رووداو دیجیتاڵ
کەشتییە ئاسمانییەکەی ئاژانسی ناسا، دوای تەواوکردنی گەشتە مێژووییەکەی بۆ خولگەی مانگ، لە کەناراوەکانی کالیفۆرنیا لە زەریای هێمن نیشتەوە؛ ئەمەش وەک یەکەم گەشتی مرۆیی بۆ سەر مانگ لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدەدا دادەنرێت.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 11ی نیسانی 2026، کەپسوولی "ئۆراین" کە چوار ئاسمانگەڕی هەڵگرتبوو، بە سەرکەوتوویی لە ئاوەکانی نزیک سان دیێگۆ نیشتەوە. رێید وایزمان، فەرماندەی ئەرکەکە، دوای نیشتنەوەیان رایگەیاند، باری تەندروستیی هەموو تیمی گەشتەکە "جێگیر و زۆر باشە."
رۆب ناڤیاس، گوتەبێژی ناسا کە راستەوخۆ پرۆسەی گەڕانەوەکەی دەگواستەوە، رایگەیاند، "ئەمە نیشتنەوەیەکی نموونەیی بوو." جارد ئایزاکمان، بەڕێوەبەری ناسا، گەشتەکەی بە "ئەرکێکی بێ کەموکوڕی" ناوبرد و گوتی، "گەڕاینەوە سەر کارەکەی خۆمان بۆ ناردنی مرۆڤ بۆ مانگ و ئەمە تەنیا سەرەتایە. ئامانجمانە لە ساڵی 2028 لەسەر مانگ بنیشینەوە و دەست بە دروستکردنی بنکەی هەمیشەیی بکەین."
گەشتێکی مێژوویی و شکاندنی ریکۆردەکان
گەشتەکە بە کۆی گشتی 9 رۆژ و یەک کاژێر و 31 خولەکی خایاند. لەو ماوەیەدا ئاسمانگەڕەکان توانییان ریکۆردی دوورترین مەودا بشکێنن کە مرۆڤ لە زەوییەوە بۆی چووبێت، کە گەیشتنە دووریی 252 هەزار و 756 میل (406 هەزار و 771 کیلۆمەتر) لە بۆشایی ئاسماندا.
ئەم گەشتە تەنیا تاقیکردنەوەی تەکنیکی نەبوو، بەڵکو چەندین شتی جیاوازی تێدابوو؛ ڤیکتۆر گڵۆڤەر بووە یەکەم کەسی رەشپێست، کریستینا کۆک بووە یەکەم ژن و جێرمی هانسنی کەنەدیش بووە یەکەم کەسی نائەمریکی کە گەشت بۆ خولگەی مانگ بکەن.
ئاسمانگەڕەکان لە کاتی سووڕانەوەیان بە دەوری مانگدا، هەزاران وێنەی سەرنجڕاکێشیان گرتووە و چاودێریی دیاردەی خۆرگیرانیان کردووە، کە زانایانی ناسای سەرسام کردووە.
تاقیکردنەوەی قەڵغانی گەرمی
یەکێک لە مەترسیدارترین قۆناخەکانی ئەم گەشتە، گەڕانەوەی کەپسوولەکە بوو بۆ ناو بەرگەهەوای زەوی. کەشتییەکە بە خێراییەک دەهاتەوە کە 30 هێندەی خێرایی دەنگ بوو، پلەی گەرمییەکەشی گەیشتە نیوەی پلەی گەرمیی سەر رووی خۆر.
بەهۆی ئەو کێشانەی لە گەشتی "ئارتێمیس 1"دا لە قەڵغانی گەرمیدا دەرکەوتبوون، ناسا رێڕەوی گەڕانەوەی ئەمجارەی گۆڕی بۆ رێڕەوێکی لێژتر و کورتتر، تاوەکو مەترسییەکان کەم بکاتەوە.
بڕیارە ئاسمانگەڕەکان دوای پشکنینی پزیشکی، لەم هەفتەیەدا لە ناوەندی کۆنترۆڵی گەشتەکان لە هیوستن، بە خێزانەکانیان شاد ببنەوە. کەپسوولی ئۆراینیش بە وردی دەپشکنرێت تاوەکو ئامادەکاری بۆ گەشتی داهاتوو و نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر مانگ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ