پەرلەمانتارێکی پارتی CDU: گەنجانی بەهرەداری کوردستان دەتوانن بێنە ئەڵمانیا

03-02-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
سەیران پاپۆ، پەرلەمانتاری کورد لە پارتی CDU
سەیران پاپۆ، پەرلەمانتاری کورد لە پارتی CDU
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانتارێکی کورد لە CDU بە رووداوی راگەیاند، نە پێش و نە پاش هەڵبژاردنەکان هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا AfD ناکەن.
 
پارتی کریستیان دیموکرات (CDU) رۆژی دووشەممە لە بەرلین 37مین کۆنگرەی بەست، لەکاتێکدا تەنیا سێ هەفتە بۆ هەڵبژاردن ماوە. ئەو پارتە پرسی کۆچبەرانی هێناوەتە پێشەوە و وەکو گەرمترین بابەتی سیاسیی ئەڵمانیا مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. 
 
 CDU پرسی کۆچبەرانی وەکو پرۆژە بڕیار بردە نێو پەرلەمانی ئەڵمانیا، تەنیا 5 خاڵی بۆ کۆکرایەوە کە بەس نەبوو، بەڵام پارتی AFD کە پارتێکی تووندئاژۆیە، دەنگی پێدا و پرۆژە بڕیارەکە پەسندکرا.
 
ئەو پێشهاتە بۆ ئەڵمانییەکان بووەتە جێی سەرسوڕمان، هاوکات رەخنە لە CDU دەگیرێت و بە دروستکردنی سازان لەگەڵ پارتێکی تووندئاژۆ تۆمەتبار دەکرێت.
 
لەکاتی کۆنگرەکەدا لەبەردەم ئەو بینایەی کە کۆنگرەی تێدا بەڕێوەدەچوو، خۆپێشاندان دەکرا و خۆپیشاندەران هەڵوێستی CDUیان سەبارەت بە پەنابەران شەرمەزار کرد.
 
سەیران پاپۆ، پەرلەمانتاری کورد لە پارتی CDU لە هەڤپەیڤینێکدا بە رووداوی راگەیاند، ئامانجی ئەوان لە پرۆژە بڕیارەکە ئەوە بووە، کە ئەو کەسانە وەربگرن کە لە شەڕ هەڵدێن و بەڕاستی ئاوارەن، دەیانەوێت ئەو کەسانە وەربگرن کە بەهرەدارن، دەتوانن گەنجانی کوردستانیش وەربگرن ئەگەر بتوانن لە ئەڵمانیا بەرهەمیان هەبێت.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: ئەمڕۆ رۆژێکی زۆر گرنگە بۆ CDU، چونکە رووبەڕووی رەخنەی تووندی خەڵکی ئەڵمانیا بووەوە. دەڵێن چۆن پارتێکی وەکو CDU ئەم کارەی کرد و بە دەنگی AFD پرۆژەبڕیارێکی بردە پەرلەمان کە دواتر بووە پرۆژەیاسا و ئەو پرۆژەیاسایەش شکستیهێناوە. ئێستا بابەتی کۆچبەران پرسێکی گەرمە. ئێوە چۆن دەتانەوێت دووبارە متمانەی دەنگدەران بەدەستبهێنن؟
 
سەیران پاپۆ: نوێنەرانمان لێرەن. ئێمە لێرە نزیکەی هەزار نوێنەرمان هەیە. میوانە بەڕێزەکانمان لێرەن. ئەمڕۆ رۆژێکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە. وەک لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە، منیش لەو پڕۆژەیەدا بووم. لە پرۆژەکەدا 5 خاڵ هەبوو، ئێستا گەلی ئەڵمانیا دەڵێن نابێت کەس بێتە ئەڵمانیا، چونکە تاوان زۆر زیادی کردووە. هەروەها توندئاژۆیی لە شلێسویگ-هۆڵشتاین زیادیکردووە. ژمارەی تووندئاژۆکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئێستا لە ئەڵمانیا بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەتەوە. ئێمە دەمانەوێت ئەو کەسانە وەربگرین کە لە شەڕ هەڵدێن و بەڕاستی ئاوارەن، ئێمە دەمانەوێت ئەو کەسانە وەربگرین کە بەهرەدارن، دەتوانین گەنجانی کوردستانیش وەربگرین کە بتوانن لێرەدا بەرهەمیان هەبێت، ئێمە دەمانەوێت ئەو کەسانە وەربگرین کە بەڕاستی پێویستیان بە پاراستن هەیە. خاڵەکەی دیکە ئەوەیە کە ئێمە پێویستمان بە کرێکارە. ناتوانین رێگە بدەین هەمووان لە ماڵەوە بمێننەوە. گەنجانی خوێندەوارمان لە کوردستانەوە دەتوانن بێنە ئەڵمانیا. ئێمە دەمانەوێت پێشوازی لەو کەسانە بکەین کە پێویستیان پێیەتی و تووندئاژۆ نین.
 
رووداو: باشە، بەڵام پارتەکەی ئێوە بە دەنگی AFD توانی ئەم پرۆژەبڕیارە پەسند بکات. ئەوەیە رەخنەکە کە ئاراستەی ئێوە دەکرێت، لەبەر ئەوەی دەنگی راستڕۆ تووندئاژۆکانتان قبووڵکرد. ئەمە قبووڵکراوە لەگەڵ ئێوە؟ ناترسن دوای هەڵبژاردن ئەوان لەگەڵ پارتی دیکە کاربکەن؟
 
سەیران پاپۆ: من وەکو پەرلەمانتاری CDU دەتوانم بڵێم، ئێمە دەستی تەوقەمان بۆ AFD درێژنەکردووە و ناشیکەین. ئەمە هەڵبژاردنە و هەروەک دەزانن لە هەڵبژاردندا هەر لایەنێک بیر لە خۆی دەکاتەوە. نابێت بیرمان بچێت کە ئێمە لە ئەڵمانیا کوالیسیۆنێکمان هەبوو کە ئێستا نەماوە. جا ئێمە وەکو CDU  گوتمان با بەس بێت، گوتمان خەریکە پێشهاتەکانی تایبەت بە بێگانەکان لە ئەڵمانیا ناخۆش دەبێت. تووندئاژۆیی زیاد دەبێت. راستییەکەی خەڵکی بیانیش دێنە لامان و دەڵێن با بەس بێت ئیدی. ئێمەش ئەوەمان بۆ قبووڵ ناکرێت. جا ئێمە هەنگاومان لەم بابەتە هەڵهێنا. بەڵێ لەوانەیە زۆر کەس بڵێت کە CDU  دەستی بۆ AFD درێژکردووە و داوای هاوکاریی لێکردووە. ئێمە هەوڵێکمان دەستپێکرد و سەردانی دوو لایەنمان کرد. ویستمان رێککەوتنێکی دیموکراسیانە پێکبهێنین، بەڵام رێکنەکەوت. جا CDU پێداگریی خۆی نیشاندا و گوتی هەرچۆنێک بێت هەنگاوی خۆی دەنێت، بەڵام داوامان لە AFD نەکرد بڵێین وەرن با بەیەکەوە ئەو کارە بکەین. من دەمەوێت دووبارە بڵێم، پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش بە هیچ شێوەیەک گفتوگۆمان نەکردووە، ناشچینە نێو کوالیسیۆنێکەوە. 
 
رووداو: باشە بۆچی پردی کۆچبەران لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا هێندە پرسێکی گەرمە؟ ئەڵمانیا زۆر کێشەی دیکەی هەیە. کێشەی ئابووریمان هەیە، کێشەی تەندروستی، وزە و زۆری دیکەمان هەن. بۆچی پرسی کۆچبەرانتان کردە گرنگترین پرسی بانگەشەی هەڵبژاردن؟
 
سەیران پاپۆ: بەرێز ئاڵا، تۆش دەزانی کە منداڵ کوشتن و تووندوتیژی زیادی کردووە. ئەمە بووەتە رۆتینێک لە ئەڵمانیا. سەرەتا پێویستە بزانین کێ دێتە ئەڵمانیا. دووەمیش ئێمە تەنیا باسی وەرگرتنی پەنابەر ناکەین. وەک ئەوە نییە ئێمە بابەتی پەنابەرانمان کردبێتە بابەتی هەڵبژاردن، هەمووان باسی ئەم بابەتە دەکەن. خەڵکی ئەڵمانیا باسی ئەم بابەتە دەکەن. من لە شاری شلێسویگ-هۆڵشتاین دەژیم. زۆر لە بیانییەکان هاتوون بۆ سەردانمان لە شلێسویگ-هۆڵشتاین.
 
پێویستە شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئەو کەسانە دابین بکەین کە شایەنی مانەوەن لێرە. پێویستە زیاتر لە قوتابخانەکاندا تێکەڵیان بکەین. کەواتە، تەنیا لەبەر ئەوەی ئێمە خانووبەرەیان پێدەدەین، مانای ئەوە نییە کە پرسەکە کۆتایی هاتووە. ئێمە ناڵێین کەس نەیەت، چ جای ئەوەی بە هەڵە تێبگەین. ئەوانەی شایستەن با بێن. ئەوەتا ملیۆنان کەس گەیشتوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤین لەگەڵ

غولامزادە بۆ رووداو: دانوستاندنمان نییە لەگەڵ ئەمریکا و ئێران مەرجی هەن بۆ دانوستاندن

بەرپرسێکی باڵای دیپلۆماسیی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وڵاتەکەی هیچ دانوستاندنێکی لەگەڵ ئەمریکا نییە و تەنیا لە کاتێکدا بیر لە گفتوگۆی کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکاتەوە کە واشنتن پابەندی چەند مەرجێکی تووند بێت؛ لەوانەش قەرەبووکردنەوەی زیانەکان، راگرتنی کوشتنی سەرکردەکانی ئێران، هەڵگرتنی سزاکان و داننان بە باڵادەستیی ئەو وڵاتە بەسەر تەنگەی هورمزدا.