رووداو دیجیتاڵ
ئاخیم پۆست، جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا (SPD)، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو ئاماژە بە گرنگیی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لە نێو دامودەزگا فەرمییەکانی ئەڵمانیا دەکات وەک هێمایەک بۆ هیوا و گەشبینی.
ئاخیم جەخت دەکاتەوە کە سەرباری سەختیی رەوشی گەلی کورد لە رابردوودا، ئەم جەژنە گوزارشت لە مافی چارەی خۆنووسینی کورد دەکات و دەبێت وەک دەرفەتێک بۆ نیشاندانی تواناکانی پاشەرۆژ و داواکردنی مافە رەواکان تەماشا بکرێت.
سەبارەت بە رۆڵی هێزی پێشمەرگە، پۆست ستایشی ئازایەتیی ژنان و پیاوانی کورد دەکات لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش دا و پێی وایە بەبێ ئەوان ئەو "سەرکەوتنە بەدی نەدەهات".
ئەو هۆشداری دەدات لەوەی نابێت کورد وەک ئامرازێک یان "گوللە" لە شەڕەکان دا بۆ بەرژەوەندیی لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەکاربهێنرێت. ناوبراو هەڵوێستی پارتەکەی و حکومەتی وڵاتەکەی روون دەکاتەوە کە لایەنگری گەڕانەوەن بۆ سەر مێزی دانوستاندن و بەدیهێنانی ئاشتییەکی سەقامگیر بۆ پاراستنی مافەکانی کورد.
لە کۆتایی دا، جێگری سەرۆکی SPD هاوخەمیی خۆی بۆ قوربانیانی هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دواییەی سەر هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی کردەوە کە ئەڵمانیا لە چوارچێوەی یەکێتیی ئەورووپادا هەوڵەکانی چڕتر دەکاتەوە بۆ بەدیهێنانی ئاگربەستێکی گشتگیر.
جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا دەڵێت، تەنیا لە رێگەی ئاگربەست و گفتوگۆی سیاسییەوە دەتوانرێت رێگری لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکان بکرێت و ژیانی هاووڵاتییان و پێشمەرگە لە مەترسییەکانی شەڕ بپارێزرێت.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: سەرباری ئەو دۆخەی کە ئێستا لە جیهان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە، بە رێزتان ئاماژەتان بەوەدا کە چەند گرنگە کورد جەژنی نەورۆز لە دەزگا گرنگەکانی حکومەتی ئەڵمانیا بگێڕێت؟
ئاخیم پۆست: بە بڕوای من، رەوشەکە هەرچەندە سەخت بێت، دەبێت مرۆڤ ئەوەندە زیاتر گەشبین بێت. ئێوە خۆشتان باش دەزانن ئەمە بە ساڵانە، بە دەیان ساڵە رەوشی زۆرینەی کورد چەندە سەخت و هەندێک جاریش بە ئازارە. لەبەر ئەوە، ئەم جەژنی سەریساڵە، واتە نەورۆز، بۆ نیشاندانی هیوا و گەشبینی و هەروەها تواناکانی پاشەرۆژ زۆر گرنگە، تاوەکو پیشان بدرێت کە گەلی کورد مافی چارەی خۆنووسینی هەیە.
رووداو: وەک بە رێزتان ئاگادارن لە هێرشێکی مووشەکیی ئێراندا 36 پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون، بە رای ئێوە ئەڵمانیا چی دەکات بۆ پارێزگاری لەو هێزە کە داعشی بەزاند، ئەڵمانیا چۆن دەتوانێت پێشمەرگە بپارێزێت؟
ئاخیم پۆست: راستە، وایە. من باوەڕم وایە ئەگەر ژنان و پیاوانی ئازای کورد نەبووان، داعش ئەوەندە لاواز نەدەبوو. ئێستا رەوشەکە وایە کە ئەڵمانیا لە پۆزسیۆنێکی تایبەتدایە؛ ئێمە لە سەرەتاوە بە بەڕێز ترەمپمان گوت کە ئەمە شەڕی ئێمە نییە، ئێمە دەمانەوێت لە زووترین کاتدا ئاشتی بەدی بێت. من باوەڕم وایە کە ئەمە بۆ هەموو لایەنەکان، بەتایبەتی بۆ کوردیش باشترە. چونکە بە بڕوای من هەندێک لایەنی شەڕەکە دەیانەوێت کورد وەک "گوللە" بەکاربهێنن و، ئەو کارانەی کە خۆیان نایانەوێت بیکەن، بیخەنە سەر شانی کورد. بۆیە بۆچوونی حکومەتی فیدراڵی و بەتایبەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا (SPD) ئەوەیە: وەرن با بگەڕێینەوە سەر مێزی دانوستاندن، ئاگربەست رابگەیێنین و بە رێگەی ئاشتییانە تێبکۆشین تاوەکو مافەکانی کورد لە هەموو کاتێک زیاتر باشتر بپارێزرێن.
رووداو: هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی رایگەیاندووە کە نایەوێت ببێتە بەشێک لەم شەڕە و دەیەوێت هەمیشە رۆڵی ناوبژیوانی بگێڕێت، بەڵام سەرباری ئەمەش ئێران بە بەردەوامی هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان، ئەڵمانیا دەبێت چی بکات بۆ پاراستنی پێشمەرگە و وەک دەزانن هێزی پێشمەرگە لە تێکشکاندنی داعش رۆڵێکی کاریگەری هەبووە؟
ئاخیم پۆست: بەڵێ، من باوەڕم وایە کە حکومەتی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی یەکێتیی ئەورووپادا لە مێژە هەوڵ دەدات کە ئارامی و ئاشتی بەدی بێت تاوەکو کورد زیان نەبینن و نەکرێنە قوربانی. دەبێت ئێمە ئەو هەوڵانە چڕتر بکەینەوە، چونکە رەوشەکە تاوەکو دێت سەختتر دەبێت، هەروەک چۆن ئێوە ئێستا باستان کرد. خواستی سەرەکیی من ئەوەیە: ئێمە هەموو شتێک بکەین بۆ پاراستنی ژیان، بەتایبەتی بۆ پاراستنی ژیانی کورد.
رووداو: پەیامی ئێوە چییە بۆ گەلی کورد و بۆ بنەماڵەی ئەو شەش پێشمەرگەیەی کە شەهید بوون؟
ئاخیم پۆست: پەیامی من ئەوەیە: حکومەتی ئەڵمانیا، پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD) و یەکێتیی ئەورووپا، ئێمە هەموومان هەوڵ دەدەین کە لە زووترین کاتدا ئاگربەست بەدی بێت. ئەگەر ئاگربەست هەبێت، رووداوی لەو شێوەیە (هێرش) چیتر روونادەن. هەرچەندە رەوشەکە هێشتا سەختیش بێت، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت لەسەر مێزی دانوستاندن لە پێناو مافەکانی گەلی کورد دا تێبکۆشێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ