تەندروستی

ئاماژەدان بە ئامێرێکی بەنێوبانگ کە پزیشکان بەکاری دەهێنن. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە لە پزیشک دانراوە
رووداو - تەندروستی
پزیشکانی گشتیی تازەدەرچووی زانکۆی هەولێری پزیشكیی ساڵی 2024 لە یاداشتنامەیەکدا داوای دامەزراندن دەکەن و 'ئەگەر وەڵام نەدرێنەوە، بە خۆپێشاندان و گردبوونەوە ناڕەزایی دەردەبڕن'، دەشڵێن: ''دوای حەوت مانگ لە دەرچوونمان، تائێستا هیچ بڕیار و رێنماییەک لەبارەی دامەزراندنی ئێمەوە نییە''.
ئەمڕۆ سێشەممە 21-1-2025 دکتۆر راوێژ قادر، پزیشکێکی گشتیی تازەدەرچووە لە هەولێر بە رووداوی گوت، دامەزراندنمان پەیوەندیی بە وەزارەتی تەندروستییەوە هەیە و هەموو ساڵێک، دوای سێ مانگ دەرچووانی پزیشکیی گشتی دامەزراون، بەڵام ئەمساڵ 7 مانگ دواکەوتووە.
دکتۆر راوێژ قادر دەڵێت: ئەم دواکەوتنەی دامەزراندنیان لە خزمەتگوزاری و خزمەتی پیشەییان دوادەخات و سووڕی ماوەی کارکردنی پزیشکییان وەکو پزیشکی خولاو تێکدەدات.
رووداو زانیویەتی کە هیچ پزیشکێکی تازەدەرچووی 2024 لە سلێمانی، دهۆک و زاخۆ دانەمەزراون؛ هەر ئەمڕۆ د. سەبحان خەیری، پزیشکی گشتیی تازەدەرچووی 2024 لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، بە دهۆک و زاخۆوە 122 کەسن و بێئومێدبوون لە دامەزراندنیان.
دەقی یاداشتنامەکە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و سەندیکای پزیشکانی کوردستانە کە تیایدا هاتووە؛
''ئێمە کە دەرچووانی دانەمەزراوی ساڵی 2024ـی کۆلێژی پزیشکیی گشتی- زانکۆی هەولێری پزیشکین، ژمارەمان 273 دەرچووە، ئەوە جگە لە دەرچووانی دانەمەزراوی زانکۆی حکومییەکانی دیکەی پارێزگای هەولێر و پارێزگاکانی دیکە. لە ماوەی هەموو ساڵانی رابردوودا و دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی کەم، پزیشکان دامەزرێنراون، بەڵام تائێستا هیچ بڕیار و رێنماییەک لەبارەی دامەزراندنی ئێمەوە نییە، نیگەرانی پێشاندەدەین کە سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە 7 مانگ بەسەر دەرچوونمان، تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمی و یەکلاکەرەوە لەبارەی داهاتوومان نەدراوە، ئەوەش ئێمەی لە دۆخێکی نادڵنیا هێشتووەتەوە، لێدوان نەدان و بڵاونەکردنەوەی نووسراوی فەرمی لەسەر رێکارەکانی دامەزراندنمان لەلایەن لایەنانی پەیوەندیدار، دەرگەی بەڕووی ئومێدی بەتاڵی زارەکی و کاتی کردووەتەوە، ئەوەش دووبارە هۆکار بووە بۆ کەمکردنەوەی هیوای پزیشکان بە چارەسەرێکی حەتمی. ئەوە لە کاتێکدایە، بەهۆی بوونمان لە نەخۆشخانە حکومییەکان لە ماوەی خوێندنی پزیشکی، ئاگاداری کەمیی ژمارەی پزیشکانین لەو دامەزراوە حکومییانە، پێویست نەبوون و پڕبوونەوەی نەخۆشخانەکان بە ژمارەی پێویست لە پزیشک پاساو نییە بۆ دانەمەزراندنمان.''
پزیشکانی گشتیی دانەمەزراوی ساڵی 2024 ئەم داوایانەی خوارەوەیان لە یاداشتنامەکە نووسیوە؛
1- راگەیاندنی وادەیەکی دیاریکراو بۆ دامەزراندنمان.
2- لەدوای ئەم یاداشتنامەیەوە، وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان زانیاریی ورد و تەواومان پێبدەن لەبارەی رێکارەکانی دامەزراندنمان.
3- روونکردنەوەی فەرمی بۆ نەهێشتنی دەنگۆکان سەبارەت بە تێکهەڵکێشکردنی پزیشکانی حکومەتی هەرێم لە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکان.
هەر لەنێو یاداشتنامەکە هاتووە، ''وەک دەستەی پزیشکانی دانەمەزراو و بەناوی سەرجەم پزیشکانی دانەمەزراوەوە، مەبەستمانە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەکەمان چارەسەر بکرێ. ئەوەش رادەگەیەنین کە چیتر توانای چاوەڕوانیمان نەماوە و لە ئەگەری درێژەدان بەو خەمساردییەی تائێستا هەیە، ماوەی 10 رۆژ و تاکوو 31ـی کانوونی دووەم، دەرفەت بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدەین کە بە فەرمی وەڵامی داواکارییەکانمان بدەنەوە و بڕیار لەسەر دۆسیەکەمان بدەن. بە پێچەوانەوە، هەر رێگەیەکی مەدەنی و دیموکراسییانە لە گردبوونەوە و خۆپیشاندان و چالاکی ناڕەزایەتی لەبەردەگرین و لەو چوارچێوەیەشدا بازنەی دەربڕینی ناڕەزایەتی و چالاکییە مەدەنییەکانمان بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان فراوان دەکەین. هەر لە ئێستاشەوە داوا لە تەواوی پزیشکانی دەرچووی دانەمەزراو لە سەرجەم زانکۆ و شارەکانی دیکە دەکەین بە رێگەی مەدەنی و یاسایییانە بەشداری لە دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەرزکردنەوەی داواکارییە رەوا هاوبەشەکانمان بکەن.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ