رووداو - تەندروستی
لە ئەمڕۆوە دەزگای روانگە هەڵمەتی خوێنبەخشینی بە بانکەکانی خوێن لە هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە راگەیاند و ئامانجی سەرەکیشیان بەخشینی بڕی پێویستی خوێنە بە تووشبووانی تالاسیمیا و شێرپەنجە.
ئەمڕۆ دووشەممە 16-2-2026 حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە گوتی، کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان کە داوایان کردبوو، پێش مانگی رەمەزان هەڵمەتی خوێنبەخشین بکرێت، چونکە لەو مانگەدا بڕی خوێنەکان کەم دەبنەوە. هەر بۆیە رێکخراوەکە ئەوەی جێبەجێ کردووە و دوو رۆژ خوێنبەخشینی راگەیاند.
هەڵمەتەکە پێش مانگی رەمەزان کرا، چونکە لەو مانگەدا بەهۆی بەڕۆژووبوونەوە خوێنبەخشین کەم دەکات و پێش ئەو مانگەش دەزگای روانگە دەیەوێت زۆرترین بڕی خوێن لە بانکەکاندا هەبن بۆ ئەوەی کێشەی کەمیی خوێن دروستنەبێت.
بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی دەزگای روانگە لەنێو بانکی خوێنی هەولێر رایگەیاند، نەخۆشانی تالاسیمیا لە مانگی رەمەزاندا بەهۆی کەمبوونەوەی خوێنبەخشینەوە مەترسی دەکەوێتە سەر ژیانیان، بۆیە ئێمەش دەمانەوێت هۆکار بین لە کەمکردنەوەی ئەو مەترسییە.
ئەو گوتی کە ئامانجیانە لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان هەڵمەتەکە جێبەجێ بکەن.
''لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 600 تووشبووی تالاسیمیا هەن''
لای خۆشییەوە سوڵتان سالار، بەرپرسی راگەیاندنی لقی هەولێری کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان ئاشكرای دەکات، تووشبووانی تالاسیمیا لە هەولێر مانگانە پێویستیان بە هەزار و 600 بتڵی خوێن هەیە، کە تووشبووەکانی تالاسیمیاش لە هەولێر هەزار و 196 نەخۆشە، لە هەرێمی کوردستانیش سێ هەزار و 600 تووشبوو هەن.
''بانکی خوێنی سلێمانی پێداویستیی کەمە بۆ خوێنبەخشین''
سەربەست مەنمی، بەرپرسی دەزگای روانگە لە سلێمانی بە رووداوی گوت، هەرچەندە بانکی خوێن لە سلێمانی پێیان گوتووین کە پێداویستیی تەواوی خوێنبەخشینیان لەبەردەستدا نییە، بەڵام هەندێکتان بۆ دابین دەکەین.
هاوکات کۆچەر کەریم، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان بە رووداوی گوت، پارێزگای سلێمانی رۆژانە پێویستی بە 90 بوتڵ خوێن هەیە، بەڵام ماوەی ساڵێکە بانکی خوێنی سلێمانی گرفتی کەمیی پێداویستییەکانی وەک مەواد، کیسەی خوێن و دەرمانی هەیە. (قسەکانی بخوێنەرەوە).
''لە هەڵەبجە هەڵمەتەکە دەستیپێکردووە و سەتان خۆبەخش لەنۆرەدان''
لە هەڵەبجە هەڵمەتەکە دەستیپێکردووە و لەنێو بانکی خوێنی پارێزگاکە سەتان خۆبەخشی دەزگای روانگە لە نۆرەدان بۆ خوێنبەخشین.
بە گوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی لە ئەمریکا، خوێنبەخشین ئەم سوودە تەندروستییانەی هەیە؛
- هاوسەنگیی ئاسن لە خوێندا دەپارێزێت
- رێگە لە زیادبوونی ئاسن دەگرێت
- ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە کەم دەکاتەوە
- تەندروستیی جگەر و دڵ دەپارێزێت
- یارمەتیی کەمبوونەوەی کێش دەدات
- خانەی نوێی خوێن دروستدەبن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ