بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک گوتی: "ئەمە یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوونە کە ئەم ساڵ تۆماردەکرێت". 
 
ژنەکە کوردە، دانیشتووی گوندی چیمەنە، ئێستا لە نەخۆشخانەی کەرکووک لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.  
 
دوێنێ چوارشەممە، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "باری تەندروستیی نەخۆشەکە ناجێگیرە و نیشانەکانی تای خوێنبەربوونی تێدا دەرکەوتووە و خوێن لە جەستەی دێت. پشکنینەکەی رەوانەی تاقیگەی ناوەندی لە بەغدا کراوە."
 
وەک رێکارێکی خۆپارێزی، تیمە تەندروستییەکان پشکنینیان بۆ کەسوکار و نزیکانی ژنەکەش کردووە و چاوەڕێی دەرچوونی ئەنجامی پشکنینی ئەوانیش دەکەن.
 
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا و لە رێگەی گەنە (قڕنە)وە بۆ ئاژەڵ دەگوازرێتەوە. ئاژەڵی ماڵی و کێوی وەک گوێزەرەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ دادەنرێن. بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە عێراقدا نوێ نییە و سەرەتاکەی بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە.
 
نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە ئەمانەن: سەرئێشە و ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو و سەر شان و سنگ، سکچوون و رشانەوە کە خوێنبەربوونی لەگەڵ دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە