رووداو - تەندروستی
لە سلێمانی دەست بەسەر کۆگەیەکی شاراوەی دەرماندا گیرا کە لەنێو دەرمانخانەیەکدا بوو؛ ''دەرمانەکانی قاچاخ بوون'' و ئەندامێکی سەندیکای دەرمانسازانیش دەڵێت: زۆرینەی دەرمانە قاچاخەکان هی نەخۆشییە درێژخایەنەکانن.
ئەمڕۆ سێشەممە 24-6-2025 بەڕێوەبەرایەتیی کواڵیتیی کۆنتڕۆڵی دەرمان لە هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لیژنەکانی تەندروستیی سلێمانی لەگەڵ سەندیکای دەرمانسازان دەستیان بەسەر کۆگەیەکی دەرماندا گرتووە کە پڕ بووە لە دەرمانی قاچاخ و ئەو کۆگەیەش رێک لەنێو دەرمانخانەیەکدا بووە.
هەر ئەمڕۆ د. ئەحمەد کەسنەزانی، ئەندامی لقی سلێمانیی سەندیکای دەرمانسازان بە رووداوی راگەیاند، زیاتر دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بە قاچاخ دەهێندرێن، چونکە زۆرجار دەرمانی کۆمپانیای دیاریکراو نامێنێت و خواستی زۆریشیان لەسەرە.
لەبارەی سزاکانەوە ئەوە باس دەکات، لە ئاگادارکردنەوەوە تاوەکو داخستن سزای هەر دەرمانخانەیەک دەدەن کە دەرمانی قاچاخی تێدا بێت.
لەکۆتاییدا بە هاونیشتمانییانی گوت، باشترین رێگەی ناسینەوەی دەرمانی قاچاخ ئەوەیە کە ستیکەری پێوە نییە، دەرمانە قاچاخەکانیش بە مەترسی ناودەبات چونکە؛
- بە رێگەی نایاسایی، نازانستی و نەگونجاو هاوردە دەکرێن.
- بەهیچ فیلتەرێکی کواڵیتیی کۆنتڕۆڵدا تێناپەڕن.
- دەشێت لەکاتی هاوردەکردنیان لەنێو ساردکەرەوەدا نەبن و پلەی گەرمیی زۆریان بەرکەوتبێت.
- زۆرجار مادەکانی نێو دەرمانەکە خراپ بوون، چونکە بە نازانستی هاوردەکراون.
- دەشێت مادەی چالاککەری نێو دەرمانەکەی تێدا نەبێت.
- لە ئەگەری هەر ناڕێکی و خراپییەک لە دەرمانەکە، ناتواندرێت سەرچاوەی بەرهەمهێنانی بدۆزرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ