رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە بەریتانیا دەریخستووە، بۆماوەیی مرۆڤ رۆڵی هەیە لە کاریگەریی دەرزییەکانی دابەزاندنی کێش.
توێژینەوەکە لە زانکۆی کامبریج لە بەریتانیا کراوە و زانیاریی لە سەر 28 هەزار کەس وەرگرتووە، کە دەرمانەکانی دابەزاندنی کێش وەک (Wegovy) و (Mounjaro)یان بەکارهێناوە دەرکەوتووە گۆڕانکاری لە دوو جینی پەیوەست بە هۆرمۆنەکانی ریخۆڵەدا، کە ئارەزووی خواردن و هەرسکردن رێکدەخەن، رۆڵیان هەیە لە شێوازی کارکردنی ئەم دەرمانانە.
زانکۆ بەریتانییەکە ئاماژە بەوەدەکات یەکێک لە گۆڕانکارییەکان لە جینی (GLP1R)دا، پەیوەستبووە بە دابەزینێکی زیاتری کێش لەو کەسانەی کە دەرزییەکەیان بەکارهێناوە، گۆڕانکارییەکی دیکەش لە جینی (GIPR)دا، پەیوەستبووە بە دەرکەوتنی کاریگەریی لاوەکی وەک دڵتێکەڵهاتن و رشانەوە لەو کەسانەی کە دەرمانی تیرزێپاتایدیان بەکارهێناوە، بەڵام کاریگەریی لەسەر رادەی دابەزینی کێش نەبووە.
د. ماری سپریکلی سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی کامبریج گوتی "هەرچەندە ئەم جیاوازییە بۆماوەییانە رۆڵیان هەیە، بەڵام کاریگەرییەکەیان کەمە و هۆکاری دیکەی نابۆماوەیی وەک رەگەز، تەمەن و جۆری دەرمانەکە رۆڵی گەورەتریان هەیە لە دیاریکردنی جیاوازیی کاریگەرییەکە."
د. ماری سپریکلی ئاماژەی بەوەکرد "ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە کاریگەریی دەرمانەکانی دابەزاندنی کێش، بەڵام کاریگەریی بۆماوەیی لەسەر دەمانەکان کەمە و هێشتا زانیارییەکان ئەوەندە نین کە بۆ چارەسەر پشت بە زانیاریی بۆماوەیی ببەسترێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ