رووداو - تەندروستی
ئەنجوومەنی باڵای سەندیکای پزیشکانی کوردستان، لە بەرامبەر بڕیارێکی نوێی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دەوامی پزیشکانی فریاکەوتن چەند مەرجێک دادەنێت و دەڵێت، تاوەکو ئەو مەرجانە جێبەجێ نەکرێن، بڕیارەکە گونجاو نییە.
وەزارەتی تەندروستی لە راگەیێندراوێکدا بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان، جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە پزیشکی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین لەکاتی ئێشکگریدا لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکان بن و نابێت بە شێوازی (On Call) بن، واتە لەکاتی پێویستدا پەیوەندییان پێوە بکرێت ئینجا بگەڕێنەوە نەخۆشخانە.
بەگوێرەی رێنوێنییەکانی وەزارەتەکە، نابێت پزیشکی نیشتەجێی خولاو و دێرین لە رێگەی تەلەفۆنەوە راوێژ لە پزیشکی ئێشکگر وەربگرن، هەروەها ''نابێت پزیشکی پسپۆڕی ئێشکگر یان نیشتەجێی دێرین لەماوەی ئێشکگرییەکەیدا لە کلینیکی تایبەتی خۆی یاخود سەنتەر و نەخۆشخانەی تایبەت بێت.''
لە بەرامبەردا، د. چالاک قاشان، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سەندیکای پزیشکانی کوردستان رایگەیاند، ئەوان وەک سەندیکا نووسراوێکیان ئاراستەی داواکاری گشتی کردووە و تێیدا روونیان کردووەتەوە کە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە تەنیا کاتێک گونجاوە کە چەند مەرجێک جێبەجێ بکرێن.
مەرجەکانی سەندیکای پزیشکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە ئەمانەن؛
1- دابینکردنی شوێنی مانەوە و خۆراکی گونجاو بۆ پزیشکی پسپۆڕ.
2- دابینکردنی خانەی پزیشکان، خۆراک و پێداویستی بۆ پزیشکانی نیشتەجێی دێرین و خولاو.
3- بەردەستبوونی دەرمان، پێداویستیی پزیشکی، تاقیگە و تیشک لە هەموو فریاکەوتنەکان.
4- دابینکردنی میلاکی تەواو بۆ ئەو پسپۆڕییانەی کە ژمارەیان لە فریاکەوتنەکانی دەرەوەی شارەکان کەمە.
5- دابینکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا بۆ هەموو پزیشکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ