هەڤپەیڤین
مەحموود عوسمان، راوێژکاری وەزارەتی پلاندانان و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێریی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەغدا بە راگەیاندنی ئەنجامەکانی سەرژمێری، سەرجەم رێککەوتنەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی "پێشێل کردووە."
مەحموود عوسمان، راوێژکاری وەزارەتی پلاندانان و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێریی هەرێمی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2004ـەوە لە هەموو شوێنێکی دیکەی عێراق پەرۆشتر بووین بۆ کردنی سەرژمێری، بەڵام هەموو جارێک لە بەغداوە رادەگیرا."
راوێژکارەکەی وەزارەتی پلاندانان نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی چارەنووسی "ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان" دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، هەوڵەکان بۆ ئەوە بوون سەرژمێرییەکە نەکرێتە سیاسی و کورد تێیدا زەرەرمەند نەبێت، بەو پێیەی لە هەموو سەرژمێرییەکانی رابردوودا جگە لە ساڵی 1957، کورد زەرەرمەند بووە."
"بەغدا لە بەڵێنەکانی پاشگەز بووەوە"
مەحموود عوسمان ئاشکرای کرد کە لە ساڵی 2019ـەوە چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆ کراون، بەتایبەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی دیموگرافی لە ناوچە کوردستانییەکان.
بەگوێرەی رێککەوتنەکان، دەبوو ئەو کەسانەی دوای ساڵی 2003 روویان لەو ناوچانە کردووە، لەسەر پارێزگاکانی خۆیان تۆمار بکرێن، بەڵام مەحموود عوسمان دەڵێت: "هەنگاو بە هەنگاو کە لە رۆژی سەرژمێری نزیک دەبووینەوە، هەستمان دەکرد وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئاماری بەغدا لە بەڵێنەکانیان پاشگەز دەبنەوە."
پێشێلکردنی بڕیارە 7 خاڵییەکەی سوودانی
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێریی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەرۆکی رێککەوتنەکان بە (رووداو)ی گوت، دوای کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیار لەسەر 7 خاڵ درا، کە گرنگترینیان بریتی بوو لە:
یەکەم: پشت بەستن بە سەرژمێریی ساڵی 1957 و دروستکردنی دوو تۆماری جیاواز (تۆمارێک بۆ دانیشتووە رەسەنەکان و ئەوی دیکە بۆ ئەوانەی دوای 1957 هاتوون).
دووەم: رانەگەیاندنی ئەنجامەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان تاوەکو پرۆسەی بەراوردکاری داتاکانی 2024 لەگەڵ 1957 تەواو دەبێت.
مەحموود عوسمان دەڵێت: "بەغدا بێ گوێدانە بڕیارەکانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و رێککەوتنەکان، ئەنجامەکانی راگەیاند و ئەو دوو تۆمارەی دروست نەکرد، ئەمەش نیگەرانیی دروستکردووە."
هەڵوێستی هەرێمی کوردستان
لەبارەی هەڵوێستی فەرمیی هەرێمی کوردستان، راوێژکارەکەی وەزارەتی پلاندانان گوتی: "وەزیری پلاندانان و بریکاری وەزیر هەموو شتێکیان روون کردووەتەوە؛ ئێمە نیگەرانین و چاوەڕێی وەڵامی حکومەتی فیدراڵ دەکەین."
سەبارەت بەوەی ئایا هەرێمی کوردستان دان بە ئەنجامەکاندا دەنێت یان نا، مەحموود عوسمان گوتی: "تاوەکو ئێستا داتای وردمان بەدەست نەگەیشتووە و نازانین لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە ژمارەی هاوردەکان چەندە، ئەو دوو تۆمارە دەبوو هەموو شتێک روون بکاتەوە کە نەکرا، بۆیە تاوەکو وەڵامی بەغدا روون نەبێتەوە، وەڵامی ئەو پرسیارانەمان لا نییە."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: تاوەکو ئێستا چ رێکارێک گیراوەتەبەر بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی لە راگەیاندنی ئەنجامی سەرژمێریدا کراوە؟
مەحموود عوسمان: ئێمە وەک هەرێمی کوردستان، لە هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق زیاتر پێویستمان بە سەرژمێری بوو، لە ساڵی 2004ـەوە، هەوڵدەدەین بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتووان و هەموو جارێک ئامادەکاریمان کردووە بۆ سەرژمێری بەڵام دواتر لەلایەن عێراقەوە ئەنجامدانی سەرژمێری راگیراوە، بەڵام دوای ساڵی 2019 دوای شەڕی داعش بڕیاری سەرژمێری درا و لە پەرلەمان بە یاسا بڕیاردرا سەرژمێری ئەنجام بدرێت و ئامادەکارییەکان بۆ سەرژمێری ئەنجامدرا، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ماوەی 37 ساڵ بوو هیچ سەرژمێرییەک ئەنجام نەدرابوو، بۆیە بەردەوام چاومان لەسەر ناوچەکانی مادەی 140 بوو، بۆیە دەمانویست سەرژمێری نەبێتە هۆی زەرەرمەندیمان لەو ناوچانە.
رووداو: ئێستا سەرژمێری زیانی بۆ کورد هەبووە لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان؟
مەحموود عوسمان: نیوەی پانتایی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدایە، بۆیە بیرمان لەشێوازی جێبەجێکردنی سەرژمێری لە ناوچەکانی مادەی 140 دەکردەوە، بۆ ئەوەی بە سیاسی نەکرێت و زیانی بۆ کورد نەبێت، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە داوامانکرد، سەرژمێری ساڵی 1957 بکرێتە بنەما بۆ سەرژمێری ساڵی 2024، چونکە سەرژمێرییەکانی دیکە لەلایەن عێراقەوە بۆ پرسی سیاسی بەکارهێندراون، لەکاتێکدا پلانی سەرژمێرییەکان بۆئەوە بووە کە پلانی گەشەپێدانی ئابووری دابنرێت، بۆیە لە ساڵی 2007ـەوە لەگەڵ عێراق بەردەوام لە هەوڵدابووین بۆئەوەی سەرژمێری نەکرێتە بابەتێکی سیاسی و چەند لێتگەیشتنێکیشمان لەو بوارەدا هەبووە، بە تایبەت بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و سەرجەم ئەو رێککەوتن و نوسراوانەشمان لایە.
رووداو: عێراق چەند پابەند بووە بە جێبەجێکردنی رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان و چەندی پێشێلکردووە؟
مەحموود عوسمان: لەسەر ئەو لێکتێگەیشتن و رێککەوتنانە داوامانکردووە، سەرژمێری ئەنجام بدرێت، چونکە باری دیموگرافی ناوچەکانی مادەی 140 گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و رێژەیەکی زۆری خەڵك بەناوی ئاوارەوە هاتوونەتە ناوچەکان، بۆیە رێککەوتین ئەو کەسانە لەسەر ناوچەکانی خۆیان تۆمار بکرێن، نەک ئەو شوێنەی ئێستا تێیدا دەمێننەوە، بۆیە کاتێک سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ سەرژمێری دانرا، گەیشتینە ئەو لێکتێگەیشتنەی ئەو کەسانە لە ناوچەکانی خۆیان تۆمار بکرێن، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ئەنجامدانی سەرژمێری بۆمان دەرکەوت، عێراق پاشگەزدەبێتەوە لە رێککەوتنەکان.
رووداو: ئایا عەرەبە هاوردەکان لەسەر شوێنەکانی خۆیان تۆمارکراون یان لەو شوێنەی تێیدا دەژین، بۆ نموونە عەرەبە هاوردەکان لەسەر کەرکووک هەژمارکراون یان ناوچەکانی پێشوویان؟
مەحموود عوسمان: وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەویەکی نێو تیمەکانی وەزارەتدا ئەوەی خستەڕوو کە مەترسی هەیە ئەو رێککەوتنانە جێبەجێ نەکرێن، بۆیە پرسەکە برایە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لەوێشەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاگادارکرایەوە، بۆیە دواتر شاندی وەزارەتی پلاندانان سەرجەم نیگەرانییەکانی خستە بەردەم سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەکۆتاییدا بڕیار لەسەر حەوت خاڵدرا و بەو شێوازە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان رێکخران، کە بەشێوازێک بێت کە دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکان زیانیان بەرنەکەوێت و ئاماری ساڵی 1957 بکرێتە بنەما و لەو شوێنانەش دوو تۆمار دروست بکرێن، یەکەمیان تۆماری دانیشتووان بێت بە پشت بەستن بە سەرژمێری ساڵی 1957 و ئەوەی دیکەش تایبەت بێت بە سەرژمێری ساڵی 2024، لەسەر ئەوەش رێککەوتین، کە ئەنجامی سەرژمێری رانەگەیەندرێت، تاوەکو ئەو جیاوازییەی سەرژمێرییەکان بەراورد بکرێن و وێنەیەکی جیاوازییەکان لەلای بەغدا هەبێت و وێنەیەکیشی لە هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام بەداخەوە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بەبێ گوێدانە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و رێککەوتنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەنجامی سەرژمێری لە پارێزگاکان راگەیاند و نیگەرانی خەڵكی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەشی لێکەوتەوە.
رووداو: بە لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییەکان، هەرێمی کوردستان دەتوانێت کار بەئەنجامی سەرژمێرییەکان نەکات؟
مەحموود عوسمان: نیگەرانین لەو کارەی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی عێراق ئەنجامیداوە، دەستەری ئاماری هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پلاندانان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەسەر ئەم پرسە هەڵوێستیان دەبێت و نیگەرانییەکان دەدرێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانانی عێراق.
رووداو: لە پارێزگای سلێمانی هیچ هەڵە و کەموکوڕییەک هەبووە لە ئەنجامەکانی سەرژمێریدا؟.
مەحموود عوسمان: وەک یەک تیم کارمانکردووە، هەر لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین کارەکانمان زۆر بەباشی ئەنجامدراون، تاوەکو ئێستاش وردەکاری داتاکان بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، بۆیە ئەوە روون نییە چ گۆڕانکارییەک لە داتاکاندا روویانداوە.
رووداو: ئەوەندەی ئاگاداربن لە کەرکووک ژمارەی هاوردەکان بۆ سەرژمێری زیادکراوە؟
مەحموود عوسمان: گۆڕانکاری دیموگرافی لەناوچە کوردستانییەکان ئەنجامدراوە، ئێمە لەسەر بنەمای رێککەوتنەکەمان رازی بووین بەوەی سەرژمێری ئەنجام بدرێت، بۆیە دەیان کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە، لە هەولێر و بەغدا، بەڵام وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان و تیمەکانی وەزارەت، نەیانهێشت خواستەکانی ئەوان بەدی بێت، تاوەکو بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران دەرچوو، تاوەکو دوو تۆماری سەرژمێری هەبێت و ئەوە روونبکاتەوە، کە خەڵكی ناوچە رەسەنەکە کامانەن و ئەوانەی هاوردەکراون کامانان و داتا و ژمارەی وردمان هەبێت لەبارەیانەوە.
رووداو: ئێوە دوو تۆمارەکەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانتان لا نییە؟
مەحموود عوسمان: ئەوان ئەنجامەکانیان راگەیاند، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئێمە، رێککەوتنەکان واژۆکراون و بڕیاری پێویستیان بۆ دەرکراوە کە دەبێت دوو تۆمار هەبێت و ئەنجامی پارێزگاکان رەنەگەیێندرێن، بەڵام دەبوو وەزارەتی پلاندانان ئەو دوو تۆمارەی دروستبکردایە و داتاکان بەراورد بکردایە، بەڵام ئەوە ئەنجام نەدراوە، بۆیە چاوەڕێی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەڵامی حکومەتی عێراق دەکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ