فەرهاد شامی بۆ رووداو: 1500 چەکداری داعش لە زیندانی شەدادی بەردران

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)
فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رایگەیاند، تەنیا لە زیندانی شەدادی 1500 چەکداری داعش بەردراون و ئێستا شەڕی ئەوان دەکەن، راشیگەیاند، هەوڵی زۆر هەیە بۆ شکاندنی زیندانی رەققە هەیە، کە بە گوتەی ئەو چەندین فەرماندەی مەترسیداری داعشی تێدایە.
 
لە کاتێکدا شەڕ و پێدادانەکان لە رۆژئاوای کوردستان پێ دەنێنە قۆناخێکی چارەنووسسازەوە، دۆخی مەیدانیی شاری حەسەکە و دەوروبەری بووەتە جێی مشتومڕێکی گەورە. لە لایەک گرووپە چەکدارەکان و میدیاکانی نزیک لە حکومەتی سووریا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تەنیا 500 مەتر لە نێو جەرگەی حەسەکە دوورن، بەڵام هەسەدە ئەو هەواڵانە بە "شەڕی دەروونی" وەسف دەکات.
 
فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو دەڵێت، هێزە چەکدارەکان لە پێنج لاوە هێرش دەکەنە سەر حەسەکە و لە سێ‌ لاشەوە هێرش دەکەنە سەر کۆبانی، بەڵام سەرجەم هێرشەکانیان تێکشکاندوون.
 
بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) باسی دۆخی زیندانەکانی کرد و گوتی زیندانی ئەقتانییە چەکداری زۆر مەترسیداری داعشی تێدایە، کاتێک چەتەکان ویستیان هێرش بکەنە سەر زیندانی پیشەسازی (سیناعە) و سەرکەوتوو نەبوون، زۆر لە فەرماندە مەترسیدارەکانی داعش گواسترانەوە بۆ زیندانی رەققە."
 
فەرهاد شامی دەڵێت، چەکدارانی دیمەشق هەوڵی زۆر دەدەن گرتووخانەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، یان بە تۆپ و مووشەک بۆردوومانی دەکەن، تاوەکو پەیامێک بۆ زیندانییەکان بنێرن و یاخی ببن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. شامی ئاشکراشی کرد شکستیان بە هەوڵێکی یاخیبوون لە زیندانەکە هێناوە.
 
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە حکومەتی سووریا دەڵێن تەنیا 500 مەتر لە حەسەکە دوورن، ئایا ئەمە راستە؟
 
فەرهاد شامی: بەخێربێن، سڵاو و ڕێز بۆ ئێوە و هەموو بینەرانتان. هەڵبەت حکومەتی دیمەشق یان با بڵێین "حکومەتی داعش" یان ئەوەی بە "عەقڵییەتی داعش" جووڵە دەکات، بە پشتیوانیی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ماوەی چەند رۆژێکە، لە 6ـی مانگەوە هێرش دەکات. ئەم هێرشە دژی گەلی کورد و تەنانەت عەرەبیشە کە نەبوونە بەشێک لە پڕۆژە فاشیزم و جیهادییەکەی ئەوان.
 
سەبارەت بەو پروپاگەندانەی دەکرێن، حکومەتێک بەو شێوەیە بێت، لە سەرۆکەکەیەوە تاوەکو بچووکترین کارمەندیان هەمووی درۆ دەکەن و خەریکی چەواشەکارین. سەبارەت بە هەواڵی حەسەکە، ئەو هەواڵانە درۆن. نە تەنیا 500 مەتر، بەڵکو 40 کیلۆمەتر لە حەسەکەوە دوورن. ئێمە بە باوەڕ و ئیرادەی هێزەکانمانەوە دەڵێین کە ناهێڵین بێنە پێشەوە. هێزەکانمان و گەلەکەمان لە رۆژئاوا، باشوور و باکوور یەکگرتوون و بەرپەرچی ئەو داگیرکەرە فاشیستانە دەدەینەوە.
 
رووداو: دۆخی گەڕەکەکانی باشووری حەسەکە چۆنە؟ بەتایبەتی غوێران کە زیندانی داعشی لێیە و گەڕەکی نەشوە و حەی زهوور؟
 
فەرهاد شامی: ئێوارەی ئەمڕۆ شانەیەکی نووستوو لە گەڕەکی "نەشوەی رۆژئاوا"ی حەسەکە کەوتنە جموجووڵەوە، بەڵام لەگەڵ جووڵەکردنیان هێزەکانمان وشیار بوون، دووانیان لێ کوژرا و تەرمەکانیان لە دەستی ئێمەیە.
لە غوێرانیش هەندێک جموجووڵ هەبوون، بەڵام کۆنترۆڵ کران. ئێمە ناهێڵین ئەوان سەری خۆیان بەرز بکەنەوە. پێشتریش چۆن ئەو چەتانەمان تێکشکاند، ئێستاش بە دڵنیاییەوە 100٪ بە ئیرادەیەکی بەهێزترەوە لەنێو شاری حەسەکە و سەرانسەری رۆژئاوای کوردستان رێگە بەو چەتانە و ئەو شانانە نادەین.
 
رووداو: لە چەند قۆڵەوە دەیانەوێت بێنە نێو حەسەکەوە؟
 
فەرهاد شامی: ئێستا ئەوان لە پێنج میحوەرەوە دەیانەوێت هێرشی حەسەکە بکەن یان ئامادەکارییان کردووە:
یەکەمیان: میحوەرێکیان هێڵی سنووری عێراق و سووریایە (هێڵی دشیشا) دەیانەوێت بەرەو "تل کۆچەر" بێن. لەوێ شەڕڤانانی ئێمە هێرشێکی ئەوانیان تێکشکاند و زرێپۆشێکیان تێکشکێنرا.
دووەم: میحوەرێکی دیکە "هۆل"ـە، هەوڵیان دا بچنە نێو کەمپەکە، بەڵام پاشەکشەیان پێکرا.
سێیەم: لە میحوەرى "شەدادێ"، لەسەر بازگەی 47 شەڕ و پێدادانی سەخت تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام بوو.
چوارەم: لە لایەن "هێڵی سپی"ـەوە (ئەبیەز ئەبیەز)، کە نزیکەی ٤٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری حەسەکە، لەوێش شەڕڤانانمان زرێپۆشێکیان تێکشکاند و دیسان ڕاگران.
پێنجەم: میحوەرێکی دیکە میحوەری "عالیا"ـیە، واتە رێگای M4، بەرەو "تل تەمەر". لەوێش ئەمڕۆ چوار جار هەوڵیان دا پێشڕەوی بکەن و تل تەمەر بگرن، بەڵام نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە تل تەمەرەوە دوورن. تاوەکو ئێستا شەش زرێپۆشیان تێکشکێنراوە.
 
رووداو: تل تەمەر لە دەستی ئێوەدایە؟
 
فەرهاد شامی: هەڵبەت لە دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات دایە، ئێمە لە هێزی خۆمان دڵنیاین کە هەمووی لە دەستی ئێمەدا دەمێنێتەوە.
 
رووداو: لەبارەی دۆخی زیندانی غوێران (پیشەسازی) کە چەکدارانی داعشی تێدایە، دۆخەکە چۆنە؟
 
فەرهاد شامی: ئێستا دۆخی ئەوێ ئارامە. بەڵام سەبارەت بە زیندانی "شەدادێ"، وەک دەزانن چەتەکانی داعش و چەتەکانی حکومەتی دیمەشق (حکومەتە فاشیستەکەی شام)، ئەو زیندانە کەوتە دەستی ئەوان. هەموو داعشەکان ئازاد کران (بەردران). ئێستا هەوڵێک هەیە کە ئەو چەتانە تێکەڵ بە خۆیان بکەن. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێمە ئەو چەتانەی داعش زۆربەیان تێکەڵ بە هێزە هێرشبەرەکان بوون و هەوڵدەدەن هێرش بکەنە سەر حەسەکە.
 
رووداو: بەڕێز فەرهاد، تۆ دەڵێی هەموو داعشەکانی زیندانی شەدادێ ئازاد کراون؟ بەگوێرەی زانیارییەکان نزیکەی 1500 چەکداری داعش لەوێ بوون.
 
فەرهاد شامی: ئێمە خەریکی کۆکردنەوەی ئامارین. بەڵام زیندانی رەققە هەیە؟
 
رووداو: دەمەوێ باسی زیندانی شەدادی بکەی، چەند کەسی تێدابوو؟
فەرهاد شامی: 1500 چەتەی داعشی تێدابوو، بەشی زۆریان فەرماندەی داعش بوون.
 
رووداو: خەڵکی سووریا بوون یان بیانی بوون؟
 
فەرهاد شامی: بیانی و سووریی تێدابوون، زۆرینەیان عەرەب بوون.
 
رووداو: سەرجەمیان ئازادکران؟
 
فەرهاد شامی: بەڵێ، خۆیان ڤیدیۆیان بڵاوکردەوە، لەو باوەڕەدام هاوپەیمانانیش ئاگادارن، چونکە تەنیا دوو کیلۆمەتر لە زیندانەکە دوورن. ئێستا دیالۆگ هەیە لەسەر ئەو مەترسیانە، ئیدی داعش بەشێوەیەکی ئاشکرا لە نێو حکومەت زیندوو بوو و جارێکی دیکە دەیەوێ هێرش بکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان.
 
رووداو: راستە هێزەکانی هاوپەیمانان لە کۆبانی و شەدادی بۆردوومانی چەکدارانی سووپایان کردووە؟
 
فەرهاد شامی: نەخێر.
 
رووداو: هێزەکانی هەسەدە لە شەدادی ماون، یان بە تەواوی کشاونەتەوە؟
 
فەرهاد شامی: هێزەکانمان بە تەواوی لە شەدادی کشاونەتەوە؟
 
رووداو: هێزی ئێوە چەند لە حەسەکە دوورە؟
 
فەرهاد شامی: چەتەکان 40 کیلۆمەتر لە حەسەکە دوورن.
 
رووداو: لە عەین عیسا شەڕ هەیە؟
 
فەرهاد شامی: بەڵێ لە هێڵی چەلەبی، بە تایبەتی لە هێڵی سڕین لە بەیانییەوە شەڕ بەردەوامە.
 
رووداو: لە چەند لاوە دەیانەوێت بچنە نێو کۆبانێ؟
 
فەرهاد شامی: لە هێڵی باشووری کۆبانێ لەوێ زۆر هێرش دەکەن، بەڵام نەیانتوانیوە پێشڕەوی بکەن، هەڤاڵانمان گورزی تووندیان لێداون، لە هێڵی عەین عیساش هەوڵ دەدەن. لە رۆژئاوای گرێسپیش هەوڵ دەدەن. لە سێ بەرەوە هەوڵدەدەن، بەڵام هەوڵەکانیان شکستی هێناوە؟
 
رووداو: شەهید و بریندار هەن؟
 
فەرهاد شامی: زانیاریی تەواومان نییە، لە بن دەستی شەرڤانان کەس نەکوژراوە، بەڵام زانیاریی هەیە کە هەندێک خێزانی کورد کوژراون، تەنانەت هەندێک لەو عەرەبانەی کە دژی جۆلانی بوون لە رەققە و دێرەزوور کوژراون.
 
رووداو: ئێوە ڤیدیۆیەکتان بڵاوکردووەتەوە، کە سەری شەرڤانان دەبڕن، ئەمە لە چ ناوچەیەک بووە؟
 
فەرهاد شامی: لە رەققە بووە، دیمەنی دیکەشمان هەن. ئەوانە لە بنەڕەتدا داعشن. ئێمە ناتوانین بڵێین داعش تێکەڵی ئەوان بوون، ئەوانە هەر داعشن و بە پشتگیری دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکەن.
 
رووداو: ئێمە دیمەنی دوو شەڕڤانی ژنمان بینی کە کەوتنە دەست ئەو گرووپانە. ئەوان دەڵێن وەک دیارییەک بۆ "ئەبو موجاهید"ـە. ئەو دیمەنە زۆر خەمناک بوو. ئایا ئەوانە شەڕڤانی ئێوە بوون؟
 
فەرهاد شامی: بەداخەوە بەڵێ. ئەوانە شەڕڤانی یەپەژە بوون. ماوەی چوار رۆژ لە رەققە شەڕیان کرد. دوای ئەوەی تەقەمەنییان نەمابوو، بەو شێوەیە کەوتنە دەستی چەتەکان. ئەمە رووی راستەقینەی ئەوان نیشان دەدات. ئەوانەی بانگەشەی حکومەت و دەوڵەتداری دەکەن، بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ دیلی جەنگ دەکەن. ئەو دیمەنە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەوانە چەتەن و تیرۆریستن، نەک سوپا. ئەوانە هەمان عەقڵییەتی داعشیان هەیە.
 
رووداو: بەشێک لە شەرڤانان لە نێو زیندانی ئەقتانییە گەماڕۆدراون، چیتان کردووە بۆ ئازادکردنیان؟
 
فەرهاد شامی: چەکداری داعشی زۆر مەترسیدار کە ماوەی ساڵێک بوو لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە دەستگیرکرابوون و لەوێ بوون. کاتێک چەتەکان ویستیان هێرشی زیندانی پیشەسازی (سیناعە) بکەن و سەرکەوتوو نەبوون، زۆر لە فەرماندە مەترسیدارەکانی داعش گواسترانەوە بۆ زیندانی رەققە. هەروەها ئەو کەسانەی لە هێرشەکەی تەدموردا دەستگیرکرابوون و وەک داعش ناسێنران (کە لە بنەڕەتدا ئەندامی حکومەت بوون)، هاوپەیمانان ئەوانیشیان خستبووە زیندانی رەققە. ئێمە هەوڵدەدەین هەڤاڵەکانمان رزگار بکەن. هەڤاڵانمان ماوەی دوو رۆژە رووبەڕووی شەڕ بوونەتەوە لە زیندانەکە، ئەگەر ئەو زیندانە بەر بدەین، ئەو چەتانە هێرش دەکەنە سەر گەلەکەمان. بۆ ئەوەی گەلی خۆمان بپارێزین، هەڤاڵانمان لەوێ شەڕ دەکەن. ئەو ئێوارەیەش کە گوتیان هاوپەیمانان تۆپبارانیان کردووە، راستییەکەی ئەو دەنگی تۆپی چەتەکان بوو کە ئاراستەی زیندانەکەیان دەکرد، بۆ ئەوەی هەڤاڵانمان شەهید بکەن و پەیامێکیش بۆ زیندانەکان بنێرێت، کە راپەڕن و زیندانەکە بشکێنن. هەوڵێکیشیان دا، بەڵام شکستی پێهێندرا.
 
رووداو: تۆ گوتت کە ئێوە لە گفتوگۆدان بۆ بەڕێوەبردنی ئەم زیندانانە، ئایا لەگەڵ هاوپەیمانان لە گفتوگۆدان؟
 
فەرهاد شامی: ئێمە باسی ئەو زیندانانە ناکەین کە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆماندان، باسی ئەو گرووپانە دەکەین کە ئێستا کەوتوونەتە دەست ئەو لایەنانە. ئێمە زانیارییەکان بڵاودەکەینەوە تاوەکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بزانێت ئەو داعشانە لە کوێن و لای کێن. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئاگاداری ئەم مەسەلەیەیە، چونکە بنکەکەیان تەنیا 2 کیلۆمەتر لەوێوە دوورە و کامێراکانیان ئەو زیندانە دەبینن. زانیاریی ورد لای هاوپەیمانانە. مەترسییەکە ئەوەیە کە داعش زیندوو بێتەوە، نەک بە ناوێکی دیکە، بەڵکو داعشێکی ئاشکرا لە ناو حکومەتی دیمەشقدا.
 
رووداو: مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیشتووەتەوە رۆژئاوای کوردستان؟
 
فەرهاد شامی: بەڵێ، ئەم ئێوارەیە گەیشتەوە.
 
رووداو: ئایا هیچ لێدوانێک دەدات لەسەر ئەو کۆبوونەوانەی لە شام کردوونی؟ پەیامی ئەو چی دەبێت بۆ ئەم دۆخەی ئێستای رۆژئاوای کوردستان و ئەو گەف و مەترسییەی لەسەریەتی؟
 
فەرهاد شامی: پەیامی هەڤاڵ مەزڵووم و پەیامی فەرماندەیی گشتی دیارە. ئێمە بڕیارمان داوە کە ئەگەر پێویست بکات بە تەنیاش بین بەرگری دەکەین. من پێموایە مەزڵووم عەبدی کاتێک چوو بۆ دیمەشق، باوەڕی بەوە بوو کە ئەم حکومەتە جارێکی دیکە هەوڵی تەسلیمکردن یان خۆسەپاندن بەسەر گەلەکەماندا دەدات. ئەوەی ئەوان دەیانەوێت تەسلیمبوونە، نەک پاراستنی سەروەریی سووریا. ئەگەر ئەوە راستی ببوایە، ئێستا خاکی سووریا پڕ نەدەبوو لە بارەگاکانی تورکیا. ئەوان تەنیا تەسلیمبوونی کورد دەخوازن.
 
رووداو: زانیاری هەیە کە کۆبوونەوەکان سەرکەوتوو نەبوون، ئێمە لە بینەرانی خۆمانەوە بیستمان کە ناکۆکی هەبووە. دەمەوێت هەمان پرسیار لە تۆ بکەم: لە کۆبوونەوەکەدا ئەو خاڵە چی بوو کە وایکرد کۆبوونەوەکە نەگاتە ئەنجامێک؟ ناکۆکییەکان چی بوون؟
 
فەرهاد شامی: ناکۆکی ئەوەیە کە ئەم حکومەتە هیچ کەسێک قبووڵ ناکات. ئەم حکومەتە دەیەوێت بە عەقڵییەتی تورک هەڵسوکەوت بکات. داگیرکاریی تورک دەزانین دوژمنایەتییەکەی چییە (100 ساڵە دژی کوردە). ئەوان تەنیا بەو مەرجە رازی دەبوون کە ئێمە تەسلیم بین. واتە دەیانویست کارێک بکەن شتێک بەناوی "دۆزی کورد" نەمێنێت. ئەگەر گەرەنتی ئەوەیان بدایە کە مافی کورد دەپارێزن، ئێمە رازیدەبووین، بەڵام ئەوان دەیانویست کورد وەک "کۆیلە" بگەڕێننەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. ناکۆکی سەرەکی ئەوە بوو کە ئێمە تەسلیمبوومان رەتکردەوە. ئەو شتانەی ئەوان ئیدیعای دەکەن گوایە رێککەوتن کراوە، هەمووی درۆیە.
 
رووداو: مەزڵووم عەبدی تەنیا نەچوو بوو، وەفدێکی یاوەری هەبوو؟
 
فەرهاد شامی: بەڵێ وەفدێکی لەگەڵ بوو.
 
رووداو: ئایا داوایان لێکردن هەسەدە هەڵبوەشێننەوە؟
 
فەرهاد شامی: بەڵێ، ئەوان دەیانویست هەسەدە تەسلیم بێت. دەیانگوت ئێمە پۆست و پلە دەدەینە فەرماندەکانتان، دەکرێنە ئەفسەر و ئیمتیازاتی شەخسییان دەدەینێ، بەڵام دەبێت گەل قوربانی بکەن. لە نێو حکومەتی ئەواندا وەزیری کورد هەیە، بەڵام ئەوانە بووکەڵەن. ئەوان دەیانویست ئێمەش بکەنە بووکەڵە، بەڵام ئەمە لای ئێمە قبووڵکراو نییە. فەرماندەیی ئێمە، هەڤاڵ مەزڵووم گوتی: "من نوێنەری گەلێکم، نوێنەری خوێنی شەهیدانم، ناتوانم لەسەر کورسییەک سازش لەسەر ئەمانە بکەم." تاوەکو کۆتایی شەڕ دەکەین و هەرێمەکەمان دەپارێزین.
 
رووداو: هەندێک سەرچاوەی میدیایی سووریا دەڵێن لە کۆبوونەوەکەدا، "شەرع" بە جەنەراڵ مەزڵوومی گوتووە پۆستی وەزیری بەرگری یان پارێزگاری حەسەکەت پێدەدەین، بەڵام مەزڵووم عەبدی داوای 5 رۆژ مۆڵەتی کردووە بۆ راوێژ لەگەڵ هاوڕێیانی، ئایا ئەمە راستە؟
 
فەرهاد شامی: میدیای عەرەبی زۆر درۆ دەکەن و ئەوانیش بەشێکن لەم کۆمپلۆیە. شتێکی وا نییە. هاوڕێیانی ئێمە تاوەکو پلەی شەهید دەچن و چاویان لە پۆست و پلە نییە، کە پۆستێکی تاکەکەسی وەربگرن و ئەوانی دیکە تەسلیم بکەن. ئێستا وەزیری کوردی ساختەکار لای تورکەکان هەیە، بەڵام ئەوان ناتوانن مافی کورد دابین بکەن. ئەوەی ئەوان باسی دەکەن تەنیا پڕوپاگەندەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە