د. ئێما پۆمەرۆی لەبارەی شانەدەر زێت: دەمانەوێت بزانین کەی نیاندەرتاڵەکان لە کوردستان لەنێوچوون

07-05-2024
نمە نەبەز
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. ئێما پۆمەرۆی
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. ئێما پۆمەرۆی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

د. ئێما پۆمەرۆی، پسپۆڕی شوێنەوارناسی لە زانکۆی کامبریج و ئەندامی تیمی لێکۆڵینەوە لە ژنە نیاندەرتاڵەکەی ئەشکەوتی شانەدەر دەڵێت، لە لێکۆڵینەوەکانیاندا بۆیان دەرکەوتووە، نیاندەرتاڵەکانی ئەشکەوتی شانەدەر لە بەخاکسپاردنی مردووەکانیان لە نزیک خۆیاندا نەترساون.
 
د. ئێما پۆمەرۆی لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رووداو زانیاری زیاتر لەبارەی دۆزینەوەکەیان ئاشکرا دەکات. هەروەها دەڵێ، لە هەوڵدان بزانن شوێنی لەدایکبوونی شانەدەر زێت کوێ بووە، چ نەخۆشییەکی هەبووە، چ خۆراکێکی خواردووە و چالاکیی رۆژانەی چی بوون. 
 
ئەو لەبارەی هۆکاری ئەوەی بۆچی شەش ساڵی خایاندووە تاوەکو بگەنە دەرئەنجامێک لەبارەی شانەدەر زێت، بە رووداوی گوت، "ئەشکەوتی شانەدەر زۆر گەورەیە و ئێمە تەنیا بەشێکی کەمی ئەشکەوتەکەمان هەڵکۆڵیوە... ئێستاش لە ئەشکەوتی شانەدەردا کە چینی تێدایە کە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 100 هەزار ساڵ پێش ئێستا، زۆر شت بۆ ئێمە هەن کە بیانزانین و، شوێنێکی شوێنەواریی زۆر گرنگە."
 
شانەدەر زێت ناوی ئەو کەلـلەسەرەیە کە لە ئەشکەوتی شانەدەر لە 2018 دۆزرایەوە و لە هەفتەکانی رابردوو کاری دروستکردنەوەی رووخساری لە رێگەی مۆدێلێکی سێ رەهەندییەوە تەواو بوو و پێشانی جیهان درا. 
 
کارکردن بۆ دۆزینەوەی کەلـلەسەرەکە وەکو د. ئێما باسی دەکات لەسەر بانگهێشتنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو لە ساڵی 2011، دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەتا پەیوەندییان بە پرۆفیسۆر گراهام بارکەرەوە کرد کە تاوەکو ئێستاش سەرۆکی پڕۆژەکەیە لەگەڵ چەند هاوکارێکمان لە زانکۆی جۆن موورز لە لیڤەرپوول و زانکۆی بیربێک لە لەندەن."  
 
ساڵی 2014 لە ئەشکەوتی شانەدەر دەست بە هەڵکۆڵین کرا. ئەو پرۆفیسۆرە گوتی، "چەند ساڵێکی خایاند تاوەکو هەندێک بودجەی بۆ کۆکرایەوە تاوەکو بتوانرێت دەست بە پڕۆژەکە بکرێت."
 
لەبارەی گرنگیی ئەشکەوتی شانەدەرەوە دەڵێت، بەهۆی ئەشکەوتەکەوە "زنجیرەیەکی شوێنەوارناسییانەمان دەستکەوت کە بە تەواوی ئەو کاتانەدا دەڕوات و دەرفەتی گرنگمان پێدەدات کە بەپێی سەردەم لە گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکەی تێبگەین لەسەر ئەو کەسانەی ئەشکەوتەکەیان بەکارهێناوە. هەروەها لە شتەکانی وەک گواستنەوە لە مرۆڤی نیاندەرتاڵەوە بۆ هاتنی مرۆڤی هاوچەرخ تێبگەین."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. ئێما پۆمەرۆی، پسپۆڕی شوێنەوارناسی لە زانکۆی کامبریج
 
رووداو: کەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتنامەی بۆ تیمە شوێنەوارناسییەکەی زانکۆی کامبریج نارد تاوەکو بێن بۆ کوردستان؟ 
 
ئێما پۆمەرۆی: وابزانم ساڵی 2011 بوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەتا پەیوەندییان بە پرۆفیسۆر گراهام بارکەرەوە کرد کە تاوەکو ئێستاش سەرۆکی پڕۆژەکەیە لەگەڵ چەند هاوکارێکمان لە زانکۆی جۆن موورز لە لیڤەرپوول و زانکۆی بیربێک لە لەندەن.  
 
رووداو: کەی تیمە شوێنەوارناسییەکەی کامبریج گەیشتنە کوردستان و دەستیان بە هەڵکۆڵین کرد؟  
 
ئێما پۆمەرۆی: ساڵی 2014 دەست بە هەڵکۆڵین کرا. چەند ساڵێکی خایاند تاوەکو هەندێک بودجەی بۆ کۆکرایەوە تاوەکو بتوانرێت دەست بە پرۆژەکە بکرێت. 
 
رووداو: د.ئێما، زیاتر لە 75 هەزار ساڵە ئێسکەکانی کاسەسەرەکە لەو شوێنەدا بووە. لێرە هەندێک کەس دەپرسن: بۆچی ئەوەندەی خایاند تاوەکو شوێنەوارناسان بیدۆزنەوە؟ بە دروستی چ رۆژ و مانگێکی 2018 دۆزیتانەوە. حەزدەکەین بزانین کەی بوو کە ئێسکەکانی کاسەسەری (شانەدەر زێت) لە ئەشکەوتی شانەدەردا دۆزرانەوە؟ 
 
ئێما پۆمەرۆی: بەشێکی ئەوەی کە بۆچی دۆزینەوەی ئێسکەکان ئەوەندەی خایاندووە لەبەرئەوەیە کە یەکەم؛ ئەشکەوتی شانەدەر زۆر گەورەیە و ئێمە تەنیا بەشێکی کەمی ئەشکەوتەکەمان هەڵکۆڵیوە. هاوکارانمان لە ساڵانی پەنجاکان دا بە سەرۆکایەتیی راڵف سلۆکی لە ئەشکەوتەکەدا خەریکی هەڵکۆڵین بوون، بەڵام ئاستی هەڵکۆڵینەکان تاوەکو رادەیەک بچووک بوون. وێڕای ئەوەش، پاشماوەکان لە قووڵایی حەوت مەتر و نیوی ئێستای ئەشکەوتەکەدا دۆزراونەتەوە. ئەوەش زۆر ئاڵۆزە، بێنە بەرجاوت لە قووڵییەکی وادا خەریکی هەڵکۆڵین بیت. بۆیە ئەوە کاتی زۆر دەخایەنێت. سەرئەنجام زانیمان کە هەندێک پاشماوەی نیاندەرتاڵ لە بەشێکی ئەم ئەشکەوتەدا هەیە. دەوروبەری ساڵی 2016 توانیمان لە دیوارەکانی هەڵکۆڵینەکەدا بیانبینین، بەڵام ئەوەی بەگشتی دەیکەین ئەوەیە کە لەڕووی زەوییەوە دەست بە هەڵکۆڵین دەکەینەوە، بۆیە هەندێک کاتی ویست تاوەکو وابکەین پارێزراوبێت. ئەوەش لە چاڵەکاندا کارێکی تەواو ئاڵۆزە. ئەوەبوو هەڵکۆڵینەکە لەساڵی 2018دا دەستیپێکرد. وابزانم یەکەم جار کاسەسەرەکەمان لە 11ی ئەیلوولی 2018دا بینی، بەڵام  دەمانزانی کە هەندێک بەشی ئێسکەپەیکەرەکە لەوێبوون، وەک پەراسوو، ئەوە ساڵی 2016 بوو.  
 
رووداو: چەند کات پێویست بوو بۆ پێکەوەنانەوەی ئەو هەموو پارچانەی سەری ژنە نیاندەرتاڵەکە؟ 
 
ئێما پۆمەرۆی: بەڕاستی کارێکی زۆر سەخت بوو و زیاتر لە ٩ مانگی خایاند. دەبێت بڵێم کە زۆربەی کارەکان لەلایەن لوسیا لۆپێز پۆلینی کرا کە پێکەوە کارمان دەکرد. ئەو ٩ مانگ کاری لەسەر کرد، هەموو پارچەکانی پاککردەوە و پاشان پێکەوەی لکاندنەوە. منیش لە بەشێکی ئەم پرۆسەیەدا یارمەتیم داوە، بەڵام هێشتا کاری زۆر ماوە بکرێت، ئەمە پڕۆژەیەکە کارکردن لەسەری بەردەوامە.  
 
رووداو: پێتوایە کاسەسەرەکە بۆ هەمیشە لە کوێ هەڵدەگیرێت، ئایا لە بەریتانیا دەبێت یان دەهێنرێتەوە بۆ کوردستان؟ 
 
ئێما پۆمەرۆی: دەهێنرێتەوە بۆ کوردستان. ئێستا بۆ پرۆسەی پاراستن و پێکەوەنانەوەی پارچەکان زۆر بە سوپاسەوە بە ئەمانەت لای ئێمەیە لە بەریتانیا. ئەوەش میهرەبانییەکی زۆری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری کوردستانی عێراقە کە بە ئەمانەت پێیداوین. بەڵێ، ئەوە ئاشکرایە کە ئەمە لە کوردستانی عێراقەوە هاتووە و دەگەڕێتەوە بۆ کوردستانی عێراق.  
 
رووداو: پێتوایە دۆزینەوەی (شانەدەر زێت) چ بەشدارییەکی زانستی بۆ تێگەیشتنمان لە ژیانی نیاندەرتاڵ لە کوردستان زیاد دەکات؟ 
 
ئێما پۆمەرۆی: بەڕاستی دۆزینەوەی ئەو کاسەسەرە زۆر دەرفەت دەکاتەوە بۆ زانینی ژیانی نیاندەرتاڵ لەم ناوچەیەدا. ئەو ژنە دەچێتە پاڵ ئەو 10 نیاندەرتاڵەی لە پەنجاکان دا لە ئەشکەوتەکەدا دۆزرانەوە. زۆر بەختەوەرین کە ئێستا ئەو هەموو تەکنیکە زانستییەمان هەیە کە ئەو سەردەمە نەبوون و دەتوانین بەکاریانبێنین بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەسەر ئەو ژنە. هیوادارین جۆری ئەو خواردنانە بدۆزینەوە کە خواردوونی، بزانین ئایا هەر لە ئەشکەوتەکەدا لەدایکبووە یان ئایا لە شوێنێکی دیکەوە هاتووە، هەروەها جۆری ئەو چالاکییانە بزانین کە رۆژانە کردوونی. هەروەها خەریکی دۆزینەوەی ئەوەین بزانین کاتێک مردووە تەمەنی چەند بووە. هەروەها زانیاری لەسەر تەندروستییەکەی، بۆ نموونە بزانین تەندروستی ددانەکانی چۆن بووە، چونکە بەر لە مردنی هەندێک ددانی کەوتوون. دەزانین کە لە جومگەکانی ملی دا هەوکردنی هەبووە. بۆیە زۆر زانیاری هەن کە دەتوانین لەسەر ئەو بیانزانین. 
 
رووداو: بەدەر لە دۆزینەوەی (شانەدەر زێت) لەلایەن تیمەکەتانەوە و دۆزینەوەکانی پێشوو لەلایەن راڵف سلۆکییەوە لە شانەدەر، ئایا پێتوایە لە ئەشکەوتی شانەدەردا شوێنی دیکەی جێی سەرنج هەن کە لێکۆڵینەوەی زیاتریان تێدا بکرێت و شوێنەواریان تێدا بدۆزرێتەوە؟ 
 
ئێما پۆمەرۆی: بێگومان. ئەشکەوتی شانەدەر شوێنێکی شوێنەواریی زۆر دەوڵەمەند و گرنگە. چینی تێدایە کە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 100 هەزار ساڵ پێش ئێستا. لە تەواوی ئەو ماوەیەدا تاوەکو ئەم دواییانە گرنگترین شوێنەوار لەبارەی پاشماوەی نیاندەرتاڵەکانەوە ئەوەیە ئێمە دۆزیمانەوە لەگەڵ هەندێک پاشماوەی دێرینترین جووتیارانی ناوچەکە. وەکو گوتم، زنجیرەیەکی شوێنەوارناسییانەمان دەستکەوت کە بە تەواوی ئەو کاتانەدا دەڕوات و دەرفەتی گرنگمان پیدەدات کە بەپێی سەردەم لە گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکەی تێبگەین لەسەر ئەو کەسانەی ئەشکەوتەکەیان بەکارهێناوە. هەروەها لە شتەکانی وەک گواستنەوە لە مرۆڤی نیاندەرتاڵەوە بۆ هاتنی مرۆڤی هاوچەرخ تێبگەین. ئینجا گرنگترین پرسیاری شوێنەوارناسییانە ئەوەیە: ئەو گواستنەوەیە چۆن بووە؟ ئایا مرۆڤی هاوچەرخ تەنیا شوێنی نیاندەرتاڵەکانیان گرتەوە یان جۆرێک لە هەڵسوکەوت و پەیوەندی لەنێوانیاندا هەبووە کاتێک ئەشکەوتەکەیان بەکارهێناوە؟ بۆیە لە ئەشکەوتی شانەدەردا زۆر شت بۆ ئێمە هەن کە بیانزانین و، شوێنێکی شوێنەواریی زۆر گرنگە.  
 
رووداو: ئایا پێتوایە کە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی نوێی کنەوپشکنینی زیاتر لە ئەشکەوتی شانەدەردا هەبێت، ئایا پێشنیازی ئەوە دەکەیت؟ 
 
ئێما پۆمەرۆی: راستییەکەی، لەم ساتەدا ئەو پڕۆژەیەی من تێیدا بەشدارم هێشتا بەردەوامە. مۆڵەتێکی دیکەمان هەیە تاوەکو چەند ساڵێکی دیکە لە پرۆژەکە بەردەوام بین و زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ئیدارەی سۆران دا کار دەکەین بۆ ئەوەی لە کنەوپشکنینەکەمان بەردەوام بین. 
 
رووداو: بە گوێرەی دۆزینەوەکانتان، پێتوایە ژیانی مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە کوردستان دا چەندی خایاندووە؟ 
 
ئێما پۆمەرۆی: ئێمە هێشتا زیاتر کار دەکەین بۆ ئەوەی بەڕاستی و بە وردی بزانین کەی نیاندەرتاڵ لەم ناوچەیەی کوردستان دا لە ژیان وەستاون، بەڵام وا دەردەکەوێت کە رەنگە تاوەکو 45 هەزار ساڵ پێش ئێستا لەوێ بووبن و پاشان نزیکی ئەو سەردەمە مرۆڤی هاوچەرخ شوێنی نیاندەرتاڵی گرتبێتەوە.  
 
رووداو: پێتوایە نیاندەرتاڵ لە کوردستان زیاتر ماونەتەوە و ژیاون یان لە کرواتیا؟ 
 
ئێما پۆمەرۆی: راستییەکەی زۆر قورسە ئەوە بگوترێت. یەکێک لەو سەختییانەی لە بەردەمماندا بوو ئەو رێگەیە بوو کە بڵێین تەمەنی هەندێک لە شوێنەوارەکان چەندە. ئەوە لە دیاریکردنی ئەو کاتەدا تەواو ورد نییە. ئێمە دەزانین کە نیاندەرتاڵ لەم ناوچەیە لە کوردستان و لە کرواتیاش بە نزیکەیی لە هەمان کات دا لەنێوچوون. ئەگەری هەیە زۆر هاوشێوە بێت. هەرچەندە سنوورداریی تەکنیکی دیاریکردنی کات کە هەمانە وادەکات زۆر قورس بێت بە وردی بڵێین چەند ژیاون یان زیاتر ژیاون.  
 
رووداو: لە بەڵگەفیلمەکەی نێتفلیکس دا کە بینیومانە، تیمەکەتان گریمانەی ئەوە دەکات کە رەنگە ئەشکەوتی شانەدەر گۆڕستانی نیاندەرتاڵەکان بووبێت کە بەوجۆرە بەکاریان هێناوە. ئایا پێتوایە وەک گۆڕستان بەکاریان هێناوە یان لەوێ ژیاون و کاروبارەکانی دیکەی ژیانیان تێدا کردووە؟ 
 
ئێما پۆمەرۆی: راستییەکەی، ئەو بەڵگە شوێنەوارییانەی هەمانن پیشانی دەدەن کە هەردووکیان تێدا کردووە، مردووەکانیان لەوێ ناشتوون و (شانەدەر زێت) یەکێکە لەو کەسانەی لەوێ نێژراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتوانین ئەوەش ببینین کە لەوێ ژیاون. زۆر نزیک لەو شوێنانەوە ژیاون کە مردووەکانیان تێدا ناشتوون. زۆر بەڵگەی باشمان هەیە بۆ شتی وەک ئاگردان، پاشماوەی خۆراک، ئێسکی ئاژەڵ و وردەڵۆکەی سووتاوی خۆراکی رووەکی. دەتوانین هەندێک لە ئامرازە بەردینەکانیان و شوێنی دروستکردن و چاککردنەوەیان ببینین. ئینجا ئەو شوێنانەی دەتوانین ئەم بەڵگانەیان تێدا ببینین شوێنێکی وەک شوێنی رۆژانەیە کە رێک لە تەنیشت ئێسکەپەیکەرەکانەوەیە. بۆیە دەکرێت لەتەنیشت ئاگردان دا دانیشتبن و توانیبێتیان بگەنە شوێنی ئێسکەپەیکەرەکان و دەستیان لێبدەن. ئینجا ئەمە لەبارەی ئەو پەیوەندییەی نێوان زیندووەکان و مردووەکانەوە پرسیارێکی سەرنجڕاکێش دروست دەکات. واتە ئەگەر سەیر بکەیت، لەوە نەترساون کە زۆر لە مردووەکانەوە نزیک بن. ئێمە بەڵگەی هەریەکە لە ژیان و مردنمان لەنێو ئەشکەوتی شانەدەردا هەیە کە ئەوەش وایکردووە زۆر سەرنجڕاکێش بێت. 
 
رووداو: پێتوایە هۆکاری نەمانی نیاندەرتاڵ لە کوردستان و شانەدەر چییە، ئایا شەڕی نێوان ئەوان و مرۆڤی ژیر بووە یان هۆکاری دیکەی کەشوهەوا بووە؟ 
 
ئێما پۆمەرۆی: لەم کاتەدا ئەمە یەکێکە لەو بابەتانەی لە بواری ئەکادیمی دا گفتوگۆی گەرمی لەسەر دەکەین. ئێستا تاوەکو رادەیەک رەنگە بزانین نیاندەرتاڵ لە کاتێکدا کە لە کوردستان نەماون، هاوکات لە شوێنەکانی دیکەی جیهانیش نەماون. ئایا ئەوە لەبەر چییە؟ دڵنیا نین، بەڵام وا دەردەکەوێت بە تێپەڕینی کات نیاندەرتاڵەکان لە سنوورەکەیاندا کە لە کەناراوەکانی زەریای ئەتڵەسییەوە درێژ دەبێتەوە بۆ رووسیا، تەواو رووبەڕووی لەنێوچوون بووبنەوە. ئەوان تاوەکو رادەیەک بە کۆمەڵی بچووک ژیاون. منداڵیان هەبووە، خزمایەتی زۆر نزیکیان نەبووە و، هەمەچەشنیی جینەکانیان نەبووە کە وادەکات خەڵک لەشساختر بن. بۆیە وا پێدەچێت ژمارەیان کەمبووبێتەوە، بچووک بووبنەوە و وایان لێ هاتبێت بەرامبەر هەر گۆڕانکارییەک کەمتر خۆڕاگر بووبن. لەم روانگەیەوە، دەکرێت هۆکارەکە هەندێک گۆڕانکاری گەورەی کەشوهەوا بووبێت وەک دەیبینین. بەڵام رەنگە هاتنی جۆرەکانی ئێمەی مرۆڤی هاوچەرخیش هۆکار بووبێت بۆ ئەوەی سەرئەنجام لەنێوبچن کە ئەوە شتێکە ئەوان بەرامبەری لاواز بوون. 
 
رووداو: پرسیارێکی دیکە کە رەنگە بە مێشکی هەمووماندا بێت، هەرچەندە لەوانەیە ئێمە وەک ئێوە زۆر زانستییانە بیری لێنەکەینەوە، بەڵام هەر دەپرسم: پێتوایە چەندە دی ئێن ئەی نیاندەرتاڵ لە ئێمەی مرۆڤی هاوچەرخ دا هەیە؟ 
 
ئێما پۆمەرۆی: ئەو بەڵگانەی هەمانن زۆر باشن، زۆربەی ئەو خەڵکەی ئەمڕۆ لە جیهان دا دەژین 8٪ی دی ئێن ئەی نیاندەرتاڵیان تێدایە. ئەمە رێژەیەکی زۆر نییە. لە خەڵکێکەوە بۆ خەڵکێکی دیکە دەگۆڕێت و رەنگە 1٪ بۆ 3٪ بێت و، لە هەندێک خەڵکیش دا تۆزێک زیاتربێت. ئەمە بە تەواوی لەنێوان کەسەکان دا دەگۆڕێت. بۆیە ئەمە بڕێکی تاوەکو رادەیەک کەمە، وەکو گوتم 1٪ بۆ 3٪یە، بەڵام سەرنجڕاکێشە و هەندێک بەڵگەمان هەیە کە پەیوەندییان بە تەندروستی و هەندێک تایبەتمەندیی جەستەییمانەوە هەن. 
 
رووداو: د. ئێما پۆمرۆی، پرۆفیسۆر لە زانکۆی کامبریج، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. سوپاس کە ئەمڕۆ لەگەڵمان بوویت. 
 
ئێما پۆمەرۆی: زۆر سوپاس بۆ میواندارییەکەتان. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر

گرەیەم بارکەر بۆ رووداو: لە شانەدەردا دۆزیمانەوە نیاندەرتاڵەکان بە ئاگر چێشتیان لێناوە و پێکەوە نانیان خواردووە

پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر، سەرۆکی تیمی شوێنەوارناسی لە ئەشکەوتی شانەدەر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە دۆزینەوەی کەلەسەری ژنێکی نیاندەرتاڵ لە ساڵی 2018دا (شانەدەر زێد) زۆر گرنگە بۆ کوردستان، ئەو بەڵگەفیلمەی لەلایەن بی بی سیی بەریتانی بەرهەمهێنراو لە نێتفلێکس دا بڵاوکرایەوە "وای لە کورد کرد گرنگی کەلەپوورە دەوڵەمەندەکەی بۆ دەربکەوێت. کورد ئەویان وەک دایکی خۆیان داناوە. ئەوە شتێکی سەرنجڕاکێشە کە ببینی چۆن (شانەدەر زێد) و نیاندەرتاڵ بوونەتە بەشێک لە ناسنامەی کورد. پێموایە ئەوە بەشی یەکەمە، چونکە مانای وایە کورد بۆی دەردەکەوێت کە نەک تەنیا (شانەدەر زێد)، بەڵکو ئەشکەوتی شانەدەریش چەندە گرنگە". پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر دەڵێ پێویستە کەیسێک لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر ئامادەبکرێت " بۆ یونسکۆ تاوەکو ئەشکەوتەکە ببێتە شوێنێکی کەلەپووریی جیهانی".