د. فایەق گوڵپی: لەمەودوا پەیوەندی نێوان یەكێتی و پەكەكە ساردی تێدەكەوێت

14-01-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن تەڤگەری ئازادی یەكێتی پەكەكە
A+ A-

رووداو - سلێمانی

چوار ساڵ سەرۆكی حیزبێك بوو كە لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتی نەبوو، چەند جارێكیش زیندانی كرا. د.فایەق محەممەد گوڵپی، سەرۆكی پێشووی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان كە باڵی باشووری پەكەكە بوو، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی كاردانەوەكانی داخستنی بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی كوردستان لە لایەن ئاسایشی یەكێتییەوە دەكات و دەڵێت "لە هاوینی رابردووەوە یەكێتی لەگەڵ توركیا رێككەوتووە بۆ داخستنی بارەگاكانی تەڤگەر".  هەروەها دەڵێت: "لەمەودوا پەیوەندی یەكێتی و پەكەكە زیاتر ساردی تێدەكەوێ‌". 

رووداو: بۆچی لەم كاتەدا هێزە ئەمنییەكان لە پارێزگای سلێمانی دەستیان بە رێگری كردووە لە چالاكییەكانی تەڤگەری ئازادی و هێزەكانی نزیك لە پەكەكە؟

د.فایەق گوڵپی: دوو هۆكاری سەرەكی هەن. یەكەم: ئەو رێككەوتنەیە كە لە هاوینی ساڵی رابردوودا لە نێوان بەرپرسانی یەكێتی و نوێنەرانی توركیا لە هەولێر كرا. بە گوێرەی ئەو رێكەوتنە نهێنییە چۆن پارتی لەگەڵ تەڤگەر و رێكخراوەكانی دیكە دەجوڵێتەوە و رێگە نادات لە زۆنی زەرددا نووسینگە بكەنەوە و چالاكی بكەن، دەبێت دەسەڵاتدارانی یەكێتی لە زۆنی سەوز هەمان سیاسەتی پارتی لە دژی تەڤگەر و رێكخراوەكانی دیكە پەیڕەو بكەن و بارەگایان دابخەن و رێگەی چالاكییان لێبگرن. هۆكاری دووەم ئەوەیە كە هەموو لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان ئەگەر لەسەر زۆر بابەت ناكۆك بن، لەسەر ئەوە كۆكن كە نابێت هەڵگرانی هزری سیاسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە باشووری كوردستاندا بە فەرمی و بە ئازادی خەبات بكەن. پارتی لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا، هەر لەسەرەتاوە رێگەی فەرمیبوون و كار و چالاكییان لێدەگرێت. یەكێتی سەرەتا رێگەی چالاكی سەرەتایی سنوورداریان پێدەدات، كەی ویستی و كەی زانی لە لێدانیان سوودی زیاتر دەكات، ئەو كاتە دەست بە داخستنی بارەگا و گرتن و رێگری لە چالاكییان دەكات. 

رووداو: ئەمە هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی یەكێتییە لەگەڵ توركیا؟ 

د.فایەق گوڵپی: پێشتر پەیوەندی یەكێتی و توركیا بەهێز نەبوو، بەڵام لەبەرئەوەی لە ماوەی رابردوودا یەكێتی دووچاری دوو كێشە هات، بە گرنگی زانی لایەك لە توركیا بكاتەوە و پەیوەندی لەگەڵدا پێشبخات. كێشەی یەكەم 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بوو، كاتێك هەندێك لە بەرپرسە گەنجەكانی یەكێتی لە ژێر چاودێریی ئێراندا هاوكاریی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقیان كرد و دەسەڵاتی عێراقی ناوەندیان گێڕایەوە بۆ كەركووك، بەڵام كە بینییان ئێرانییەكان و دۆستە عێراقیەكانیان ئەو پەیمانەی بە یەكێتیان دابوو جێبەجێیان نەكرد، وەك نیگەرانی و هەوڵی تۆڵەكردنەوە لە ئێران، یەكێتی هەوڵیدا پەرە بە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ توركیا بدات. كێشەی دووەمی یەكێتی ئەوە بوو، دەزگای هەواڵگری و هێزی كۆماندۆی پەكەكە بە نهێنی شوێنپێی چەند بەرپرسێكی میتی توركیایان هەڵگرت و لە شارۆچكەی دووكان دەستگیریان كردن و رفاندیانن بۆ قەندیل. پەرچەكرداری توركیا بەرامبەر بە دەستگیركردنی دوو فەرماندەكەی میت، دەركردنی نوێنەری یەكێتی بوو لە توركیا و داخستنی ئاسمانی توركیا بوو بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا، بۆ كردنەوەی ئاسمانی توركیا بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا و گێڕانەوەی نوێنەری یەكێتی بۆ توركیا، یەكێتی هەوڵیدا پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ توركیا پێشبخات، دیارە توركیاش مەرجی بۆ یەكێتی هەیە.

رووداو: پەیوەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان لەوپەڕی باشیدا بوو، چۆنە ئاوا لەناكاو پەیوەندییەكان تێكچوون؟

د.فایەق گوڵپی: بەبڕوای من سیاسەتی گشتی یەكێتی و پەیوەندییەكانی، گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، لەبەر ئەوەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی لە ژیاندا نەماوە. تاڵەبانی كەسێكی خاوەن هزر بوو، لە قوتابخانەی نەتەوەییدا گەورەببوو، ئەزموونی پەیدا كردبوو، گرنگی بە پەیوەندییە ستراتیژییە نەتەوەییەكانی حیزبەكەی دەدا. كوڕەكانی تاڵەبانی كە بە بەرپرسی كاریگەری یەكێتی دەژمێردرێن، گەنجن و خاوەن فكر نین. لە خەباتی نەتەوەییدا ئەزموونیان نییە. سەیری بەرژەوەندییە هەنووكەییەكانی خۆیان و حیزبەكەیان دەكەن كە دەبینن بەهۆی پەیوەندییە نەتەوەییەكانیانەوە بە پەكەكەوە زیانیان بەردەكەوێت، لە پەكەكە دووردەكەونەوە. بۆیە ئەگەر هەیە لە ئایندەدا پەیوەندی نێوان پەكەكە و یەكێتی ساردی زیاتری تێبكەوێت.

رووداو: بابەتەكە تەنیا كردنەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییە بەڕووی توركیا، یان بە گشتی بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانە؟ 

د.فایەق گوڵپی: وەك گوتم ئەگەر هەیە پەیوەندی نێوان پەكەكە و یەكێتی زیاتر تێكبچێت. سەركردە نوێیەكانی یەكێتی پەیوەندی نەتەوەیی گەلی كوردیان بەلاوە گرنگ نییە، قورسایی پەیوەندی خۆیان دەخەنە سەر وڵاتانی دەوروبەر. بۆیە دەتوانم بڵێم بابەتەكە تەنیا كردنەوەی فڕۆكەخانەی توركیا نییە و لەوە زیاترە. یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی سیستەمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان، ئەو پێوەندییە ناهاوسەنگەی نێوان حیزب و وڵاتانی ناوچەكەیە. لەم كاتەدا گەلی كورد لە باشووری كوردستان دوو حكومەتی هەیە، حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم، راستترە هەرێم و لایەنەكان پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا و وڵاتانی دی لە رێگەی باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەكانی عێراق و نوێنەرەكانی حكومەتی هەرێمەوە بێت لەگەڵ هاوتا تورك و ئێرانی و وڵاتەكانی تردا. بۆ نموونە راستر بوو یەكێتی كێشەكانی لەگەڵ توركیا لە رێگەی سەرۆككۆمار و وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزارەتی گواستنەوەی عێراقەوە چارەسەر بكردایە، نەك لە رێگەی داخستنی بارەگاكانی تەڤگەرەوە. 

رووداو: هەندێك پێیانوایە ئەو حاڵەتی دەستگیركردنانە كاتین و دوای ئەوەی توركیا گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی لابرد، رەوشەكە بۆ چالاكییەكانی تەڤگەر ئاسایی دەكرێتەوە؟

د.فایەق گوڵپی: من پێموایە ئەو حاڵەتی بارەگا داخستن و رێگریكردنە لە چالاكی تەڤگەر كاتی نییە و بەردەوام دەبێ. لەبەر ئەوەی لە رابردووشدا ئەو حیزب و رێكخراوانەی سەر بە هزری سیاسی عەبدوڵا ئۆجەلان بوون، هەمان چارەنووسی تەڤگەریان هەبووە. لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم بە هۆكاری سیاسی مۆڵەتیان نادەن كار بكەن. رێگەیان نادەن بەشداریی هەڵبژاردن بكەن. حكومەتی عێراقی مۆڵەتی بە تەڤگەر داوە، حكومەتی هەرێم مۆڵەتەكە بە فەرمی ناناسێت. 

ساڵانی 2004 تاوەكو 2008 من سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان بووم، خەبات و قوربانی خۆم و بنەماڵەكەم لە باشووری كوردستاندا بۆ گەلی كورد، لە سەرۆكوەزیران و هەموو وەزیرەكانی ئەو كاتەی حكومەت زیاتر بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی حیزبەكەمان سەر بە رێبازی رێبەر ئاپۆ بوو، دژبەری سیاسەتی رەگەزپەرستانەی وڵاتانی داگیركەری كوردستان بووین، نەك هەر مۆڵەتیان پێنەداین، تەنانەت رێگەیان نەدا بەشداری هەڵبژاردن بكەین، چەندانجاریش لە ژێر دەسەڵاتی زۆنی سەوزدا زیندانی كرام.

رووداو: پەیوەندی بە سەركردایەتی یەكێتی كراوە؟ ئەوان چی دەڵێن؟ 

د.فایەق گوڵپی: من ئاگاداری ئەوە نیم پەیوەندی بە سەركردایەتی یەكێتییەوە كرابێت، خۆ ئەگەر ئەو پەیوەندییەش كرابێت سەركردایەتی یەكێتی یەك جۆر و شوێن نییە. بەهۆی تەكەتولاتەوە بەرپرسانی یەكێتی هەر یەكەو لەسەر ئەو مەسەلەیە بۆچوونێكی هەیە. بەبِروای من ئەم هەڵمەتە زیاتر پەیوەندی بە قوباد تاڵەبانییەوە هەیە، ئەمجارە ئەو دامودەزگا ئەمنییەكانی حكومەتی بۆ ئامانجی حیزبی بەكارهێنا.

رووداو: پێش دەستپێكردنی ئەو هەڵمەتەی هێزەكانی ئاسایش بۆ رێگری لە چالاكوانان و بەرپرسانی تەڤگەر و داخستنی بارەگاكانیان، تەڤگەریان ئاگادار كردەوە كە چالاكییەكانیان رابگرن؟

د.فایەق گوڵپی: ئاگاداری شتێكی وا نیم، بەڵام ئەوەی لە رێگەی كەناڵەكانی راگەیاندنەوە بیستمان و بینیمان ئەوەبوو كە بە بڕیاری جێگری سەرۆكی حكومەت، قوباد تاڵەبانی دەبێت بارەگای ئەو حیزبانە دابخرێن كە مۆڵەتی فەرمییان نییە. ئەگەرچی تەڤگەر و رێكخراوەكانی دیكە مۆڵەتی حكومەتی عێراقیان هەبوو، بەڵام ئاسایشی دەڤەری سەوز، هەڵیكوتایە سەر بارەگاكانی تەڤگەر و دایخستن.

رووداو: قەندیل رای چییە لەسەر ئەو دەستگیركراوانەی تەڤگەر و ئەو رەوشەی هاتووەتە ئاراوە؟

فایەق گوڵپی: بەدڵنیاییەوە قەندیل بەو رەفتارەی بەرپرسانی یەكێتی نیگەرانە، بەڵام هێندەش نیگەران نابێت كە ببێتە هۆی تێكچوونی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پەكەكە و دروستبوونی ململانێی خوێناوی. لە رابردوودا و ئێستاش، چەندینجار پارتی و یەكێتی بارەگای ئەو حیزب و رێكخراوانەیان داخستووە كە لە پەكەكە نزیكبوون. مۆڵەتی فەرمییان نەداونەتێ و رێگەیان نەداوە بەشداریی هەڵبژاردن بكەن. بەرپرس و كادرەكانیان زیندانی كردوون. قەندیل لەسەر ئەو رەفتارانە بەرامبەر بە دۆستەكانیان هەڵوێستێكی توندیان نیشاننەداوە.

رووداو: ئێستا پەیوەندی نێوان یەكێتی و تەڤگەر و پارتی كرێكارانی كوردستان چۆنە؟ ئایا ئەو رووداوانە كاریگەرییان دەبێت لەسەر پەیوەندییەكان؟

فایەق گوڵپی: بەبڕوای من لەمەودوا پەیوەندی نێوان یەكێتی و پەكەكە ساردی تێدەكەوێت. تەڤگەر هیچ جۆرە پەیوەندییەكی لەگەڵ یەكێتی و حیزبەكانی دیكەدا نییە. لەبەر ئەوەی لەلایەكەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم تەڤگەر بە فەرمی ناناسن، لەلایەكی دیكەش تەڤگەر بە باڵێكی پەكەكە دەزانن، خۆیان پەیوەندییان لەگەڵ پەكەكە هەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە