پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆ؛ ئەوەی وازی لە تووتن هێناوە، ئۆتۆمبێلێکی کیلۆمەتر سفر دەباتەوە

27-05-2025
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
لۆگۆی کۆمپانیای شێری سەراب و ئەنتیتۆباکۆ لەگەڵ ئۆتۆمبێلە خەڵاتەکە.
لۆگۆی کۆمپانیای شێری سەراب و ئەنتیتۆباکۆ لەگەڵ ئۆتۆمبێلە خەڵاتەکە.
A+ A-
رووداو - تەندروستی

ئۆتۆمبێلێکی کیلۆمەتر سفر خەڵاتی بەشداربووانی پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆی رووداوە. ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری تیگۆ حەوت پڕۆیە، لەلایەن کۆمپانیای سەراب، بریکاری کۆمپانیای شێریی چینی دابینکراوە. بەشداربووە سەرکەوتووەکان لە چاوەڕوانی خەڵاتە گەورەکەن و یەکێکیان دەڵێت: لە نیکۆتین خاوێن بوومەتەوە و پشت بە خودا ئۆتۆمبێلەکەم بۆ دەردەچێت.
 
میکایل سەمعان، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سەراب ئۆتۆ دەڵێت: "هەموو ئۆتۆمبێلەکانمان تایبەتمەندن، بەڵام ئێمە بۆ خەڵاتەکە ئۆتۆمبێلی تیگۆ حەوتمان هەڵبژارد. ئەو ئۆتۆمبێلە زۆرترین فرۆشی هەیە، لە باشترینەکانە و خواستی زۆری لەسەرە، خێزانییە، سپۆڕتە و ئۆتۆمبێلێکی زۆرباشە".
 
ئەنتیتۆباکۆ، پڕۆژەیەکی تۆڕی میدیایی رووداوە، بۆ وازهێنانی هاونیشتمانییان لە جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلە. محەممەد قاسم بەشداربوویەکی ئەنتیتۆباکۆیە و لە قۆناخی دووەمی پشکنینەکانی دوای راوێژی پزیشک و وەرگرتنی چارەسەری دەرکەوتووە، بە تەواوی پاک بووەتەوە لە تووتن و ناوی چووەتە نێو تیروپشکنی بردنەوەی خەڵاتەکە.
 
ئەو دەڵێت: ''سەرەتا پشکنینم کرد، زۆر خراپ بوون، بەڵام لە قۆناخی دووەم دووبارە پشکنینم کرد و دەرکەوت جەستەم پاک بووەتەوە لە تووتن، ئیشەڵڵا وەکو پشتگیرییەک ئۆتۆمبێلەکەشم بۆ دەردەچێت''.
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، خولی چوارەمی ئەنتیتۆباکۆ دەستیپێکردووە، نزیکەی 15 هەزار کەس بەشداری پرۆژەکەیان کردووە. بەشێکیان زیاتر لە 20 ساڵ جگەرەکێش بوونە.
 
عەبدولڕەحمان رۆستەم، بەشداربووی ئەنتیتۆباکۆیە و بە گوتەی خۆی، منداڵەکانی کاریگەرییان لەسەر هەبووە، هانیان داوە واز لە جگەرەکێشان بهێنێت، ئەو دەڵێت، منداڵە بچووکەکەی چەند جارێک پێی گوتووە، ''ئەو بۆنە ناخۆشە چییە لێت دێت؟''. هەر ئەوەش زۆر کاری لە عەبدولڕەحمان کردووە کە واز لە جگەرەکێشان بهێنێت.
 
لە کۆتایی پڕۆژەکە 100 کەس ناویان دەچێتە نێو تیروپشکی بەدەستهێنانی ئۆتۆمبێلەکەی ئەنتیتۆباکۆ. بڕیارە 31ی ئەم مانگە رێوڕەسمی کۆتایی پڕۆژەکە بەڕێوەبچێت.
 
د. رێباز هەمزە، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و سەرپەرشتیاری زانستیی پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆ دەڵێت: ئەو بەشداربووانەی پێویست بوایە، پشکنینی خوێن و پشکنینی تیشکیان بۆ کردوون، زۆرجاریش نەخۆش تووشی شۆک دەبوو کە دەیزانی تەمەنی سییەکانی زۆر لە تەمەنی خۆی گەورەترە. هەروەها گوتی، ''بە شێوەیەکی گشتی زۆرینەی بەشداربووان تەمەنی سییەکانیان 10 ساڵ لە تەمەنی خۆیان زیاتر بووە''.
 
ئەنتیتۆباکۆ گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی خولی چوارەمی، لە 2017 بۆ 2020ـیش سێ خولی لێ بەڕێوەچووە، بە هەزاران کەس لەڕێگەیەوە وازیان لە جگەرە،ڤەیپ و نێرگەلە هێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە