بەهۆی تۆمارکردنی ڤیدیۆیەک لەنێو نەشتەرگەری، 11 پزیشک و کارمەندی تەندروستی سزا دران

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە پاکستان رێکاری تووند بەرامبەر 11 پزیشک و کارمەندی تەندروستیی نەخۆشخانەیەک دەرچوو کە لەنێو نەشتەرگەرییەکدا ڤیدیۆیان تۆمار کردووە و پێشبڕکێیان لە خێراتەواوبوونی نەشتەرگەرییەکە کردووە. ئەوان چیدیکە ناتوانن کار بکەن.
 
ئەو پزیشک و کارمەندانە لە نەخۆشخانەی لەیدی ویلینگدۆن لە پاکستان لەنێو هۆڵێکی نەشتەرگەری و بەدەم نەشتەرگەرییەوە ڤیدیۆکەیان بڵاو کردووەتەوە کە دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
 
ئەوەی ڤیدیۆکەی خستە جێی پرسیار ئەوە بووە کە ئەوان گوتویانە، دوو نەشتەرگەریی منداڵبوون لە یەک کاتدا دەکرێن و خۆیان کردووە بە دوو گرووپ، پێشبڕکێیان کردووە لەوەی کامیان نەشتەرگەرییەکە زووتر تەواو بکات. پاشانیش پەنجەی سەرکەوتنیان بەرز کردووەتەوە.
 
خواجە عیمران نەزیر، وەزیری تەندروستیی هەرێمی پونجاب دەڵێت: رێکاری تووند بەرامبەر هەر پێشێلکارییەک دەگیرێتە بەر کە پێشێلی رەوشتی پزیشکی تێدا کرابێت.
 
تەندروستیی وڵاتەکە روونی دەکاتەوە، مامەڵەکردن بە گیانی نەخۆش بە هەر شێوەیەک بێت کارێکی نامرۆڤانەیە و لەگەڵ رەوشتی پزیشکیدا یەکناگرێتەوە. هەر بۆیە 5 پزیشکی خوێندنی باڵا، پزیشکێکی پسپۆڕ، 2 پەرستار، سەرپەرشتیارێکی پزیشکی، سەرۆکی بەشی خانمان و منداڵبوونی نەخۆشخانەکە و کارمەندێک لە کارەکانیان راگیران.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە