تەندروستی

چەند خوێندکارێک وانەی توێکاری دەخوێنن. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە لە خوێندکارانی پزیشکی دانراوە.
رووداو - تەندروستی
لە هەرێمی کوردستان پزیشکانی گشتیی دەرچووی 2024 داوای دامەزراندن دەکەن و بەگوتەی خۆیان حەوت مانگە بڕیاری راستەوخۆ دامەزراندنیان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دواکەوتووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، حەوت زانکۆ بەشی پزیشکیی گشتییان هەیە و ساڵی رابردوو، 778 پزیشکیان پێگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا هیچیان دانەمەزراون.
ژمارەی پزیشکانی گشتیی دەرچووی ساڵی 2024 بەپێی زانکۆکان بەم شێوەیەیە؛
- زانکۆی هەولێری پزیشكی؛ 273 پزیشک
- زانکۆی سلێمانی؛ 288 پزیشک
- زانکۆی دهۆک؛ 102 پزیشک
- زانکۆی زاخۆ؛ 21 پزیشک
- زانکۆی کۆیە؛ 43 پزیشک
- زانکۆی گەرمیان؛ 15 پزیشک
- زانکۆی کوردستان - هەولێر؛ 36 پزیشک
ئەمڕۆ سێشەممە 21-1-2025 دکتۆر لاس ئاراس، پزیشکێکی گشتیی دانەمەزراوە لە زانکۆی سلێمانی، بە رووداوی راگەیاند، دەبوایە لە مانگی 10ـی 2024 بڕیاری دامەزراندنیان دەرچووبێت، بەڵام دواکەوتووە و لە وەزارەتی تەندروستییەوە هیچ دەنگێک نییە بۆ بڕیارەکە.
دکتۆر لاس ئاراس گوتی، جگە لە پێویستیی نەخۆشخانە و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، ئەم دواکەوتنە کاریگەریی لەسەر سووڕی ماوەی کارکردن و نازناوی پیشەیی پزیشکانی خولاوی ئێستاش دەبێت، چونکە کەس دانەمەزراوە تاوەکو شوێنیان بگرێتەوە و ناچار ئەوانیش پێشکەوتنی نازناوەکەیان و شوێنی کارکردنیان بە جێگیری ماوەتەوە.
پزیشکانی گشتیی دەرچووی زانکۆی هەولێری پزیشكیی ساڵی 2024 لە یاداشتنامەیەکدا داوای دامەزراندن دەکەن و 'ئەگەر وەڵام نەدرێنەوە، بە خۆپێشاندان و گردبوونەوە ناڕەزایی دەردەبڕن'، دەشڵێن: ''دوای حەوت مانگ لە دەرچوونمان، تائێستا هیچ بڕیار و رێنماییەک لەبارەی دامەزراندنی ئێمەوە نییە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ