قەیرانی گۆشت؛ قوربانییەکی نوێی جەنگی ئێران و داخرانی تەنگەی هورمز

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
لونا خالید
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکان لە ناوچەی کەنداو و داخرانی کارای "تەنگەی هورمز"، دوو لە گەورەترین هەناردەکارانی گۆشت لە جیهاندا (نیوزیلاند و بەرازیل) رووبەڕووی ئاستەنگی گەورەی لۆجستی و ئابووری بوونەتەوە.
 
نیوزلاند ساڵانە بە بەهای نزیكەی 300 ملیۆن دۆلار گۆشت بۆ وڵاتانی کەنداو دەنێرێت. بەهۆی جەنگ و هێرشەکانەوە، ئێستا گەورەترین مەترسی لەسەر "گۆشتی ساردکراوەکان" (فرێش) دروست بووە؛ چونکە ئەگەر کەشتییەکان رێڕەوی خۆیان بگۆڕن بۆ دەریای سوور یان بە دەوری کیشوەری ئەفریقادا بڕۆن، ماوەیەکی زۆرتر دەخایەنێت و ئەمەش کوالێتی گۆشتەکە تێکدەدات. جگە لەوە، جوتیارانی نیوزیلاند بەهۆی گرانبوونی سووتەمەنی و پەینی کیمیاییەوە کەوتوونەتە ژێر پەستانێکی دارایی زۆرەوە.
 
لە لایەکی دیکەوە، هەناردەکارانی بەرازیل کە گەورەترین دابینکەری مریشک و مانگان لە جیهاندا، هەوڵ دەدەن بە هەر نرخێک بێت بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزن. ئەوان بۆ گەیاندنی گۆشت بە وڵاتانی وەک عێراق، قەتەر و ئیمارات، رێڕەوی کەشتییەکانیان گۆڕیوە و لە هەندێک شوێندا پەنایان بۆ گواستنەوەی وشکانی و بارهەڵگر بردووە. هەرچەندە تێچووی گواستنەوە، کۆگاکردن و "بیمەی مەترسییەکانی جەنگ" بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرزبووەتەوە، بەڵام کۆمپانیا بەڕازیلییەکان ئەم تێچووە لەگەڵ بازرگانانی ناوچەکە دابەش دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە پەککەوتنی بازاڕ بگرن.
 
ئەم قەیرانە تەنیا کێشەی گواستنەوە نییە، بەڵکو راستەوخۆ کاریگەری لەسەر سفرەی هاونیشتیمانیان دەبێت. بەرزبوونەوەی تێچووی سووتەمەنی و کەمیی کۆنتێنەرە ساردکەرەوەکان، وادەکات نرخی گۆشت لە بازاڕەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو گران بێت. ئەگەر ئەم جەنگە درێژە بکێشێت، جیهان رووبەڕووی قەیرانێکی قووڵتری ئاسایشی خۆراک دەبێتەوە و نرخی گۆشت وەک پێداویستییەکی سەرەکی، روو لە هەڵکشانێکی زۆر دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند ئاژەڵێک.

پسپۆڕێک: داخستنی تەنگەی هورمز کارەسات بۆ کەرتی ئاژەڵداری دروستدەکات

پسپۆڕێک هۆشداری دەدات لەوەی هەر جۆرە و شەڕ و ئاڵۆزییەک کە دەبێتە هۆی داخستنی تەنگەی هورمز، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەرتی تەندروستیی ئاژەڵ و پیشەسازیی کشتوکاڵ لە سەرانسەری جیهاندا دەبێت.