تیمێکی پزیشکانی ئیتاڵی بە پشتیوانیی نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە قەستەرە و هێڵکاریی دڵ بۆ دەیان منداڵ لە دهۆک دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

تیمێکی پزیشکانی ئیتاڵی بە پشتیوانیی نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە قەستەرە و هێڵکاریی دڵ بۆ دەیان منداڵ لە دهۆک دەکات و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک دەڵێت: تیمەکە پشکنین و نەشتەرگەری بۆ دەیان منداڵ دەکەن کە ئامادەکراون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 9-2-2026 د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، تیمەکە لە سەنتەری ئازادی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ پێکهاتوون لە نەشتەرگەری دڵ، پسپۆڕی بێهۆشکردن و چاودێریی چڕ بۆ ماوەی یەک هەفتە چەندین پشکنین و نەشتەرگەریی دڵ بۆ منداڵە نەخۆشەکان دەکەن.
 
د. ئەفراسیاب مووسا دەڵێت: هەر منداڵێک لەلایەن تیمە ئیتاڵییەکەوە پێشنیاز بکرێت کە ببرێتە ئیتاڵیا، ئەوا دەبرێت. هاوکات ئەوەشی باس کرد کە پشکنینەکان بریتی دەبن لە پشکنینی خوێن، هێڵکاریی دڵ و پشکنینی فیزیایی، پاشانیش زۆربەی نەشتەرگەرییەکان بە رێگەی قەستەرە دەکەن.
 
گەیشتنی تیمەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی تایبەتە بۆ بەهێزکردنی سیستمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی هاوکاریی نێوان رێکخراوی هیڤی، رێکخراوی SIA و نەخۆشخانەی جیانینا گاسلینی لە ئیتاڵیا. رێکخراوی هیڤی لە ساڵی 2005ـەوە دامەزراوە، لەلایەن بەشی تەندروستیی نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێ.
 
یەکێک لە پزیشکانی ئەو تیمە ئیتاڵییەی بە هاوئاهەنگیی رێکخراوی هێڤی و بە پاڵپشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشکنین و چارەسەر بۆ منداڵانی تووشبووی نەخۆشییە سکمکاییەکانی دڵ دەکەن دەڵێت: پزیشکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن هەموو ئەو کارانەی ئێمە دەیکەین، بە ئاسایی ئەنجامی بدەن و ئەوانیش بیکەن. (تەواوی قسەکانی بزانە)
 
د. محەممەد مەحموود، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی رێکخراوی هیڤی رایدەگەیێنێت، لە ساڵی 2006ـەوە تیمە ئیتاڵییەکان بە پاڵپشتیی نێچیرڤان بارزانی دێنە هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری ئەوانەی نەخۆشیی سکماکیی دڵیان هەیە.
 
رێکخراوی هیڤی دەڵێ، ساڵی 2024 زیاتر لە 227 هەزار منداڵی تووشبووی نەخۆشییە سکماکییەکانی دڵ سوودیان لە پڕۆژە چارەسەرییەکانیان بینیوە.
 
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی هیڤی، ساڵی 2024 چارەسەری سرووشتیان بۆ 20 هەزار و 807 کەس دابینکردووە کە نەخۆشییەکانی ئیفلیجی، پەککەوتەیی و ناڕێکیی جووڵەیان هەبووە.
 
ئەمە جگە لەوەی کە رێکخراوەکە چەندان کادیری تەندروستی لەسەر دەستی کەسانی شارەزا و لێهاتوو پێگەیاندووە تاوەکو لێهاتوویی و ئەزموونیان لێوە فێربن و بۆ خەڵکانی هەرێمی کوردستان بەکاری بهێنن.
 
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە زیاتر لە دوو ملیۆن و 503 هەزار نەخۆش چارەسەرییان لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی هیڤی بۆ کراوە.
 
رێکخراوەکە 547 نەخۆشی بۆ وەرگرتنی چارەسەر ناردووەتە ئیتاڵیا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خانمە پزیشکێک پشکنین بۆ پیاوێک دەکات. وێنە: The Atlanta Voice

توێژینەوەیەکی ماوەدرێژ: پیاوان بەراورد بە خانمان، زووتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ دەبن

رەنگە دوای خوێندنەوەی ئەم بابەتە، موچرکەیەک بە گیانتدا بێت و لەخۆت بپرسی کە ئیدی چی دەکەیت بۆ ئەوەی دڵت دوای 35 ساڵی بە تەندروست بمێنێتەوە؟ توێژینەوەیەکی شیکاریی ماوەدرێژ ئاشکرای دەکات، پیاوان لەدوای 35 ساڵیدا نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن لەنێویاندا دەستپێدەکات، بەڵام ئەمە لە خانماندا درەنگترە.