رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەی رزگاری فێرکاری لە هەولێر پارچە گۆشتێک لە سوورێنچکی گەنجێکی تەمەن 25 ساڵان دەرهێنرا کە بەهۆی خواردنەوەی تێزابەوە تەسک ببووەوە.
د. شەهرام عەلی، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر و ناوبینی، بە رووداو رایگەیاند، "نەخۆشەکە گەنجێکی تەمەن 25 ساڵان بوو، پێشتر بەهەڵە تێزابی خواردبووەوە، ئەمەش بووەتە هۆی سووتانەوە و تەسکبوونەوەی سوورێنچکی."
بە گوتەی د. شەهرام عەلی، بەهۆی تەسکبوونەوەکە پارچە گۆشتێک کە درێژییەکەی 4 سانتیمەتر و پانییەکەی 2 سانتیمەتر بووە، لە سوورێنچکی نەخۆشەکەدا گیر بووە و لە رێگەی نازوورەوە بۆی دەرهێنراوە.
د. شەهرام عەلی، هۆشداریی دا و گوتی، "خواردنەوەی مادەی کیمیایی وەک فاس یان تێزاب، دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی سوورێنچک، هەر کەسێک کێشەی لە قووتدانی خواردن یان ئازاری هەبوو لەکاتی قووتدان، پێویستە سەردانی پزیشک بکات."
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەشکرد، چارەسەری تەسکبوونەوەی سوورێنچک بە نازوور یان نەشتەرگەری دەکرێت و گوتی، "پێویستە خۆراک بە هێواشی بخورێت و جوان بجورێت بۆ ئەوەی لە کێشەکانی گەدە و کۆڵۆن دووربکەوینەوە."
د. شەهرام عەلی، دڵنیایی دا کە دۆخی تەندروستیی نەخۆشەکە ئێستا جێگیرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ