لە زانکۆی لوبنانی فەرەنسی رێگەکانی کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر کەرتی تەندروستی تاوتوێکران

25-01-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

ئەمڕۆ لە زانکۆی لوبنانی فەرەنسی بە هاوئاهەنگیی دەزگای روانگە سیمپۆزیۆمێک بە ناوی ''زانستە تەندروستییەکان و پەرستاری'' بەڕێوەچوو، لە پانێڵێکدا باسی رێگەکانی کەمکردنەوەی گوشاری سەر نەخۆشخانەکان کرا و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێریش گوتی، ''پێویستە بنکە تەندروستییەکان باشتر خزمەت بکرێن''.
 
پانێڵەکە بە ئامادەبوونی هەریەک لە د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر - پرۆفیسۆر حەمدیە میرخان، راگری کۆلێژی زانستە تەندروستییەکانی زانکۆی هەولێری پزیشکی - د. چنار سنجاوی، بەرپرسی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی بەڕێوەچوو.
 
''لە هەرێمی کوردستان کەمتر کار لەسەر خۆپارێزی لە نەخۆشییەکان کراوە''
 
د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر رایدەگەیێنێت، ئێستا کاتی ئەوەیە کار لەسەر {رێگەکانی پێشگیریکردن و زیادبوونی رێژەی شێرپەنجە} بکرێت، هەروەها بایەخی زیاتر بە توێژینەوەکان بدرێت و ببنە بنەمای کارکردن.
 
بەگوتەی د. دلۆڤان، لە هەرێمی کوردستان کەمتر کار لەسەر خۆپارێزی لە نەخۆشییەکان کراوە، هاوکات بنکە تەندروستییەکان بە هێڵی سەرەکییش دەزانێت بۆ کەمکردنەوەی گوشاری سەر نەخۆشخانەکان؛ هەر بۆیە دەڵێت: ''پێویستە بنکە تەندروستییەکان باشتر خزمەت بکرێن''.
 
بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر ئاشکرای دەکات، زیاتر لە 10 ساڵە بەهۆی کێشەی بودجەوە، خزمەتگوزاریی بنکە تەندروستییەکان لاوازبووە و وایلێهاتووە کە هاووڵاتییان روو لە نەخۆشخانە گەورەکان بکەن، ئەمەش گوشاری سەر نەخۆشخانە گشتییەکانی زیادکردووە، بۆ نموونە رۆژانە نزیکەی 2 هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی رزگاری دەکەن.
 
باسی بیمەی تەندروستی دەکرێت و د. دلۆڤان محەممەد دەڵێت، ''لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی زیاتر لە کەرتی تەندروستی کراوەتەوە، بەڵام بەهۆی کێشەی بودجەوە، رەنگە ئەستەم بێت هەموو پێداویستییەکانی بۆ دابینبکرێت و ئەمەش دەکرێت بە بیمەی تەندروستی چارەسەر بێت''.
 
لەبارەی شێرپەنجەوە گوتی، ئەرکی حکومەت، رێکخراو و کەناڵەکانی راگەیاندنە کە هۆشیاریی تەندروستی و هاندان بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە بڵاوبکەنەوە، چونکە دەتواندرێت بەشێکی زۆری هۆکارەکانی شێرپەنجە کۆنتڕۆڵبکرێن و پێشگیری لە نەخۆشییەکە بکرێت.
 
''رێژەی پەرستاران نزیکەی دوو بۆ سێ ئەوەندە لە رێژەی پزیشکان زیاترە''
 
پرۆفیسۆر حەمدیە میرخان پیرانی، راگری کۆلێژی زانستە تەندروستییەکانی زانکۆی هەولێری پزیشکی ئاشکرای دەکات، ژمارەی پەرستاران زۆر لە ژمارەی پزیشکان زیاترە و نزیکەی دوو بۆ سێ ئەوەندەیە، بەڵام نزیکەی 10 ساڵە هیچیان دانەمەزراون؛ ئەمەشی بە کێشەیەکی سەرەکیی بەردەم پەرستاران لە هەرێمی کوردستان دانا.
 
پرۆفیسۆر حەمدیە پیرانی دەڵێت: رۆڵی پەرستار زۆر گەورەترە لەو رۆڵەی کە پزیشک دەیبینێت، چونکە پەرستاران پاڵپشتیی دەروونی و کۆمەڵایەتیش پێشکێش بە نەخۆش دەکەن.
 
هەر بۆیە پێشنیازدەکات، لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی پەرستاران بکرێت و رێگە چارەی جیدی بۆ باشترکردنی داهاتوویان بدۆزرێتەوە.
 
''وڵاتی ئێمە پێویستی بە هۆشیاریی زیاترە بۆ دەستنیشانکردن و پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجە''
 
د. چنار سنجاوی، بەرپرسی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی دەڵێت کە ''ئامارەکانی تووشبووانی شێرپەنجە بە ژمارە نابێت بەراورد بکرێت، بەڵکو دەبێت رێژە وەربگیرێت و بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان وەربگیرێت''.
 
د. چنار سنجاوی دەشڵێت: ساڵ بە ساڵ رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە روو لە زیادبوونە، هەر بۆیە پشکنینی پێشوەختە بە رێگە چارەسەر زوو چارەسەرکردن و زوو پێشگیریکردن لێی دادەنێت.
 
ئەویش دابینکردنی بیمەی تەندروستی بە کارێکی زۆر پێویست دادەنێت بۆ هاندانی خەڵک تاوەکو پشکنینی پێشوەختە بکەن، بۆ ئەوەی ئەوانەشی توانای داراییان نییە پشکنینەکە بکەن، لەڕێگەیەوە ئاسانکارییان بۆ بکرێت.
 
سنجاوی پێشنیازدەکات، زیاتر و زیاتر هۆشیاریی تەندروستی بۆ پشکنین و رێگەکانی دەستنیشانکردنی شێرپەنجە لەلایەن مامۆستایان و کەسایەتییەکانی نێو کۆمەڵگەوە بڵاوبکرێتەوە.
 
لە هەولێر ئەمڕۆ شەممە 25-1-2025 یەکەم سیمپۆزیۆمی ناوەندی لێکۆڵینەوەی دەزگای روانگە لە زانکۆی لوبنانی فەرەنسی بەڕێوەچوو، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگاکە دەڵێت: ئامانجمانە بەشێک لە هەڵە و کەموکورتییەکانی نێو کەرتی تەندروستی بخەینە بەرباس و پێشنیازی چاککردنیشیان باسبکەین.
 
ئامانجی سیمپۆزیۆمەکە دەرخستنی تواناکانی توێژەران و ئاشکراکردنی ئەنجامی توێژینەوە جیاوازەکانە لەبوارە هەنووکەییە تەندروستییەکان، بەتایبەت شێرپەنجە و گۆڕانی کەشوهەوا و باسکردنی داهێنانە تەندروستی و پزیشکییەکان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە