لە هەرێمی کوردستان چاپتەرێکی جیهانیی پزیشکیی فریاکەوتن کرایەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە هەرێمی کوردستان چاپتەرێکی جیهانیی پزیشکیی فریاکەوتن کە سەر بە کۆلێژی نەشتەرگەرانی ئەمریکییە کرایەوە و لە یەکەم پڕۆژەدا 16 پزیشک و پسپۆڕی فریاکەوتن تێیدا بەشداربوون. سەرۆکی چاپتەرەکە پزیشکێکی کوردە و دەڵێ، چاپتەرەکە بە ناوی Advanced Trauma Life Supportـە و ئامانجی سەرەکی ئەوەیە پزیشکانی نێو هەرێمی کوردستان لە سەر سیستمی ئەمریکی فێری رێکارە فریاگوزارییەکان ببن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 8-4-2026 د. سادق عەزیز، سەرۆکی چاپتەری Advanced Trauma Life Support لە کۆلێژی نەشتەرگەرانی ئەمریکی بە رووداوی راگەیاند، ئەم پڕۆگرامە لە 80 وڵات دەکرێت و هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لەوان، لێرەدا پزیشکان فێردەکرێت بە باشترین و خێراترین کواڵیتی ژیانی نەخۆش رزگار بکەن لە بەشەکانی فریاکەوتن.
 
د. سادق عەزیز دەڵێت: 16 پزیشک و پسپۆڕ بەشدارییان تێدا کردووە و لەبری ئەوەی بچنە دەرەوە بۆ خوێندن و کۆرسەکە، لە ئەمریکاوە پزیشکیان بۆ هێندراوە تاوەکو کواڵیتیی کارەکانیان باشتر بێت و ژیانی نەخۆشیش بە خێرایی رزگار بکرێت.
 
ئەوەشی باس کرد کە ئامانجیانە پزیشک و پسپۆڕان هەمان پڕۆتۆکۆڵی چارەسەریی فریاگوزارییان هەبێت تاوەکو لە هەمووو نەخۆشخانەیەک هەمان کواڵیتیی چارەسەر پێشکێش بە نەخۆش بکەن.
 
د. سادق عەزیز، کە ئەندامێکی لقی هەرێمی کوردستانی کۆلێژی نەشتەرگەرانی ئەمریکی دەڵێت: کۆلێژی نەشتەرگەرانی ئەمریکی لە سەرتاسەری جیهان 121 لقی هەیە و زیاتر لە 90 هەزار پزیشک تێیدا ئەندامن، هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لەو لقانە و 100 پزیشکی ئەندامیشت هەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە