رووداو - تەندروستی
ئەم بەیانییە کەشتییە ئاسمانییەکەی ئاژانسی ناسا (ئارتێمیس 2)، دوای تەواوکردنی گەشتەکەی بۆ خولگەی مانگ کە زیاتر لە نۆ رۆژی خایاند، گەڕایەوە سەر زەوی. ناسا کۆمەڵێک پشکنینی وردی تەندروستی بۆ هەر چوار ئاسمانگەڕەکە دەکات.
ئاسمانگەڕەکان (رید وایزمان، ڤیکتۆر گلۆڤەر، کریستینا کۆک و جێرمی هانسن) گەیشتنە دووریی 406 هەزار و 771 کیلۆمەتر لە زەوی. لە بۆشایی ئاسمانیش بەهۆی ئەوەی هیچ بەرگێکی پارێزەر نییە بۆ گەڕانەوەی تیشکە زیانبەخشەکان وەک ئەوەی لە دەوری هەسارەی زەویدا هەیە، بۆیە کێشەی سەرەکیی تێکچوونی پێکهاتەی DNAـیە بەهۆی وزە و تینی خۆر.
د. هەیگ ئاینتابلیان، بەڕێوەبەری پزیشکیی کەشتیوانانی بۆشایی ئاسمان لە زانکۆی کلایفۆرنیا دەڵێت: هەرچەندە زیاتر بچیتە بۆشایی ئاسمان، ئەوەندە زیاتر بەر تیشک دەکەویت.
هەرچەندە د. هەیگ ئاینتابلیان ئەوەش باس دەکات، زۆرێک لە کاریگەرییە تەندروستییەکانی گەشتی ئاسمانی کاتین و کاتێک ئاسمانەوانەکان دەگەڕێنەوە باشتر دەبن، هەرچەندە هەندێکیان لە خۆگونجاندنەوە لەگەڵ هێزی کێشکردندا تووشی کێشە دەبن.
ئەمانە ئەو کێشانەن کە ئاسمانگەڕەکان دەشێت تووشیان ببن و پشکنینیان بۆ دەکرێت؛
- تیشکی بۆشایی ئاسمان
ئاسمانەوانەکان لە بۆشایی ئاسماندا بەر تیشکی وزەی بەرز دەکەون، بەپێچەوانەی زەوی کە بەرگەهەوا و بواری موگناتیسیی هەسارەکە پارێزگاری لێ دەکەن. ئەمە زیان بە DNA دەگەیێنێت کە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات و کێشەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت. پاشانیش سیستمی بەرگریی جەستە لاواز دەکات.
- نەمانی هێزی کێشکردن و تێکچوونی فیسیۆلۆژیی جەستە
پسپۆڕان دەڵێن، هێزی کێشکردن رۆڵێکی گرنگ لە رێکخستنی فرمانەکانی جەستەدا دەگێڕێت و نەبوونی ئەو هێزەش، شلەکانی جەستە بەرەو سەرەوە دەڕۆن و دووبارە گوێچکەی نێوەڕاست خۆی رێکدەخاتەوە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی جەستە. بۆیە بینین، هاوسەنگی، ئێسکەکان و رێکردن ناڕێک دەبن. بۆیە پشکنینی هاوسەنگی و چڕیی ئێسک و ماسوولکەیان بۆ دەکرێت.
ئەو پشکنینانەی بۆ کەشتیوانەکانی بۆشایی ئاسمان دەکرێن، دوای گەڕانەوەیان بۆ زەوی
- پشکنینی خوێن
- پشکنینی شانەیی و شێرپەنجە
- پشکنینی هاوسەنگی و گوێچکەی نێوەڕاست
- پشکنینی چڕیی ئێسکەکان
- پشکنینی چڕیی ماسوولکەکان
- پشکنینەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
- پشکنینی فەرمانەکانی مێشک و گۆڕانکارییە کیمیاییەکانی (بە تیشک)
- هەڵسەنگاندنە دەروونی و رەفتارییەکان
بڕیارە ئاسمانگەڕەکانی ئارتێمیس 2 دوای پشکنینی پزیشکی، لەم هەفتەیەدا لە ناوەندی کۆنترۆڵی گەشتەکان لە هیوستن، بە خێزانەکانیان شاد ببنەوە. کەپسوولی ئۆراینیش بە وردی دەپشکنرێت تاوەکو ئامادەکاری بۆ گەشتی داهاتوو و نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر مانگ بکرێت. (وردەکاریی گەشتەکە بزانە).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ