نووسین: گۆڤەند مستەفا
رووداو دیجیتاڵ
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون لەبارەی خۆبەربژێرکردنی د. لەتیف رەشید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رایگەیاند، ئەو وەکو کەسایەتییەکی سەربەخۆ خۆی بەربژێر کردووە، پەیوەندیی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە نییە و ئەو حیزبە ناتوانێت رێگری لێبکات.
دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ"ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە بێستوون عوسمان پێشکەشی دەکات، وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی هەڵوێستی یەکێتی لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان و یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار لەنێوان یەکێتی و پارتی و پەیوەندییەکانی ئەو دوو حیزبە و چەند پرسێکی دیکەی دایەوە.
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و دەنگی لایەنەکان رایگەیاند، مەرج نییە هەمان شێواز و هاوپەیمانیی نێوان لایەنەکان کە بۆ دەنگدانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەبوو، بۆ سەرۆکایەتیی کۆماریش دووبارەبێتەوە.
لەبارەی پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی، دکتۆر ئاسۆ فەریدوون رایگەیاند، هەمیشە ئەگەری دروستکردنی دانوستاندن و رێککەوتن و گەیشتن بە ئامانجێک لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتیدا هەیە، تاوەکو پێش چەند کاژێرێکی چوونە نێو هۆڵی پەرلەمانەوە.
دەقی هەڤپەیڤینی دکتۆر ئاسۆ فەریدوون لەگەڵ رووداو:
رووداو: کشانەوەتان لە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان وای نەکردووە پشتیوانی سەدر و سوننەکان بەتەواوەتی لەدەست بدەن؟
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون: ئێمە لە دانیشتنی یەکەم بەشداریی دانیشتنەکەمان کرد تاوەکو هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، بەشداری نەکردنەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاگای لە هەندێک وردەکاریی ئەو رێککەوتنە سیاسییەی لەنێوان سێ پێکهاتە سیاسییەکە، بەشێک لە کورد و بەشێک لە سوننە و بەشێک لە شیعە نەبووە. بۆیە لە پرۆسەی دەنگدان بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەردوو جێگرەکەی بەشداریمان نەکرد. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە هیچ تێبینی و رەخنەیەکمان لە هەریەک لە محەممەد حەلبووسی، حاکم زاملی و کاک شاخەوان هەبێت، ئەمانە برای ئەزیز و خۆشەویستی ئێمەن، لەگەڵ هەندێک لەوانە تەنانەت برادەرایەتی کەسیمان لەگەڵیاندا هەیە.
رووداو: بەڵام ئەو هەڵوێستە سیاسییەتان نەبووە هۆکاری ئەوەی بەتەواوەتی پشتیوانیی ئەوانە لەدەست بدەن؟
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون: لە سیاسەتدا ئەو حاڵەتانە روودەدات، لەنێوانی یەکێتی و پارتی لە پێشتر ئەو حاڵەتانە روویداوە، لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکاندا روویداوە. سیاسەت لەوە گەورەتر لەسەر یەک هەڵوێستی سیاسی حیسابی بکەی.
رووداو: کەواتە لەگەڵ پارتی بەتەواوەتی پردەکانتان نەڕووخاندووە؟
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون: ئێمە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان شتی دیکە بەیەکەوەمان دەبەستێتەوە، پابەندیی بەیەکەوەمان دەبەستێتەوە، نەریتە سیاسییەکان بەیەکەوەمان دەبەستێتەوە.
رووداو: لە سێ رۆژی رابردوودا هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان یەکێتی و پارتی هەبووە؟
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون: کۆبووەوە و پەیوەندی بەردەوامە نەک لە سێ رۆژی رابردوودا پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی دانەبڕاوە و هەر هەبووە. جارێکی دیکە دەیڵمەوە پەیوەندی ئێمە لەناو هەرێمی کوردستان و تەنانەت لەنێوان هێز و لایەنە سیاسیە عێراقییەکاندا پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی خەڵکەوە هەیە، پەیوەندیی بە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بە سەر مووچە و بودجە و کێشەی پێشمەرگە و ناوچە جێناکۆکەکان و هەندێک نەریتی سیاسیشەوە هەیە، کە پەیوەندیی بە پشکی سیاسی لەنێوان یەکێتی و پارتی چ لە هەرێم و چ لە عێراق هەیە.
رووداو: لە رۆژانی داهاتوو هیچ کۆبوونەوەیەک دەبینین لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی و یان هاوسەرۆک و سەرۆکی پارتی؟
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون: لەو بڕاویەدام پەیوەندییەکان وەکو گوتم نە بڕاون نە داشدەبڕێن لە یەک و بەردەوام دەبن.
رووداو: خشتەیەکی دیاریکراو هەیە؟
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون: من ئاگادار نیم، قسەکەی من وا وەرمەگرە کە هەبێت یان نەبێت، بەڵام دڵنیام کە پەیوەندی نێوان هەردوو حیزب و هەموو لایەنە سیاسییەکان گەرمتر دەبێت، لەو ماوەیە تاوەکو دوایین ئەو وادەیەی دانراوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.
رووداو: واتە دەڵێی سەدر و پارتی و حەلبووسی، ئەو هەڵوێستەی یەکەم رۆژی ئێوەیان بە هەڵوێست وەرنەگرتووە لە ئێوە؟
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون: نەخێر، گوتم سیاسەت لەوە گەورەتر تۆ تەنیا لەسەر یەک هەڵوێستی سیاسی، تەنانەت ئەو هاوپەیمانە سیاسییەش ئەو مانگە هەنگوینیەی لەنێوان ئەو لایەنە سیاسیانەش هەیە، مەرج نییە وەکو خۆی بمێنێت وەک لەیەکەم دانیشتن هەبوو.
رووداو: چ ئاماژەیەک هەیە؟ ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان هۆشیار زێباری بەربژێر کردووە، ئێوە بەرهەم ساڵحتان بەربژێر کردووە، کە چووە ناو هۆڵی پەرلەمان بە زمانی ژمارە قسە بکەین ئەو هاوپەیمانێتییەی کە سەدر، پارتی، سوننەیە نزیکەی 180 کورسی گەرەنتیان هەیە، ئەگەر 180 کەس گەرەنتی نەبێت، 76ی سەدر، 31ی پارتی و زیاتر لە 41 کورسی لە عەزم و تەقەدووم گەرەنتییە. بەو پێیە بێت ئێوە ریسکێکی گەورە بەخۆتان و دکتۆر بەرهەمەوە ناکەن؟
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون: یەکەم شت ئێمە حەزمان دەکرد و هیواداربووین وەکو کورد هەموومان بە یەک کاندید بچینە ناو هۆڵی پەرلەمان. ئەگەر سەیری ئەو دەنگدانەی بکەی لە یەکەم دانیشتن بۆ سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی جیاوازی هەبوو، ئەزموونێکی پێشترمان هەیە، ئەزموونی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بوو کە کەسایەتیی ئەمڕۆ کەسایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران کە ئاڵۆزتر بوو ئێستا، چونکە چەندین تەکەتولاتی بچووکتری وەکو ئیمتداد و ئیشراقی کانوون و موستەقلین و چەندین هاوپەیمانی دیکەی سیاسی لەناو سوننە و شیعە و سەربەخۆ هەن کە ئاڕاستەی دەنگەکانیان مەرج نییە ئەمڕۆ لەناو دانیشتنی یەکەم چۆن بوو لە دانیشتنی دووەم هەر وابێت.
رووداو: چاوتان لە دەنگی کێیە بۆ دکتۆر بەرهەم؟
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون: چاومان لە دەنگی هەموویانە، ئەوەی کە چوو دەنگی بە حەلبووسی دا، سەدرییەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان و تەقەدووم و عەزم جگە لە زوویربووەکان و ئیمتداد و نەوەی نوێ و ئیشراقی کانوون و هەندێک دەنگی دیکە، مەرج نییە هەمان هاوپەیمانی سیاسی یان هەمان کوتلە و کەسایەتی سەربەخۆ کە چووەتە دانیشتنی یەکەم دەنگی بە محەممەد حەلبووسی دا، هەمان شێوازی دەنگدان هەبێت.
ئەمڕۆ پەیوەندی کەسی رۆڵ دەبینێت، پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ تاک بە تاکی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران رۆڵ دەبینێت، هەڵوێستی سیاسیی حیزب و لایەنەکان بە نموونە یەکێتی و پارتی لە تێڕوانینی ئەندامانی پەرلەمان لە رابردوودا چۆن بووە لەبەرچاو دەگیرێت، بۆیە مەرج نییە ئەو شێوازی دەنگدانە وابێت.
جارێکی دیکە دەیڵێمەوە بۆ ئێمە لە دواجاردا کاری هاوبەشمان دەبێت لەگەڵ هەموو حیزبەکاندا بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەلایەنی کەمەوە بە رێککەوتنێک چووینە ژوورەوە یان نا، ئەمە کۆتایی کاری سیاسی نییە.
رووداو: کارنامە هاوبەشەکەتان هەر بەردەوامە، یان ئەویش هەڵوەشاوەتەوە؟
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون: کارنامە هاوبەشەکە، ئەوەی کە ئەمڕۆ هەیە، لە داهاتوودا رەنگە شتی زۆر لەو کارنامە هاوبەشە پێویستتر هەبێت. لە دواجار ئەوەت لەبیر نەچێت پارتیش پێویستی بە دەنگی یەکێتی دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەوەی هاتە سەر بەرژەوەندیی خەڵک لە بودجە.. مووچە و شایستە دەستوورییەکان و پێشمەرگە.
رووداو: بەلایەنی کەمەوە نزیکەی 150 دەنگ بۆ هۆشیار زێباری یەکلاییە، بە زمانی ژمارە، ئێوە هەست دەکەن چەند دەنگ بۆ بەربژێرەکەی ئێوە یەکلاییە.
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون: هەموو ئەوانەی کە بەشداریی دانیشتنی یەکەمیان کرد، هەموویان دەنگیان بە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان نەدا، ئەوانەی کە نەچووینە هۆڵی پەرلەمان ئێمە و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بووین.
رووداو: ئێوە و چوارچێوەی هاوئاهەنگی یەک بلۆکن؟
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون: ئێمە خۆمان وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕوامان بەوەیە کە سەقامگیریی سیاسی لە عێراقدا لەسەر بنەمای ئەوەیە حکومەتی سازان لەپێناوی خەڵکی عێراقدا لە خزمەتی عێراقدا دروستبکرێت.
سەقامگیری لە عێراق، سەقامگیریی سیاسی، ئابووری و ئەمنی لە عێراقدا واتە سەقامگیریی سیاسی، ئابووری و ئەمنی لە هەرێمی کوردستاندا، بۆیە ئێمە خۆمان ئەمە بە لەپێشینە و پێویست دەزانین لە عێراقدا.
من دەزانم لەنێو هۆڵی پەرلەمان ژمارە رۆڵ دەبینێت، تەنانەت بۆ دەرچوواندنی یاساش، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەگوترێت سەرکەوتن، مەرج نییە سەرکەوتنی هەمیشەیی بێت.
رووداو: چانسی دانوستاندنتان لەگەڵ پارتی تاوەکو 8ی2 ماوە بۆ ئەوەی یان بەربژێرەکەی ئێوە لە بەرژەوەندیی بەربژێرەکەی پارتی لەسەر بنەمای رێککەوتنێک بکشێتەوە، یان بەربژێرەکەی پارتی لە بەرژەوەندیی بەربژێرەکەی ئێوە لەسەر بنەمای رێککەوتن بکشێتەوە؟ یان سیناریۆکەی 2018 دەبینینەوە؟
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون: هەمیشە ئەگەری دروستکردنی دانوستاندن و رێککەوتن و گەیشتن بە ئامانجێک لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتیدا هەیە، تاوەکو پێش چەند کاژێرێکی چوونە نێو هۆڵی پەرلەمانەوە، نامۆ نییە و واردیشە، هیواداین هەموومان وەکو پێشتر نەبێت، بەڵام کە ناچار کراین هەرکەسێک مافی خۆیەتی کار بۆ کاندیدی خۆی بکات، تەنانە لە دانیشتنی یەکەمیشدا هیچ تێبینیەکمان لەسەر هیچ یەکێک لەو کەسانە نەبووە.
رووداو: واتە یەکێتی دەرگەی کراوەیە بۆ دانوستاندن لەگەڵ پارتی بۆ ئەوەی پێش 8ی2 ئەو پرسە یەکلا بکرێتەوە بەربژێری یەکێک لە بەرژەوەندیی ئەوەی دیکە بکشێتەوە؟
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون: من دڵنیام، پارتیش هەروایە.
رووداو: د. لەتیف رەشید بەربژێری کێیە؟
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون: د. لەتیف وەکو کەسایەتییەکی سەربەخۆ، واتە یەکێتیی نیشتمانی وەکو کادرێکی خۆی کاندیدی نەکردووە.
رووداو: بۆچی یەکێتی نەیتوانی رێگری لێبکات، چونکە هەموو کەسێک دەزانێت کە د. لەتیف یەکێتییە؟
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون: ئەو مافە بۆچی لە کەسایەتییەک بسەندرێتەوە؟
رووداو: تۆ دەڵێی د. بەرهەم لەسەر بنەمای ئەوە ئێمە چاوەڕێ دەکەین دەنگ بهێنێت، لەبەر ئەوەی کەسێکی خۆشەویستە لەناو پەرلەمانتاراندا.. کێ ناڵێت د. لەتیف رەشیدیش لەناو پەرلەمانتارانی یەکێتیدا خۆشەویست نییە و پەرلەمانتاری یەکێتی دەنگی پێنادات؟
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون: ئێستا ئێمە توانیمان رێگری لە حاکم رزگار بکەین؟ دکتۆر لەتیفیش ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نییە، کەسایەتییەکی سەربەخۆیە و پێگەی خۆی هەیە لەنێو هەموو پێکهاتە و تائیفەکانی سوننە و شیعە، کەسێک بووە وەزیر بووە، بنەماڵەیەکی ناسراوی ئەو شارەیە.
رووداو: چاوەڕێی حکومەتێکی چۆن دەکەن، زۆرینەی نیشتمانی یان سازان؟
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون: پێگە حیزبە سیاسییەکان لە عێراق تەنانەت لە کوردستانیش تەنیا ژمارە نییە، بەڵکو بە پێگەی سەر ئەرز و جەماوەر و مێژوو و چەکیەتی، هێزە ئەمنییەکانیەتی، رۆڵی لە سەقامگیرکردنی دەوڵەتی عێراقدا، بۆیە بەڕای من بەشداریکردنی ئەو حیزب و لایەنە سیاسییانەی لە مێژووی عێراقدا رۆڵی خۆیان هەبووە، ئایا حیسابی رەوتی حیکمە بە دوو کورسی دەکەی یان بە مێزەرەکەی جەنابی سەماحەتوڵڵا موحسین حەکیم دەکەی کە مێژووێکی گەورەی لەناو مێژووی خەباتی شیعە هەبوو لە عێراقدا؟ بە هەمان شێوە دەوڵەتی قانوون تەنیا بەو سی و ئەوەندە کورسییە حیسابی بۆ دەکەی یان بە پێگەی نووری مالیکی و رۆڵی لە سەرۆکوەزیرانی و پەیوەندییەکانی.
رووداو: بەڵام ئێستا ئاڕاستە و تێڕوانینێکی نوێ هەیە.
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون: راست دەکەی رەنگە ئەو ئاڕاستە و تێڕوانینە زاڵ بێت.
رووداو: ئێوە وەکو یەکێتی بۆچی لەگەڵ ئەو تێڕوانینە نوێیە نین کە زۆربەی کەس وەکو هەنگاونانێک بەرەو دیموکراتیزەکردنی عێراق سەیری دەکەن؟
دکتۆر ئاسۆ فەریدوون: ئەوە پێویستی بەوەیە لەناو پڕۆسە سیاسییەکە و رێککەوتنی سیاسی بێت، کە لەناو پڕۆسە و رێککەوتنی سیاسیدا بیت، دەبیتە بەشێک لەو رێککەوتنە سیاسییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ