ئامادەکردن: هەوار ئیسماعیل و دیار سلێمان
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی رایگەیاند، نابێت مشتومڕ بکرێت لەسەر ئەوەی ئایا پەیامەکەی ئۆجەلان جگە لە پەکەکە، بۆ کێی دیکەیە. دەشڵێت، ئەم مشتومڕانە بەربەست بۆ بەردەم پرۆسەی چارەسەری دروست دەکەن.
جەنگیز چیچەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ و ئەندامی شاندی ئیمراڵی (لە سێیەم سەردان)، رۆژی سێشەممە، 4ـی ئاداری 2025 میوانی بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو.
چیچەک رایگەیاند، مشتومڕکردن لەسەر ئەوەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان جگە لە پەکەکە، کێی دیکە دەگرێتەوە، بەربەست بۆ پرۆسەی چارەسەری دروست دەکات.
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی لەبارەی مەبەستی بانگەوازەکەی ئۆجەلان گوتی، ''ئەو دەڵێت، دوای ئەوەی ئەو کێشەیەمان لە تورکیا چارەسەر کرد و ئاشتی و دیموکراسیمان لە وڵاتەکە بەرقەرار کرد، ئەو کەشە ئاشتی و دیموکراسییە، بەپێی کات لە ئێران، لە سووریا لە عێراقیش رەنگ دەداتەوە''.
چیچەک جەختی لە گرنگیی رۆڵی سەرکردە و پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری کردەوە، باسی لەوەش کرد، دەبێت پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا و حکومەتی تورکیاش، هەنگاو بۆ بە ئەنجامگەیاندنی پرۆسەکە بنێن.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
رووداو: زۆر شت هەن قسەی لەسەر بکەین، من دەمەوێت سەرەتا لە دیدارەکەی ئیمراڵیتانەوە دەستپێبکەم، دوایین دیدارتان لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمراڵی لە کەشێکی چۆندا بەڕێوەچوو؟
چیچەک: لە راستیدا بۆ ئێمە دیدارێکی زۆر مێژوویی بوو، سەردانێک و گەشتێکی میژوویی بوو. سەرەنجام هەموو هەنگاوێكی سەردانەکەمان بۆ ئەو دوورگەیە، پەیوەست بوو بە پرسێكی وەکو پرسی کورد کە نەک تەنیا پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە، بەڵکو کێشەیەکە راستەوخۆ پەیوەندی بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و زۆربەی ئاکتۆرەکانی جیهانەوە هەیە، لەبارەی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ئەنجامدانی دیدار بۆ ئێمە بەرپرسیارێتییەکی قورس بوو. وەکو کەسێک کە هەست بەمە دەکات ئەمە دەڵێم. لە یەکەمین ساتی دیدارەکەمان لەگەڵیدا تاوەکو دوایین ساتی ماڵئاواییکردنمان ئەو راستییەی کە بە روونی بینیمان ئەوە بوو، دەیەوێ گەلی کورد لە سەدەی 21دا هاوشێوەی گەلانی دیکە بە شێوەیەکی شەرەفمەندانە و دادپەروەر و یەکسان بژی و بۆ گەیاندنی بەو ئاساتە هەوڵ دەدات، راستی بەڕێز ئۆجەلانێکمان بینی وەکو خۆی دەڵێ بۆ ئەوە رۆژانە 24 کاژێر کاری بۆ دەکات و هەر بۆ ئەم مەبەستەش پارێزگاری لە تەندروستیی جەستەی خۆی دەکات. بە درێژایی نزیکەی چوار کاژێر گفتوگۆمان کرد. لە ماوەی ئەو چوار کاژێرەدا باسی پرسی کوردمان کرد نەک تەنیا لە تورکیا، بەڵکو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا لەو شوێنانەی کورد نیشتەجێن و چۆن رێگەی خۆیان دەستنیشان دەکەن، لەسەر ئەو خاڵانە بیرکردنەوەی قووڵی هەیە. بێگومان ئەمانە بۆ ئێمە دۆخێکی نوێ نییە، لانیکەم من لەسەر ناوی خۆم با ئەمە بڵێم.
رووداو: بەڵێ، تۆ زۆر جار پێشتر چوویتە بۆ ئیمراڵی.
چیچەک: بەڵێ، راستە، 14 ساڵ بەرلەئێستاش کاتێک بینیم، بۆ ئازادیی گەلی کورد و داهاتووی دیموکراسی، لە رادەبەدەر سەرقاڵ بوو و پەرتووکی دەنووسی و بەرگرییەکانی خۆی لەسەر ئەم بنەمایە دادەڕشت، با گوتەی خۆی بیڵێم سەرۆکایەتییەکم بینی کە هەوڵ دەدا 'کورد لە جینۆساید' رزگار بکات. ئەمە بۆ ئێمە گرنگە. خاڵی سەرەکیی دیدارەکەمان پرسی چارەسەر بوو. بێگومان کە پرسی چارەسەر جێگەی باس بێت، بەو پێیەی بانگەواز بۆ پەکەکە دەکات کە رێکخراوێکە لە تورکیا دامەزراوە، لەنێوان تورکیا و بزاڤی سیاسی کورددا ئەم کێشەیە چۆن چارەسەر دەکرێت و چۆن چەک دادەنرێت؟ لەسەر ئەو بابەتە کار دەکات و پێشنیازی هەیە.
رووداو: پرسی چەک دانان لە بانگەوازەکەی خۆیدا بەشێوەیەکی ئاشکرا دەڵێت دەبێ بە قسەی من بکەن، چەک دابنێن و پەکەکەش هەڵبوەشێننەوە. چارەسەری پاش ئەوە، بۆ پرسی کورد رێبەری پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان چی دەڵێ؟ چەک نەما و پەکەکەش نەما، پرسی کورد بە چ رێبازێک چارەسەر دەبێت؟
چیچەک: بۆچی دانانی چەک دەکاتە لەپێشینەی کارەکان؟ پێموایە بەهۆی پرۆسەکانی چارەسەری پێشووتر، چاوپێکەوتنەکانی ئۆسڵۆ لە ساڵانی نێوان 2009-2011 لەو قۆناخە ئێمەش چووین بۆ ئەوێ، قۆناخی 2013-2015 بوو. لەو دوو قۆناخی چارەسەرییەدا پێموایە بەڕێز ئۆجەلان درکی بەوە کرد، هۆکاری لەبارچوونی ئەو قۆناخانەش ئەوە بوو، شتێکی لەو جۆرە هەیە، بزاوتێک کە نزیکەی 50 ساڵە، نزیکەی 40 ساڵی کۆتایی تورکیا لە نێو شەڕدا تێپەڕ بووە، لە زەوینەی ئەم شەڕەدا کورد بەگوێرەی ئەوە شەڕە و ئەو زەوینە بە تایبەتی کورد لە تورکیا، تەنانەت کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی کوردانی تاراوگە بەگوێرەی ئەو زەوینەیە شێوەی گرتووە. تورکانی تورکیا و گەلی تورکیا و باوەڕەکانی دیکە بەگوێرەی زەوینەی شەڕ شێوەی گرتووە، لەڕووی دەروونی و تێڕوانینیان بۆ یەکدی و شێوازی پەیوەندییان ئیدی هێدی هێدی بەگوێرەی ئەوە شێوەی گرتووە. لەبارەی پرسیاری ئەوەی لە ئێستا بەدواوە هەنگاوەکانی چارەسەری چی دەبێت؟ با لێرەدا بەدوای وەڵامدا بگەڕێین. بەو هۆیەوە بۆ رەخساندنی کەشێکی متمانەدار پێویستە لە رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ بە ئاراستەی ئاسایی بوونەوە هەنگاو بنرێت. پێموایە ئەمە واتای بنەڕەتی ئەو بانگەوازەیە کە بەڕێز ئۆجەلان بۆ پەکەکە کردوویەتی، چونکە زۆر بە روونی ئەوە دەبینێ و لە رابردووشدا بە ئێمەی دەگوت، تاوەکو شەڕ هەبێت، گفتوگۆ و دیالۆگ نابێت، دانوستاندن نابێت. لە شوێنێک گفتوگۆ و دیالۆگ نەبێت، چی هەیە؟ رووبەڕووبوونەوە هەیە، گرژی هەیە، بەو هۆیەوە سیاسەت بوارێک بۆ خۆی ناکاتەوە.
رووداو: گومانی هەبوو کە پەکەکە یان بەشێک لە پەکەکە بە قسەی نەکات، یان هەندێك لە کورد هاوشێوەی ئەو بیر نەکەنەوە و دژی بوەستنەوە؟
چیچەک: نەخێر، من با باسی تێڕوانینی خۆم بکەم لە ساڵانی 2009-2010-2011 ـدا. خۆی لە دیدارەکەدا گوتبووی، 'بەر لەوەی لە پەکەکەوە نامە بگات بە ئێوەم گوتبوو کە پەکەکە بە تەواوەتی پابەند دەبێت بە پەیامەکەم'. ئەو هاوئاهەنگییە خۆی لە خۆیدا ئەوەی پیشاندا ئەگەر ئەو هاوئاهەنگییە نەبوایە بزاڤی سیاسیی کورد لە شوێنێکی وەک رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لەسەر پێی نەدەمایەوە، سەرباری ئەو هەلومەرجە سەختە، سەرباری سیاسەتی گۆشەگیری کە نزیکەی چارەکە سەدەیەکە لە بەڕێز ئۆجەلان کە وەک سەرۆکی خۆی دەیبینێت، 15 بۆ 26 ساڵە بە جەستەیی لێیانەوە دوورە سەرباری ئەوە هاوئاهەنگ بووە لەگەڵ رامان و پارادیگما و بۆچوونەکانی، باس لە بزاڤێکی سیاسی کوردی لەو جۆرە دەکەین. بەڕێز ئۆجەلانیش بە پشت بەستن بەوە با ئاسانی رستەکانی دادەڕێژێت، لێرەدا پەیوەندییەک هەیە. لەوانەیە ئەوەی پێویستە بیپرسین ئەوەیە، من بەردەوام لەسەر ناوی خۆم ئەم قسەیە دەکەم، لە نێوان کورد و لایەنی کورددا کێشەی هاوئاهەنگی و یەکێتی نییە. بێگومان ئێمەش مرۆڤین و دەکرێ بۆچوونی جیاواز و مەیلی جیاوازمان هەبێت، بەڵام لە خاڵی کۆتاییدا کاتێك بەرژەوەندی هاوبەشی رێکخراوە کوردییەکان و بەرژەوەندی گەلی کورد جێگەی باس بێت، ئەو هاوئاهەنگییە دەکرێت. پێموایە لە سەدەی 21دا گەلی کورد و رێکخراوەکانی کورد ئیدی ئەم پیشان دەدەن، ئەم سەرکەوتنە پیشان دەدەن. بۆ نموونە لە دوایین سەرداندا بۆ باشووری کوردستان ئەمە بینرا. لە سەردانی شاندەکەمان بۆ باشووری کوردستان بینرا کە کاتێک بەرژەوەندی هاوبەشی کورد جێگەی باس بێت دەتوانن پێکەوە کۆببنەوە. لەوانەیە پێویستە پرسیاری ئەوە بکەین ئایا موخاتەبەکانمان چەندە هاوئاهەنگن و پێکەوەن. بەڕێز ئۆجەلان ئەمەش مەراق دەکات. بۆ نموونە سیاسەتی قەییوم، بۆ نموونە گوشارەکانی سەر بارۆی ئیستەنبووڵ، گوشارەکانی سەر هەدەکە، بەردەوام لەگەڵ ساڵانی رابردوودا بەراوردی دەکات و دەڵێ، لە سەردەمی ئۆزال ـدا، کە بووە هۆکاری ئەوەی ئۆزال گیانلەدەستبدات، ئاگربەستەکەی ساڵی 1993 بە پلانگێڕییەک کۆتایی پێهێندرا، لە ساڵی 2013 -2015 ـدا کۆمەڵکوژییەکی سرووج، کۆمەڵکوژییەکەی گاری ئەنقەرە روویدا، لە 2011 ـدا رووداوەکەی سیلڤان روویدا لە قۆناخی ئۆسڵو من لە بیرمە، دواتر رووداوەکەی جەیلانپنار روویدا لە 2015 ـدا. لەوەی ئەمڕۆشدا راستەوخۆ پرسیار لە ئێمە دەکات ئایا هێزتان بەسەر ئەو گێرەشێوێنییەدا ناشكێ؟ ئێوە پرسیارتان لە من کرد، ئەویش ئەو پرسیارە لە لایەنی بەرامبەر دەکات، لە دەوڵەت و کاربەدەستدانی دەوڵەت، دەڵێ، ئایا دەتوانن رێگری لەو گێرەشێوییانە بکەن، هێزی ئەوەتان نییە، یان کەسانێک بەمەبەست ئەو دەکەن؟ هێشتا لە هەل و مەرجی گۆشەگیریدا مەراقی ئەمانە دەکات. ئێمەش لە رێگەی ئێوەوە دەبێت ئەم پرسیارانە لە موخاتەبەکانمان و ئەو کەسانە بکەین کە مێشکیان بەم بابەتەوە خەریک دەکەن. راستەخۆ ئەوەی گوت: پلانگێڕی یاسایی و ئۆپەراسیۆنەکانی پاکتاوی ئەمڕۆ، لانی کەم هێندەی کۆمەڵکوژییەی سرووج، کۆمەڵکوژییەکی گاری ئەنقەرە مەترسیدارە، هێندەی گێرەشێوێنییەکەی جەیلانپنار مەترسیدارە. چونکە خۆی چەندین ساڵە ئەوە دەڵێ، لە ناوخۆ و لە دەرەوەدا کەسانێک هەن کە نایانەوێت پرسی کورد لە نێوان کورد و تورک دا چارەسەربکرێت و بەمە ناڕەحەتن، ئەمەی بە میکانیزمی کودەتا ناو برد.
رووداو: ترسی لەو هەبوو هەندێک کەس کردەی گێڕەشێوێنی بکەن لەم کاتەدا؟
چیچەک: بەڵی، پێویستە بە وردی مامەڵە لەگەڵ ئەمەدا بکرێت، چونکە لە رابردوودا ئەمە تاقیکرایەوە. بۆ نموونە لە 93 تاقیکرایەوە، کاتێک ئۆزال لە 93 ئەم دەرگەیەی کردەوە، ئۆزال ویستی ئێمە لەم دەرگەیەوە بچینەوە ژوورەوە. ئۆزال یەکەمین کەس بوو، چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەی بەشێوەیەکی سیاسی، بە ئێمە نیشاندا. ئەو، شەهیدی ئەم هەوڵەی ناوەوەیە (تورکیا)، بەڕێزەوە یادی دەکەمەوە. لەو رۆژەوە 32 ساڵ تێپەڕیوە، ئەو 32 ساڵە لە روانگەی ئێمەوە دووبارەیە، شەڕ بەسەر ئێمەدا سەپێندرا، بەدرێژایی 32 ساڵ لە هەوڵی چارەسەرییە سیاسییەکان، هەموو جارێک رووبەڕووی گرژی و گوشار بووینەوە. بەدرێژایی 32 ساڵ شەڕ بەسەر ئێمەدا سەپێندرا، شەڕێکی زۆرەملێ. ئەزموونەکانی ئێمە زۆر هاوشێوەن، بۆیە من ئەمە بە هەموو لایەنەکان دەڵێم، بۆ ئەوەی لەمەودوا پرۆسەکە بەباشی و دروستی بەڕێوەبچێت، دەبێت هەموومان وەک تاک، رێکخراو، دەوڵەت، پارتە سیاسییەکان و پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان، خۆمان بۆ هەر گێرەشێوێنییەک ئامادە بکەین کە بەربەست لەبەردەم پرۆسەکە دروست بکات. پێویستە یەک هەڵوێست بین و دەستپێشخەریی کردەییمان هەبێت.
رووداو: عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەم بابەتەدا تا چ رادەیەک باوەڕی بە دەوڵەت باخچەلی و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەیە، لەو گفتوگۆیەدا باسی ئەم بابەتەتان کرد؟
چیچەک: بەڵی بەڵی، لە راستیدا بەڕێز ئۆجەلان ساڵانێکە ئەمە دەڵێت و لەو گفتوگۆیانەشدا هەمیشە ئەمەی گوتووە، لایەنی بەرامبەری من، دەوڵەتە. چونکە 100 ساڵە سیستەمێکی دەوڵەتخواز هەیە، من شەڕم لەگەڵ ئەم سیستەمە دەوڵەتخوازە کرد، شەڕم لەگەڵ کرد. بەگوتەی دەمیرەل (سولەیمان دەمیرەل، نۆیەمین سەرۆککۆماری تورکیا) لە دوایین سێ سەد ساڵی کورددا، ئەمە (پەکەکە) 29مین یاخیبوونی کوردە. گوتی(ئۆجەلان)، ئێمە لە سیاسەتی تاکڕەوەی و قەدەخەیی دەوڵەت یاخی بووین. ئەم هەوڵەمان بۆ کردنەوەی رێگەی دیموکراسی بوو، سەرۆکێک کە لە سیستەم یاخی بووبێت، بێگومان دەیەوێت لە نوێنەرانی دەوڵەت لە بەرامبەر خۆیدا ببینێت و هەڵوێستی ئەوان بە گرنگ دەزانێت. ئەو(ئۆجەلان)، رێک وەک ئەو دەستپێشخەرییەی ئۆزال(تورگوت ئۆزال، هەشتەمین سەرۆککۆماری تورکیا) کردی، دەستپێشخەرییەکەی بەڕێز باخچەلی و بەڕێز ئەردۆغان بە مێژوویی و یەکلاکەرەوە دەبینێت، لەبارەی ئەو هەڵوێست و گوتانەی ئەواندا زۆر بە هەستیارییەوە قسە دەکات. ئەو دەڵێت من بەرپرسیارێتی هەڵدەگرم، هەر کێیەک چی دەڵێت با بیڵێت، من ئەم بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆدەگرم. ئێمە دووبارە ئۆجەلانێکی متمانەبەخۆبوو، بوێر و دەستپێشبەرمان بینی، ئەو لە رابردووشدا هەر بەمشێوەیە بوو. بە گرنگەوە لەو پرۆسەیە دەڕوانێت کە لەلایەن بەڕێز باخچەلییەوە دەستیپێکرد، پێشوازی لەو هەڵوێست و دەستپێشخەرییەی بەڕێز ئەردۆغان و بەڕێز باخچەلی دەکات کە رۆڵیان لەو پرۆسە مێژووییە هەبووە. ئەو پێشنیازیش دەکات، ئێمە هەموومان هانی پرۆسەکە بدەین.
رووداو: ئێوە لە کۆبوونەوەکەدا چەند کەس بوون، جگە لە شاندەکە و هاوڕێیانی زیندانیی ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، نموونە هامیلی یڵدرم و ئەوانی دیکە، هیچ کەسێکی سەر بە دەوڵەت لەوێ هەبوو؟
چیچەک: ئەو کۆبوونەوەیە لە نێوان شاندەکەمان و ئەو سێ هاوڕێیەی لەلای ئەو بوون، بەڕێوەچوو. لەبەر ئەوەی گرتووخانەیە، کۆبوونەوەکە سەیردەکرێت، کەسەکانیش ئەوانەی باستان کردن؛ شاندەکە، بەڕێز ئۆجەلان و سێ هاوڕێیەکەی دیکەی، کۆبوونەوەیەکی 11 کەسیمان کرد. لەبەر هەلومەرجەکانی گرتووخانە و گرنگیی کۆبوونەوەکە، بێگومان کۆبوونەکە سەیردەکرێت، چاودێری دەکرێت، ئێمە لە چوارچێوەی مێزێک، هەر خۆمان بووین.
رووداو: باسی ڤیدیۆ دەکرێت، دەگوترێت سێ ڤیدیۆ تۆمارکراون، ئەو کاتەی ڤیدیۆکان تۆمارکران، ئێوە لەوێ بوون؟
چیچەک: کۆبوونەوەکە چڕ، گرنگ و مێژوویی بوو، وەک ئەوەی لەم ستۆدیۆیەدا هەیە، لەوێشدا ئامێر و کەرەستە هەبوون. بەڵام ئایا ڤیدیۆ تۆمارکرا یان نا، لە راستیدا لەمە دڵنیا نیم.
رووداو: بەڵام کامێرا هەبوو وانییە؟
چیچەک: بەڵێ بەڵێ، سێ کامێرای جیاواز هەبوون. هەرخۆی بانگەوازەکە بە ڤیدیۆ تۆمارکرا، بەلایەنی کەمەوە ئەمە دەزانین. بەڵام ئایا کۆبوونەوە چوار کاژێرییەکە هەمووی تۆمارکراوە یان نا، من بە ناوی خۆمەوە قسەبکەم، زانیاریم نییە، چونکە سەرنجمان لەسەر قسە بایەخدارەکانی بەڕێز ئۆجەلان بوو و نەماندەویست لە کیسمان بچێت. لەلایەکی دیکەشەوە چونکە ئێمە شاندێک بووین نوێنەرایەتیی ئەومان دەکرد، چونکە بەرپرسیارێتیی ئەوەمان لەسەرە، پەیامەکانی ئەو بەراستی و بێلایەنانە بە رای گشتی رابگەیێنین، چونکە ئەمە کاری کەسیی ئێمە نییە، ئەمە پرسێکە پەیوەندیدارە بە ئاییندەی خەڵک، کۆمەڵگە، وڵات و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وەک خۆم بەمشێوەیە دەتوانم وەڵامتان بدەمەوە؛ کامێرای زۆری لێبوون، بەڵام ئایا کاریان دەکرد یاخود نا، ئەمە وردەکاریێکی تەکنیکییە. ئەوەی گرنگە،گوتە و بۆچوونی بەڕێز ئۆجەلانە.
رووداو: ئێوە هیچ باسی رۆژئاڤاتان کرد؟
چیچەک: نەخێر، بیرمنایەتەوە سەبارەت بە رۆژئاڤا باسمان لە شتێکی تایبەت کردبێت. بەڵام ئەمە هەیە، بڵێیت و نەڵێیت لەمبارەیەوە پرسیاری بۆ دێت، نموونە چۆن کاریگەری لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رۆژئاڤا دەبێت، کاتێک ئەندامانی شاندەکەمان ئەم پرسیارانەیان دەکرد، بەڕێز ئۆجەلان گوتی ...(قسەکەیی تەواو نەکرد). بەڵام نێوەڕۆکی کۆبوونەوە چوار کاژێریەکە، ئەو بانگەوازەی لە ژێر ناونیشانی ''بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی'' کردی، دەگرێتەوە. ئەگەر من لە نێوەڕۆکی بانگەوازەکە بڕوانم، ئەمە دەبینم؛ جەختیکردووەتەوە لەوەی، پەیوەندیی بزووتنەوەکەی(پەکەکە) لەگەڵ دەوڵەتی کۆماری تورکیا لە کەشی چەکداری و شەڕوپێکدادان دووربخاتەوە و ئەمەشی بە یەکلاکەرەوە بینیوە. ئەگەر من خوێندنەوە بۆ بابەتەکە بکەم، ئەمە لە شەڕی نێو ماڵ دەچێت، پەکەکە لە ئەنقەرە دامەزرا، خۆشی ئەمە دەڵێت، ئەی وانییە؟ لە ئەنقەرە دامەزرا، رێکخراوێکە لە تورکیا دامەزراوە، لە تورکیا چۆن مامەڵەی کردبێت، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بەمشێوەیە رەنگدانەوەی دەبێت. دەتوانین بەمشێوەیە خوێندنەوەی بۆ بکەین؛ ئەو شەڕەی لە ماڵ دروست بوو، بۆ سەر شەقام و گەڕەک تەشەنەی سەند، بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان تەشەنەیسەند. ئەمڕۆ ئەگەر سەیری هەموو ئەو شوێنانە بکەین کە کوردەکان تێیاندا پەرشوبڵاو بوون، ئەم گرژییە دەبینین، تا شەڕ بەردەوام بێت، ئەمەش بەردەوام دەبێت. بۆیە بەڕای من بەرێز ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا مەبەستیەتی بڵێت، ئێمە دوای ئەوەی ئەو کێشەیەمان لە تورکیا چارەسەرکرد و ئاشتی و دیموکراسیمان لە وڵاتەکە بەرقەرار کرد، ئەو کەشە ئاشتی و دیموکراسییە، بەپێی کات لە ئێران، لە سووریا لە عێراقیش رەنگدەداتەوە، بەڕای من مەبەستەکە ئەمەیە و ئەمە خوێندنەوەی خۆمە. بەڵام بۆ ئەو پرسیارانەی دەکران ئەم وەڵامەی دەدایەوە؛ ئەو رێگەیەی بە بانگەواز و پەیامەکەی دەگیرێتەبەر، لەگەڵ خۆی دیموکراسی و کولتووری دیموکراسی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەهێنێت، هاوکات ئەمە دەبێتە رۆنێسانسی گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەو هەوڵدەدات پەیوەندییەکان رێکبخاتەوە.
رووداو: سری سورەیا ئۆندەر شەوی رابردوو گوتی، لەوانەیە من و پەروین بوڵدان بچینە رۆژئاڤاش، لەبەر ئەوە پرسیم، ئایا لەگەڵ ئێوە باسی رۆژئاڤا کرا بۆ ئەوەی پەیامێک بۆ رۆژئاوا بنێردرێت؟
چیچەک: ئەوان بەر لە ئێمە، دووجار سەردانی بەڕێز ئۆجەلانیان کردووە، من تەنیا لە چوارچێوەی ئەو کۆبوونەوەی خۆم تێیدا بەشداربووم، ئەمانە دەڵێم. لە یەکەمین رۆژەوە بەڕێز سورەیا و بەڕێز پەروین لەنێو ئەم کارەدان و رەنجی زۆریان داوە. لەبەر ئەوەی زانیاریم لەبارەی ئەو کۆبوونەوەکانی ئەوان نییە، ناتوانم هیچ شتێک بڵێم. لەو کۆبوونەوەی من تێیدا بەشدار بووم، ئەمە دەبینم؛ دوای ئەوەی ئەم کێشەیە لێرە (تورکیا) چارەسەر بوو، دواتر کاریگەری لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش دەبێت، ئەمە بۆ باشووری کوردستان و عێراقیش راستە، ئاخۆ چۆن کاریگەری لەسەر پەیوەندیی کوردەکان دەبێت؟ ئەمە کێشەیەکە لە زۆر رەهەندەوە کاریگەریی هەیە. ئێستا لە تەلەڤیزیۆنەکەیدا ئێوەدا قسە دەکەین، چەند مانگێک لەمەوپێش ناخۆشی هەبوون، بەڵام ئێستا کەسایەتیی کورد و سیاسییانی کورد لەگەڵ یەکدیدا گفتوگۆ دەکەن، لەوانەشە ئەمە رەنگدانەوەی لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیادا هەبێت، بەڵام لە روانگەی ئێمە و بەلایەنی کەمەوە پێموایە لە روانگەی بەڕێز ئۆجەلان وایە و بەم شێوەیە خوێندنەوەی بۆ دەکەم؛ هەوڵ دەدات لە تورکیاوە کەشی دیموکراسی و ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگوازرێتەوە، نەوەک شەڕوپێکدادان. هەوڵدەدات بە پێشەوایەتیی گەلانی کورد و تورک، کەشێکی یەکسانی و برایەتی لە نێوان کورد و فارس هاوکات کورد و عەرەب دروستبکات. بێگومان ئەو مشتومڕەکان لەمبارەیەوە دەبینین. ئەمڕۆ چەند نووسەرێکم خوێندەوە، دەڵێت رۆژئاڤا و سووریاش دەگرێتەوە، گوتەبێژی ئاکپارتی لەمبارەیەوە قسەی هەبوو. بەڕای من، پێویستە سەرنج بخەینە سەر بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجەلان، ئایا ئێمە چۆن دەتوانین پەرە بەم بانگەوازە بدەین و بەهێزی بکەین، لەم مشتومڕە رزگاری بکەین کە دەگوترێت، ئێرە دەگرێتەوە، ئەوێ دەگرێتەوە، ئێرە ناگرێتەوە، ئەوێ دەگرێتەوە، بەناوی خۆمەوە ئەمە دەڵێم، ئەم مشتومڕانە زیان بە پرۆسەکە دەگەیێنن. چونکە ئێمە باس لە بانگەوازێکی مێژوویی دەکەین، باس لە چیڕۆکێکی 50 ساڵە دەکەین. ئەم بابەتە لە نێوان کورد و تورکە، گەلی کورد و گەلی تورک زەرەرمەند بوون، گەل بریندارە، رێگەی ساڕێژکردنی ئەم برینانە هەیە. لە کاتێکدا هێشتا ئێمە لە دەستپێکی پرۆسەکەداین، مشتومڕبکەین لەسەر ئەوەی، ئەوێ دەگرێتەوە و ئەوێ ناگرێتەوە، ئەمە سوود بە پرۆسەکە ناگەیێنێت.
رووداو: سەرکردەکانی پەکەکە، بەڕێوەبەرانی ئەوێ، پلەباڵاکانی ئەوێ لە کوێ بمێننەوە، لەگفتوگۆکەتاندا باسی ئەوەتان کرد؟
چیچەک: باوەڕ بکەن هێشتا بۆ ئەم پرسیارە زووە، دەتوانم لە روانگەی خۆمەوە وەڵامبدەمەوە، چونکە من پارێزەرێکم سەروکارم لەگەڵ چارەسەرکردنی شەڕوپێکدادانەکان هەیە. لەمبارەیەوە ئەزموونی جیهانی هەیە، نموونەی جیاواز هەیە، نموونەی باشووری ئەفریقا هەیە، بە پشت بەستن بە خوێندنەوە گشتییەکانمان، وەک کوردێک و رەنجدەرێکی بزووتنەوەی سیاسیی کورد، دەتوانین بیروبۆچوونی کەسیی خۆمان بڵێین، بەڵام لەوانەیە ئەم پرۆسەیەی کە دەمانەوێت پەرەیپێبدەین، واتە ئەو پرۆسەیەی بەڕێز ئۆجەلان دەیەوێت پەرەی پێبدات، یەکێک دەبێت لە دوایین قۆناخەکان، بەڵام تاوەکو ئەو کاتە، ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ رێگەکە دەکرێت، چۆن بەسەر پەیژەکاندا سەر دەکەوین، چۆن بەربەستەکان تێدەپەڕێندرێن، ئەمانە گرنگن. لە ئێستادا بانگەوازێکی وەها هەیە، ناکرێت مشتومڕ لەسەر ئەوە بکرێت کە کوێ دەگرێتەوە و کوێ ناگرێتەوە. پەکەکە رایگەیاند، من پشتیوانی لە رێبەر و سەرۆکەکەم دەکەم و پابەندی بڕیارەکەی دەبم و کۆنگرە دەبەستم، بۆ ئەوەی کۆنگرە ببەستم، پێویستە بە پێشەوایەتیی بەڕێز ئۆجەلان بێت و لەلایەن ئەوەوە بەڕێبچێت، بۆچی؟ من وەک پسپۆڕێکی یاسا ئەمە دەڵێم، ئەگەر پەکەکە لە چوارچێوەی یاساکانی تورکیا رێکخراوێکی نایاساییش بێت، بەڵام پارتێکە، هەموو پارتێک لەگەڵ سەرۆکەکەی کۆنگرە دەبەستێت ئەی وانییە؟ بەڕای من دەبێت لەسەر ئەمانە قسەبکەین، بۆ ئەوەی پەکەکە بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجەلان بەشێوەیەکی کرداری جێبەجێبکات و لە کەشێکی سەقامگیر و بێ شەڕدا کۆنگرە ببەستێت، پێویستە چی بکرێت؟ ئەو ئەرکانەی لەمبارەیەوە دەکەونە سەر دەوڵەت چین؟ ئەو بەرپرسیارێتییانەی دەکەونە ئەستۆی ئێمە چین؟ ئەو ئەرکانەی دەکەونە ئەستۆی ئۆپۆزیسیۆن و کۆمەڵگە مەدەنییەکان چین؟ تەنانەت ئەو ئەرکانەی دەکەونە ئەستۆی حکومەتی باشووری کوردستان چین، چونکە ئێستا بەشێکی زۆریان (پەکەکە) لە نێو سنووری باشووری کوردستانن، بەڕاستی بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی سەرکردەکانی باشووری کوردستان و پارتەکانی ئەوێ، بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵات (تورکیا). من دەتوانم لە ئێستاوە شتێک بڵێم، شتێکی زۆر سادە، بۆ ئەوەی لە کەشێکی سەقامگیر و یاساییدا کۆنگرە ببەسترێت، بەلایەنی کەمەوە پێویستە ژینگەیەکی ئاگربەست بسازێندێت و ئۆپەراسیۆنەکان بوەستێندرین. قەرەیڵان لە ماوەی رابردوو روونکردنەوەیەکی دا و گوتی، راستە گفتوگۆ دەکرێت، بەڵام ئێمە لە کەشێکی شەڕوپێکدادانی 30 مەتریداین، بڵێیت و نەڵێیت لە دۆخێکدا وەهادا نیگەرانی لەلای هەمووان دروست دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ