رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی بە "زۆر ئیجابی" ناودەبات و دەڵێت، لایەنە سیاسییەکان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە "چەتری کۆکەرەوە" و "شوێنی دروستکردنی یەکێتی و یەکڕیزی و یەکدەنگی" لە هەرێمی کوردستان دەبینن.
جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان، ئاماژەی بەوە کرد، "لایەنە سیاسییەکان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئامادەبوون لە هەر کۆبوونەوەیەک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بکرێت،" هەروەها لایەنەکان جەختیان لەوە دەکردەوە کە پێویستە یەکێتی و یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت.
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، نێچیرڤان بارزانی بە لایەنەکانی راگەیاندووە کە "بە هیچ جۆرێک کۆڵنادات تاوەکو یەکێتی و یەکڕیزییەکی تەواو دروستدەکات" و هەوڵەکانیشی بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام دەبن و "گوتیشی، خەڵکەکەشمان ئاشت دەکەینەوە."
جەعفەر شێخ مستەفا پێیوایە کە رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان "بە کرداری کۆتاییهاتووە" و "هیچ بڕگەیەک لە رێککەوتنەکە پیادە ناکرێت."
بە گوتەی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لایەنە سیاسییەکانی عێراق سوودیان لە ناکۆکی و ناتەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بینیوە و "بە دەنگەکانی کورد تەحەدای یەکدی دەکەن،" ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر کورد لە بەغدا یەکدەنگ بووایە دەیتوانی هاوسەنگی بگۆڕێت."
لەبارەی گلەییەکانی خەڵکەوە، جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت، گلەییەکانی خەڵک "زیاتر رووبەڕووی حکومەت دەبێتەوە و حکومەتیش دەتوانێت چارەسەری ئەو کێشانە بکات؛" ئەوەیشی خستەڕوو کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان "یارمەتیدەرێکی تەواو دەبێت بۆ حکومەت بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان." جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە کێشەکان بۆ "دەستوەردانی حیزب لە کاروباری حکومەت" دەگێڕێتەوە.
جەعفەر شێخ مستەفا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمڕۆ پێویستمان بە هێزی حیزب نییە، بەڵکو پێویستمان بە سوپایەکی پێشمەرگەی یەکگرتووە،" بە گوتەی ئەو، "پێشمەرگەی حیزب هەڕەشەیە لەسەر ئەو دەستکەوتانەی لە کوردستاندا بەدەستهاتوون." هەروەها پێیوایە کە "دەست تێکەڵكردن لەگەڵ هێزی وڵاتانی دەوروبەر لە ئەنجامی بوونی هێزی حیزبە.. ئەگەر هێزێکی یەکگرتوو و یەک سوپامان هەبووایە، دەوڵەتان نەیاندەتوانی لە گۆڕەپانی کوردستاندا جرت و فرت بکەن."
رووداو: رۆژی یەکشەممە سەردانێکتان بۆلای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەبوو لە سلێمانی. سەردان و کۆبوونەوەکان چۆن بوون؟ بەدەنگەوەهاتنی لایەنەکان بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان چۆن بوو؟
جەعفەر شێخ مستەفا: دیارە رۆژی یەکشەممە بۆنەیەک هەبوو لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان، بەبۆنەی دەرچوونی پۆلێک پێشمەرگە بۆ ئەفسەری، جەنابی سەرۆکی هەرێم بەو بۆنەیەوە بەشداریی رێوڕەسمەکەی کرد و گوتارێکی تێر و تەسەلی پێشکێشکرد، ئەوەی من گوێم لێبووبێت، بەدەنگەوەهاتنێکی زۆر باشی هەبوو لەلایەن خەڵکەوە، زۆریشیان پێخۆشبوو. هەروەها سەردانی ئەو لایەنانەی کرد کە ئامادەبوون، وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری، هەندێک لایەنی دیکە لێپرسراوەکانیان لە کوردستان نەبوون بۆیە هەر لەگەڵ ئەو سێ لایەنە کۆبووەوە. راستییەکەی کۆبوونەوەکان زۆر ئیجابی بوون، هەرسێ لایەن سەرۆکی حیزبەکان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتییان پێشوازییەکی زۆر گەرمیان لێکرد و زۆر بە خۆشحاڵییەوە سەردانەکەیان هەڵسەنگاند. پێموایە یەکێک بوو لەو سەردانە باشانەی کە راستییەکەی دەبێت مرۆڤ حیسابی لەسەر بکات. هەر لایەنێک لە لایەنەکان بگریت، دیارە کۆمەڵێک گلەیی و کۆژانیان هەیە. بە روونی گوتیان ئێمە سەرۆکایەتیی هەرێم بە چەترێک دەزانین بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان و چارەسەرکردنی هەموو کێشە نێوخۆییەکان و دروستکردنی یەکێتی و یەکڕیزی و یەکدەنگی لە هەرێمی کوردستان. لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەیی خۆیانیان دەربڕیبوو بۆ ئامادەبوون لە هەر کۆبوونەوەیەک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام پێشتر دەبێت زەمینەی بۆ بڕەخسێندرێت بۆئەوەی هەموو لایەنەکان ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە بن. بۆیە پێموایە سەردانەکەی رۆژی یەکشەممە، یەکێک بوو لە سەردانە هەرە سەرکەوتووەکان، راستییەکەی مرۆڤ دەبێت شانازیی پێوە بکات.
رووداو: باسی ئامادەیی لایەنەکانت کرد بۆ کۆبوونەوە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەوان ئومێدێکیان بە پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام گلەیی ئەوان ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی پابەندی بڕیارەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نابن. ئێوە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەتوانن وا بکەن پارتی و یەکێتیش پابەندی بڕیارەکانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بن؟
جەعفەر شێخ مستەفا: راستییەکەی جگە لە کێشەی ئەوان، ئەمە کێشەی خەڵکیش بوو، ناڕەزایەتیی خەڵک، بێ متمانەیی خەڵک، ئەمەش یەکێکی دیکە بوو لەو پێشنیازانەی کردیان. ئەوان پێشتریش کە بەشداریی کۆبوونەوەکانیان کردووە، داوای ئەوەیان کردووە کە ئەگەر بێتو یەکێتی و پارتی چارەسەری کێشەکان لەنێوان خۆیاندا بکەن، ئەوان هیچ کێشەیەکی ئەوتۆیان نامێنێت لە گۆڕەپانەکە. هەر هەموو لایەنەکانیش جەختیان لەوە دەکردەوە کە پێویست دەکات یەکێتی و یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت، لە پارتی و یەکێتییەوە دەستپێبکات، پارتی و یەکێتی یەکڕیز و یەکدەنگ بن، بەڵام نەک یەکڕیزی و یەکدەنگی بۆ شکاندنی ئەوان یان بۆ ستەمکردن و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی وڵات بێت، بەڵکو خزمەتکردنی وڵات و ئاوەدانکردنەوەی وڵات و دەستکەوتەکانی میللـەتەکەمان بێت. ئەمە پێشنیازێک بوو لەو پێشنیازانەی کە کردیان، یەکێتی و یەکڕیزییەکەی پارتی و یەکێتییان هەر بۆ ئەوە نەبوو یەکێتی و یەکڕیز بن بۆ هەندێک پرس، بەڵکو بۆ پرسە باشەکان کە لە خزمەتی میللەتەکەماندایە. سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رۆڵی خۆی بینیوە، بە تایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە، راستییەکەی رۆڵی خۆی بینیوە. هەمووشیان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەمڕۆ دەبێت پارتی زیاتر بێتە پێشەوە و هەنگاو بنێت، چونکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارتی دیموکراتی کوردستانە، سەرۆکی حکومەت لە پارتی دیموکراتی کوردستانە، زۆرینەی پەرلەمانیش لە پارتی دیموکراتی کوردستانە. بۆیە پێویست دەکات پارتی لە یەکێتیش زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و هەنگاو بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش هەم بەڵێنی ئەوەی پێدان کە لە پێشتر پێی گوتن: هەوڵێکی زۆرم داوە لەسەر ئەو پرسە و لە هەوڵی خۆشم ناکەوم، بە هیچ جۆرێک کۆڵنادەین تاوەکو یەکێتی و یەکڕیزییەکی تەواو دروست دەکەین و چارەسەری هەموو کێشەکان دەکەین، جارێکی دیکە خەڵکەکەشمان ئاشت دەکەینەوە.
رووداو: کەواتە دەتوانین بڵێین دوای ئەو سەردانەی رۆژی یەکشەممە، ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی بەمزووانە چارەسەر دەبێت؟
جەعفەر شێخ مستەفا: ئەوەی من گوێم لە یەکێتی بوو، گوتیان ئێمە ئامادەین هەموو هەنگاوێک بنێین لەپێناو یەکێتی و یەکڕیزی کە لە خزمەتی میللەتەکەمان بێت، لەپێناوی پاراستنی ئەو دەستکەوتانە و دەستکەوتەکانی دیکەش. بڕیارە سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بکەین.
رووداو: نەرمی نواندن لەلایەن هەردوولاوە هەیە بۆ هاتنە پێشەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەتی ئەو دۆسیانەی کە ببوونە کێشە لەنێوان پارتی و یەکێتی؟ لەوانە؛ بابەتی سەرۆککۆمار، هەڵبژاردن، کێشە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و داهاتی سلێمانی؟
جەعفەر شێخ مستەفا: هێشتا نەچووینەتە لای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام پێویست دەکات کە مەکتەبی سیاسییەکانیان ئەگەر دانیشتنەکان دەستپێبکاتەوە ئەو گفتوگۆیانە لە مەکتەبی سیاسییەکان بکرێت و لەوێ ئەنجامەکان دەردەکەوێت نەرمی نواندن چەندە.. چونکە ئەمڕۆ بێت یاخود سبەی، دەبێت ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن و هەردوولا نەرمی بنوێنن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، چەند رۆژێک زووتر بکرێت باشترە، بەڵام هەر دەبێت بکرێت. چەند دواشی بخەن هەم بە زیانی خۆیان و هەمیش بە زیانی خەڵک تەواو دەبێت، بۆیە پێویستی بەوەیە و پێشموایە ئێستا رەنگە ئەوەی ئێمە دەیبینین بەتایبەتی ئەو شەڕە میدیاییە راگیراوە، ئەوە هەنگاوێکی زۆر باشە و خەڵک دڵی پێی خۆشە، رەنگە ئەمە بنچینەیەک یان دەستپێشخەرییەکە بۆئەوەی بگەینە ئەنجامێکی باش.
رووداو: لەدوای ساڵی 2005، واتە لەدوای دروستبوونی حکومەت و پەرلەمانی عێراق، یەکەمجارە پارتی و یەکێتی دەچنە پاڵ دوو هێزی جیاواز لە عێراق. بۆچی ناکۆکییەکان بەو ئاستە گەیشتن؟
جەعفەر شێخ مستەفا: مرۆڤ نازانێت چی وەڵام بداتەوە.. چونکە ئێمە هەموو کاتێک لەسەر هەموو پرسەکان پێشتر کە کاتی خۆی رێککەوتنی ستراتیجیمان هەبووە، لەسەر هەموو ئەو پرسانە رێککەوتووین چ لە کوردستان و چ لە عێراق. لە عێراق سازانێکی زۆر باش لەنێوان پارتی و یەکێتیدا هەبووە. کاتی خۆی بەپێی رێککەوتنی ستراتیجی کە ئێستا نەماوە، سەرۆککۆمار لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێت کە جەنابی مام جەلال دوو خوول سەرۆکی کۆمار بوو، لێرەش سەرۆکی هەرێم لە پارتی دیموکراتی کوردستان بێت کە جەنابی کاک مەسعود بێت. راستییەکەی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەبوو پێشتر پارتی و یەکێتی رێککەوتبان، گفتوگۆی هەموو بابەتەکانیان کردبا و چارەسەریان بۆ هەموو بابەتەکان دانابا... دوایی ناکرێت حیزبە کوردستانییەکانی دیکەش چ بچووک چ گەورە، پشتگوێ بخەین، ئەوانیش مافی خۆیانە، لە کوردستان ئەرکیان هەیە و پێویستە مافیشیان هەبێت، ئینجا لەگەڵ ئەوانیش کۆبوونەوە کرابووایە و پرس و رایان پێکرابا، چونکە سەرۆککۆمار یان هەر پۆستێکی دیکە لە عێراق دەستمان کەوێت چ پارتی چ یەکێتی داوای بکات راستییەکەی ئەوەیە بۆ کوردە نەک بۆ حیزبێک، کوردیش هەمووی یەکێتی و پارتی نییە. پارتی و یەکێتی دوو حیزبی گەورە و بنچینەیین پێویستی بەوە دەکرد پێشتر رێککەوتنیان کردبا.
رووداو: پارتی و یەکێتی بە یەک شاند چوونە بەغدا، بەڵام لەوێ لەناکاو لە یەک جیابوونەوە. هۆکارەکەی چی بوو؟
جەعفەر شێخ مستەفا: خۆم لە بەغدا نەبووم، بەڵام ئەوەی کە گوێم لێبوو، پێشتر لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و سوننە و سەدرییەکان رێککەوتنێک کرابوو بەبێ ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداریی تێدا بکات. بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوابوو دەبێت ئەو رێککەوتنەی کە کراوە یان ئەوەی ئێمە رێککەوتنی لەسەر دەکەین، پێشتر لەلایەن هەردوو لاوە دیراسەت بکرێت و بەیەکەوە بچین لەوێ پرۆژەی خۆمان پێشکێش بکەین و بەرگریی لێ بکەین، نەک وەکو پاشکۆیەک کوێرانە بچێتە نێو رێککەوتنێک و بەرنامەیەک واژۆ بکات، کە من پێموابوو ئەو بەرنامەیە شتێکی وای تێدا نەبوو بۆ کورد. هەربۆیە یەکێتی کشایەوە. لە پرۆسەی دەنگدانیش بە سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان دژ نەبوو، بەڵام کە ئەو شتە روویدا، ناچاربوو بەشداریی دانیشتنەکانی پەرلەمان نەکەن و بێنە دەرەوە.
رووداو: باسی رێککەوتننامەی ستراتیجیت کرد، پێتوایە ئەو رێککەوتنە کۆتاییهاتووە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: بە کرداری کۆتاییهاتووە، هیچ شتێک نابینین پیادە بکرێت بەپێی ئەو رێککەوتنە، بەڵکو هەرکەسەو بۆ خۆیەتی.
رووداو: ئەگەر مەترسییەک لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان دروست ببێت، ئەگەر مەترسییەکیش لە دەرەوە بۆسەر هەرێمی کوردستان دروست ببێت، هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چی دەبێت؟
جەعفەر شێخ مستەفا: وەکو یەکێتییەک کە ئاگاداری سیاسەتی یەکێتیم، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆی بە خاوەنی شارێک یان گوندێک یانیش ناوچەیەک نازانێت، بەڵکو خۆی بە هاوبەشێکی راستەقینە دەزانێت لەو کوردستانە، بەشێکە لە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد. ئەمە شتێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە، لە هەر خاڵێک لەو کوردستانە، لەم هەرێمە هەڕەشەیەک بکەوێتە سەر کوردستان.. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هەموو هێز و توانایەکی لە سەنگەردایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشەیە، جا لە زاخۆ بێت یاخود دهۆک، لە جەلەولا بێت یان سەعدیە، لە مەخموور بێت یان لە هەر خاڵێک بێت. وەکو بینیمان لە شەڕی داعشدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێزی یەکەی 70ی هەبوو، لە شنگال، موسڵ و کەرکووک لەگەڵ هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چوارچێوەی یەکەی 80 و هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمانە یەک سەرکردایەتیی هەبوو، 8 میحوەر دروستکرابوو، هەندێک لە میحوەرەکان لە برادەرانی پارتی بوون و هەندێکی لە یەکێتی بوون، ئەو هێزانەشی کە هی یەکێتی بوون لەژێر فەرمانی ئەو فەرماندە پارتییە بوو کە سەرپەرشتیی هێزەکانی دەکرد لە شەڕەکاندا. بۆیە هەر کاتێک هەر هەڕەشەیەک بێتە سەر هەرێمی کوردستان، بەبێ دوودڵی بە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی دەزانین رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببینەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەنگەرێکدا بێت لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی دیکە.
رووداو: هەر سەبارەت بە رۆڵی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چارەسەرکردنی کێشەکان. لە ماوەی رابردوودا نێچیرڤان بارزانی هەم لەناو پارتی و هەم لەگەڵ یەکێتی ئەوەندەی ئاگاداربیت چیی دەکرد بۆئەوەی ناکۆکییەکان زیاتر نەبن؟
جەعفەر شێخ مستەفا: ئەگەر بێینە سەر راستی، رێگر زۆرە لەبەردەمی جەنابی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو بەرنامانەی کە هەیانبووە بۆ یەکێتی و یەکڕیزی و چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی هەرێم خۆڕاگرییەکی بێوێنەی تێدابووە، بەردەوام هەوڵی خۆی داوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هیچ جۆرێک نەپچڕێت، هەوڵی ئەوەی داوە وەکو جێگری سەرۆکی پارتی هەم لەگەڵ ئەواندا هەوڵیداوە ئەو ململانێیانە رابگیرێت کە دەبێتە هۆی ناڕەحەتی و نائومێدی بۆ خەڵکەکەمان و هەڕەشە بۆسەر دەستکەوتەکان و سوودوەرگرتنی لەلایەن دووژمنەوە. بۆیە ئەوەی ئاگام لێبووە هەوڵەکانی بێوچان بووە، ئێستاش پێموایە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت تاوەکو دەگاتە ئەنجام، ئەنجامیش دەبێت هەوڵەکانی ئەو سەرکەوتووبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە.
رووداو: لە پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هەم لە جەژنی رەمەزان هەم لە قەڵاچوالان بە پێویستی زانی یەکێتی و پارتی لە ململانێ دووربکەونەوە و چارەسەری کێشەکان بکەن. ئەو پەیامانە هیچ زەمینەیەکی رەخساندووە بۆ چارەسەری کێشەکان؟
جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵنیاییەوە ئەو پەیامانە گرنگیی خۆی هەبوو، پەیامەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ یەکێتی و یەکڕیزی و چارەسەرکردنی کێشەکان تەنیا لە میدیا و لەسەر کاخەز نییە، بەڵکو بە کردارییش هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ لەگەڵ پەیامەکانی. بۆیە پەیامەکانی جێگەی دڵخۆشی بوو، هیواداریشم هەردوو حیزب بەباشی لە پەیامەکەی جەنابی سەرۆکی هەرێم تێگەیشتبن و هەنگاو بنێن بۆ چارەسەری کێشەکان، شەڕی میدیایی تاڕاددەیەکی باش راگیراوە، خەڵک ئومێدێکی هەیە، خەڵک بە هەوڵی ئەوی دەزانێت، بە ئەنجامی پەیامەکانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی دەزانێت کە ئەو دۆخەی ئێستا هاتووەتە پێشەوە، ئومێدی ئەوە دەکرێت کۆبوونەوەکان دەستپێبکاتەوە بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان، هەم لەنێوانی پارتی و یەکێتی، هەم لەنێوانی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان.
رووداو: بەغدا سوودی لەو ناکۆکییانەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بینیوە، بەتایبەتی لەنێوان پارتی و یەکێتی بۆ گوشارخستەنەسەر هەرێمی کوردستان؟
جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵنیاییەوە.. تەنیا کورد سوودی لێ نەبینیوە، ئەگەرنا هەموو کەسێک سوودی خۆی لێ بینیوە، چونکە کاتێک عێراقییەکان لەگەڵ حیزبێک دادەنیشن پێویستیان بە حیزبەکە نییە، بەڵکو پێویستیان بە کورسی و دەنگەکانی هەیە، کە دەنگ و کورسییەکانیان بەدەستهێنا دواتر حیزبەکە دەبێتە سفری دوای فاریزە.. جا یەکێتییە پارتییە.. کە بە تەنیا دەچین ئەو لایەنانە تەنیا پێویستیان بە دەنگەکانمان هەیە و پێویستیان بە حیزبەکە نییە؛ کە دەنگەکانیان لێ وەرگرتین، ئەسڵەن هیچ حیسابێک بۆ حیزبەکە ناکرێت، تاوەکو ئامانجەکانی خۆیان دەپێکن. بۆیە دەبێت ئێمە وەکو میللـەتێک، وەکو گەلی کوردستان بچین لەگەڵیان دابنیشین، بەڵام ئەگەر وەکو حیزب بچین، پێموایە هەم حیزبەکە سووک و سەلیم و ریسوا دەبێت، هەم میللەتەکەشمان زۆر شت لەدەستدەدەن. بۆیە چوونی حیزب بە تەنیا جا یەکێتییە یاخود پارتییە یانیش هەر کەسێک بچێت، جگە لە شکانی خۆی و سووککردنی میللەتەکەی هیچ ئەنجامێکی نابێت.
رووداو: بەغدا سوودی لەمە وەرگرتووە بۆ گوشار خستنەسەر هەرێمی کوردستان؟
جەعفەر شێخ مستەفا: سوودی باشی لێ بینیوە، یەکێک لەوانەی کە سوودی لێ بینیوە تەحەدای یەکدی دەکەن لە خۆیان، لە بنەڕەتدا کۆک نین و جۆرەها کێشەیان هەیە، بەڵام ئێمەیان کردووە بە پاساو و دەڵێن، ئێوە کێشەکان دروستدەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش سوودی تەواویان لێ بینیوە کە ئێستا بە دەنگەکانی کورد تەحەدای یەکدیی پێدەکەن، چونکە کورد زیاتر لە 50 کورسیی هەیە، ئەگەر بە یەکدەنگی چووباین بۆ عێراق و لەگەڵ لایەنەکان دانیشتباین، هاوسەنگییەکەشمان دەگۆڕی.
رووداو: باسی گلەیی حیزبەکانت کرد لە کۆبوونەوەکانی رۆژی یەکشەممە، لەسەر دۆخی خراپی خەڵک و هەرێمی کوردستان، خەڵکیش بەردەوام ئەو گلەییانە لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەکات. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یان وەکو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەتوانن رۆڵێک بگێڕن بۆ باشترکردنی دۆخی کوردستان؟
جەعفەر شێخ مستەفا: لەڕاستیدا ئەو گلەییانەی کە خەڵک هەیەتی لە حکومەتە نەک سەرۆکایەتی هەرێم، چونکە حکومەت لایەنی جێبەجێکارە، بۆ نموونە لە پرسی مووچە، مووچە لە وەزارەتی داراییە کە وەزارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە لە کاتی خۆیدا نادرێت و بە کەمی دەدرێت و نادادپەروەریی تێدایە، گلەیی دەکات. لە لایەکی دیکە، نەبوونی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە دووبارە حکومەت دەیکات، ئەمن و ئاسایشە حکومەت دەیکات، ئاشتکردنەوەی خەڵکەکەیە حکومەت دەیکات، بێکاری و دۆزینەوەی هەلی کارە حکومەت دەیکات، ئەمانە هەمووی حکومەت دەیکات.. سەرۆکایەتیی هەرێم نایکات. لەبەرئەوە گلەییەکانی خەڵک زیاتر رووبەڕووی حکومەت دەبێتەوە و حکومەتیش دەتوانێت چارەسەری ئەو کێشانە بکات، سەرۆکایەتیی هەرێمیش یارمەتیدەرێکی تەواو دەبێت بۆ حکومەت بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان. خەڵک ئەمڕۆ بە چاوی خۆی شت دەبینێت، هیچ شتێک شاراوە نییە، جگە لەوە هاندانێکی دووژمنانی میللـەتەکەشمان زۆرە بۆ خەڵکانێک کە دەیانجوڵێنێت بۆئەوەی خەڵکەکەمان زیاتر بێئومێد بکات و بڕەنجێنێت، بۆیە گلەییەکان زۆربەی لە حکومەتە؛ بەڵام ناشکرێت بە تەنیا حکومەت تاوانبار بکرێت، چونکە حیزبەکان دەستیان وەرداوەتە ئیشوکارەکانی حکومەت. تاوەکو ئێستا یەکێک لە کێشەکانی حکومەت دەستوەردانی حیزبەکانە لە ئیشوکارەکانی حکومەت، کە زۆرجار دەبنە رێگر لەبەردەمی ئیشوکارەکانی حکومەت، بەڵام گلەییەکان لە حکومەت دەکرێت.
رووداو: هاوئاهەنگی لەنێوان حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێم هەیە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵنیاییەوە هاوئاهەنگیی تەواو هەیە، چونکە بە یاسا سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتی خۆی هەیە، دەبێت حکومەت لەڕێگەی سەرۆکایەتیی هەرێمەوە ئەو کارانە جێبەجێ بکات کە دەکەوێتە دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی هەرێم.
رووداو: لە گوتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە قەڵاچوالان، زۆر بە روونی داوای لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کرد کە دەست هەڵبگرن لە دەستوەردان لە هێزی پێشمەگەی کوردستان و داوایکرد کە ئیدی رێگەبدەن هێزی پێشمەرگە یەکبخرێت. ئەو داوایە هی 30 ساڵی رابردووی خەڵکیشە. ئەمجارە بە کردەوە هێزی پێشمەرگە یەکدەخرێت؟
جەعفەر شێخ مستەفا: ئێمە ئەمڕۆ لە شاخ نین، ئەمڕۆ خاوەن دامەزراوەین، حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێم و کیانێکمان هەیە، کە یاسا و سیستمی تێدایە. بۆیە ئەمڕۆ پێویستیمان بە هێزی حیزب نییە، بەڵکو پێویستمان بە سوپایەکی پێشمەرگەی یەکگرتوو هەیە، مەشقی تەواو بێت، پڕچەک بێت، لە هەموو روویەکەوە ئامادەکراو بێت بۆئەوەی بتوانین ئەو دەستکەوتانە بپارێزین، ئەوانەشی کە بەدەستنەهاتوون لە رێگەی ئەو سوپایەوە بەدەستیان بهێنین، ئەگەر دەپرسی حیزب هێزی بۆ چییە، هێزی بۆ پاراستنی دەستکەوت و دەسەڵاتە، ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆ لە کوردستان هەیە هی خەباتی پێشمەرگەی ئەو حیزبانەیە لە شاخ، بەڵام چونکە ئەمڕۆ حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێممان هەیە، پێویستمان بە سوپایەکی پێشمەرگەیە. لەبەرئەوە پێشمەرگەی حیزب ئەمڕۆ گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر ئەو دەستکەوتانەی لە کوردستاندا بەدەستهاتوون. بۆیە سەرۆکی هەرێم بەوپەڕی جیددییەت و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی هەوڵی ئەوەی داوە یەک سوپای پێشمەرگە هەبێت لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو بتوانێت ئەو ئەرکەی دەکەوێتە ئەستۆی جێبەجێی بکات. ئێستا ئەگەر ببینی لە هەرێمی کوردستاندا بوونی ئەم جۆرە هێزانە، هێزی یەکێتی و پارتی.. هەندێک لایەن و هەندێک شوێن بە دەوڵەتەکانی دەوروبەریشمانەوە سوودیان لێوەرگرتووە، یەک لە دژی یەک هێزەکەی پاڵپشتیی شوێنێک دەکات کە دژ بە بەژەوەندیی میللـەتەکەمان و ئەو دەستکەوتانەیە کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا هەیە. یەکێکمان دەست لەگەڵ ئەم دەوڵەتە تێکەڵ دەکات، یەکێک لەگەڵ دەوڵەتێکی دیکە تێکەڵی دەکات، ئەمە هەمووی لە دەرئەنجامی بوونی هێزی حیزبە، ئەگەر حیزب هێزی نەبێت ئەوسا حکومەتمان هەبوو لەڕێگەی حکومەتەوە دانوستاندن لەگەڵ دەوڵەتە ئیقلیمییەکان دەکرا، مامەڵەی ئەو لایەنانەش دەکرا کە هێزیان هەیە و لەناو کوردستاندان و دۆخەکەیان بە هەل بۆ خۆیان وەرگرتووە، ئەوکاتەش ئەوان پابەندی یاساکانی کوردستان دەکران و نەیاندەتوانی لە گۆڕەپانی کوردستاندا هەندێک جرت و فرت هەیە بیکەن.
رووداو: شەڕی داعش دەرفەتێکی گەورەبوو بۆئەوەی هێزی پێشمەرگە یەکبخرێتەوە، لە کاتی شەڕی داعشدا لە شنگالەوە تاوەکو جەلەولا کە جیاوازی لەنێوان هێزی پێشمەگە نەدەکرد کە کامەی پارتییە و کامەی یەکێتییە. پێشمەرگەی پارتی لە جەلەولا شەهید دەبوو، پێشمەرگەی یەکێتی لەنزیک مەخموور و شنگال شەهید دەبوون. بۆچی ئەمە نەکرا و بۆچی هەر ناکۆکییەکی سیاسی روودەدات یەکەم دیاردە کە دەردەکەوێت و دوو لەت دەبن، هێزی پێشمەرگەی کوردستانە؟ بەربەستەکانی بەردەم یەکخستنی هێزی پێشمەرگە چین؟
جەعفەر شێخ مستەفا: سەرۆکی هەرێم فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیشە، ئەوە ئەرکی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتیی هەرێم بوو لەڕووی رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و جووڵەپێکردنەوە هەستابان بەو ئەرکە. بۆ ئەمەش راستییەکەی بەرنامەیەکی باش داڕێژرابوو بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێم و هەندێک لە برادەرانی سەرۆکایەتیی هەرێم، هەم وەزیری پێشمەرگە و ژمارەیەک لە ئەفسەری بەتوانا و شارەزا، هەم لە یەکەی 70 و 80، بەرنامەیەکی زۆر جوان و رێکوپێک دانرابوو، کە من پێموابوو ئێستا توانرابوو سوپایەکی پێشمەرگە دروستبکەین، هیچ هێزێک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە نەمێنێت. بەداخەوە یەکێک لەوانە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بوو، کە یەکێک بوو لە رێگرەکان، جارێکی دیکە پێویستی بە بڕیاری سیاسی هەبوو لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە بدرێت، ئەو بڕیارەش دواکەوت، بووە رێگر لەبەردەم سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتیی هەرێم کە نەتوانرێت هەنگاوەکان بە باشی بنرێن.
رووداو: هاوپەیمانان پرۆژەیەکیان هەبوو بۆ چاکسازی لە هێزی پێشمەرگە و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە. ئێستا هاوپەیمانان رازین لە پرۆسەکە یان گلەییان هەیە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: ئەگەر بەراوردێک لەنێوان ئێستا و پێشتردا بکەین، ئێستا زیاتر رازین لە پێشتر، چونکە راستییەکەی زیاتر لە پێنج ساڵە راوێژکارانی ئەمریکا، بەریتانیا، هۆڵەندا و ئەڵمانیا خەریکی چاکسازین لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام بەداخەوە هەنگاوەکان زۆر بە سستی رۆیشتووە، بەڵام ماوەیەکە دەتوانین بڵێین باشترە لە جاران، لەو ماوەیەدا هەردوو فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەک و دوو چوونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ژمارەیەک لیوای دیکە چوونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە لە یەکەکانی 70 و 80، ئێستا لە یەکەکانی 70 و 80 ئامادەکاری دەکرێت لیوای دیکە بخەنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. بۆیە ئێستا هاوپەیمانان زیاتر رازین، بەڵام نەک 100%، جاری وا هەیە پرۆسەکە بە سستی دەڕوات، خەتاکەش لە یەکەکانی 70 و 80 و هەندێک شوێنی دیکەیە.
رووداو: لە کوێیە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: رەنگە هەندێکی پەیوەندیی بە درەنگ وەڵامدانەوەی ئەو لێکۆڵینەوە ئەمنییەوە هەبێت کە دەکەوێتە سەر هاوپەیمانان، جاری وا هەیە بە شەش مانگ وەڵامی ئەو لێکۆڵینەوە ئەمنییە ناداتەوە، بۆ نموونە لیوایەک ئامادەکراوە، بەڵام بەو هۆیەوە دوادەکەێت. رەنگە هەندێکجاریش لە ناوخۆ لە وەزارەتی پێشمەرگە جیاوازییەک بکرێت لەنێوان لیوایەک بۆ لیوایەکی دیکە، ئەوەش خەتایەکی دیکەیە. هاوپەیمانان ئێستا رازین، پرۆسەکەش بەردەوامە، بەڵام ئەگەر ئێمە بەرژەوەندیی خەڵک و حکومەت و وڵاتەکەمان بویستبووایە، ئێستا پێموایە هاوپەیمانان سوپایەکی پێشمەرگەیان بۆ دروستکردبووین کە پڕ مەشق بێت و باشترین جۆری چەکی پێبێت، ئامادەیی تەواوی هەبووایە بۆ هەموو هەڕەشەیەک کە بهاتبایە سەر ئەو هەرێمە و پشت و پەنایەک بووایە بۆ ئەو دەستکەوتانە و دابینکردنی ئەمنیەت و ئاسایش بۆ وڵاتەکەمان.
رووداو: ئەو سست بەڕێوەچوونەی یەکخستنی پێشمەرگە و چاکسازی لەناو هێزی پێشمەرگە واینەکردووە مەترسی دروست ببێت لە کشانەوەی هاوپەیمانان لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە و پرۆژەکەیان؟
جەعفەر شێخ مستەفا: تاوەکو ئێستا هاوپەیمانان هیچ کاتێک شتێکی وایان پیشان نەداوە، بەڵکو بەردەوام پێداگرن لەسەر ئەو بابەتە، بەرنامەشیان هەیە بۆ چەند ساڵێک، دوو ساڵ بۆ سێ ساڵ، دەڵێن ئەمە لە دوو ساڵی دیکە جێبەجێ دەبێت، ئەمەیان لە دوو ساڵی دیکە جێبەجێ دەبێت، بۆیە من هەستم بەوە نەکردووە.. ئەو بەرنامانەی ئەوان هەیانە بڕوا ناکەم دەستهەڵگرن لە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە.
رووداو: ماوەیەک پرۆسەی گواستنەوەی هێزەکانی سەر بە یەکەکانی 70 و 80 و هێزەکانی دیکە بۆسەر وەزارەتی پێشمەرگە زۆر بە خێرایی دەڕۆیی، بەڵام ئێستا هەست بە سستییەک دەکرێت، کەی هەموو هێزەکانی پێشمەرگە دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: سستبوونەوە نییە، من زیاتر ئاگام لە یەکەی 70 هەیە، ئێستا یەکەی 70 بەردەوامین لە رێکخستنی لیواکان و ئامادەکردنیان بۆسەر وەزارەتی پێشمەرگە، رەنگە ئێستا دوو لیوا بۆ سێ لیوا لە یەکەی 70 ئامادەبێت بۆئەوەی بچێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام وەکو باسم کرد، بەشێکی پەیوەندیی هەیە بەو لێکۆڵینەوە ئەمنییەی لەلایەن هاوپەیمانانەوە دەکرێت، کە جاری وا هەیە بە شەش مانگ وەڵامەکەی نایەتەوە.
رووداو: ئەمە خواستی یەکێتی و پارتییە؟ هەر بە راستی دەیانەوێت ئەو هێزانە بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، یان یەکێکە لە مەرجەکانی هاوپەیمانان بۆ بەردەوامی لە پاڵپشتیکردنی هێزی پێشمەرگە؟ بڕوایەکی تەواو و ستراتیژی لای پارتی و یەکێتی دروستبووە کە دەبێت هەموو هێزەکان بچنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: لە سەرەتای دروستبوونی حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگەوە نە یەکێتی و نە پارتی هەموو هێزەکەیان دا بە وەزارەتی پێشمەرگە، سەرکردایەتی هاوبەش دروستبوو، بەڵام شەڕی ناوخۆ هەمووی لە رەگ و ریشەوە هەڵتەکاند. شەڕی ناوخۆ هۆکار بوو لە دروسبوونی بێ متمانەییەکی زۆر لەنێوان پارتی و یەکێتی، بۆیە هەر کاتێک ئەو متمانەیە گەڕایەوە، دەبێت بە بنچینەیەکی وا کە ئیدی راڕایی و دوودڵی نەمێنێت و واز لە هەموو هێزەکان بهێنن بچێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام پێموایە تاوەکو ئێستاش نەگەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت واز لە هێزەکانیان بهێنن و بچێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەگەر بگەیشتبانە ئەو بڕوایە، پێموایە پرۆسەکە پرۆسەیەکی زۆر ئاسان بوو، هیچ سەختییەکی تێدا نییە، چونکە لە زاخۆوە تاوەکو دەچێتە خانەقین مامەڵەم لەگەڵ هەموو پێشمەرگەکان کردووە، بەتایبەت کاتێک کە وەزیری پێشمەرگە بووم سەردانم کردوون، یەک کێشە لەنێوانی پێشمەرگە نییە کە لە چ حیزبێک و چ رەنگێکە.
رووداو: خەتایەکە لە سەرەوەیە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: خەتا لە سەرکردایەتیی سیاسییە، خەتا نە لە فەرماندەی پێشمەرگەیە و نە لە پێشمەرگەیە، نە لە یەکەی 70یە و نە لە یەکەی 80یە، کێشەکە لای سەرکردایەتیی سیاسییە، چونکە ئەوان بڕیار دەدەن. لە کاتێکدا حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێممان هەبێت و بیر لەو دەستکەوتانە نەکاتەوە و بڕیارێكی راست و دروست نەدات بۆ دروستکردنی سوپایەکی پێشمەرگەی یەکگرتوو، راستییەکەی خەتاکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوان، ئەوان بەرپرسی یەکەمن بەرامبەر بە میللەتەکەمان و ئەو دەستکەوتانە و هەر کێشەیەک کە رووبەڕووی میللەتەکەمان دەبێتەوە.
رووداو: ئێوە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی فەرماندەیی پێشمەرگە ئەرکی ئێوەیە، پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بە دڵی ئێوەیە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: بە هیچ جۆرێک بە دڵی ئێمە نییە، ئەگەر بە دڵی ئێمە و بەرنامەی ئێمە بووایە، ئێستا سوپاکەشمان دروستکردبوو، هەنگاوی گەورەشمان نابوو، زۆر دەستکەوتی گەورەتریشمان بۆ میللەتەکەمان هێنابوو، رەنگە بمانتوانیبا ئێستا ئەو ناوچە کوردستانیانەی تاوەکو ئێستا نەگەڕاونەتەوە سەر هەرێمی کوردستان، کە کاتێک لە ژێر دەسەڵاتی خۆمان بووایە، بشیپارێزین و ئەگەر نەشمانتوانیبا ئێستا بمانگەڕاندبایەوە سەر هەرێمی کوردستان.
رووداو: زۆنی زەرد و سەوز، ئەو دەستەواژەیەی کە لەو ماوەیەدا زۆر زەق کرایەوە. جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەبەردەم 15 ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشدا ئاماژەی بەو بابەتە کرد. لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان چی دەکەن بۆئەوەی دەستەواژەی زۆنی زەرد و سەوز کاڵ ببێتەوە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: تخوا شەرم نییە ئێمە حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و دەیان هەزار شەهیدمان هەیە و دەیان هەزار پێشمەرگە ئێستا لە سەنگەردا بێت.. خەڵکەکەمان ئەنفال کرابێت، بە کیمیایی لێیدرابێت، ئەو هەموو قوربانیدان و فیداکارییەمان کردووە، شەرمەزاری نییە باسی زۆنی زەرد و سەوز بکەیت؟ دەبوو ئێستا هەرێمێکمان هەبووایە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاومان بنابایە. حکومەت حکومەتی هەموو هەرێمی کوردستان بووایە، نەک حکومەتی شارێک و دێیەک بووایە. سەرۆکایەتیی هەرێم چەتری هەموو میللـەتەکە بووایە.. من شەرم لە خۆم دەکەم کاتێک باسی زۆنی زەرد و سەوز دەکەن، خۆم نە بڕوام پێی هەیە و نە لە سەرۆکایەتیی هەرێمیش ئەو بڕوایە هەیە. ئەو زۆنانە قوڕی کردووە بەسەر کورد و پێشموایە ئەو دەستکەوتانەی هەمانە ئەو دوو زۆنە خستوویەتیە بەردەم هەڕەشەیەکی گەورەوە. گەورەترین هەڕەشە ئەوەیە کە ئێستا لەسەر ئەو هەرێمە هەیە.
رووداو: دوای ئەوەندە ساڵ ئارامییەی لە کوردستان هەیە، هێشتا بازگەکانی پارتی و یەکێتی جیاوازن، لە نێوانی چەند سەد مەترێک دوو بازگە دەبینین یەکێکیان هی پارتییە و ئەوی دیکە هی یەکێتییە. لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان چی دەکەن بۆئەوەی هەر هیچ نەبێت ئەو تێڕوانینە کەم بکرێتەوە کە لێرەوە سنووری پارتییە و لێرەوەش سنووری یەکێتییە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: ئەگەر بپرسیت، چیتان کردووە؟ لێرە هەنگاوی زۆر باش نراوە، کۆبوونەوەی سەرۆکی حیزبەکان ئەوەی لە سەرۆکایەتیی هەرێم کراوە، بۆ ئەوە کراوە کە هیچ شوێنەوارێکی دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت، ئەو زۆن و زۆنکارییانە نەمێنێت، یەکێتی و یەکڕیزی دروستبکرێت و حکومەتێک بێت حکومڕان بێت هەر لە زاخۆوە تاوەکو دەگاتە جەلەولا و سەعدیە و خانەقین. دەستپێشخەرییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەردانەکانیشی بۆلای حیزبەکان هەر لەپێناوی ئەوەیە خاکی کوردستان بپارێزرێت و یەکێتی و یەکڕیزی هەبێت و کورد یەکدەنگ بێت لەڕووی دەرەوەی هەرێمی کوردستان. ئەوە نییە بڵێیت هەموو کێشەکان چارەسەر دەکرێن و ململانێ نییە.. بەڵام خۆ هەر هیچ نەبێت دەتوانین یەکدەنگ بین لە بەردەمی بەدەستهێنانی مافە رەواکانی میللەتەکەمان. لەبەرئەوە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڕوای تەواویان بەوە هەیە کە دەبێت ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن، دەبێت یەکێتی و یەکڕیزی هەبێت و یەکپارچەیی خاکی کوردستان پارێزراو بێت، دەبێت حکومەت لە هەرێمی کوردستاندا یەک حکومەت و یەک سەرۆکی حکومەت هەبێت و بڕیاردەری تەواو بێت لە سەرتاسەری کوردستان.
رووداو: ئێستا بارودۆخی داعش لە عێراق چۆنە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: داعش راستە تووشی کۆمەڵێک شکست بوون و ژمارەیەکی زۆر خەڵکیان لێ کوژرا و لێ بریندار بوو، فەرماندەکانیان کوژران یان گیران، بەڵام داعش ئێستا خۆی رێکخستووەتەوە و زۆر بەهێزە، رۆژانە چالاکی دەکات لە هەموو ناوچەکاندا چ بەرامبەر بە خەڵکی بێتاوانی دێهاتەکان چ بەرامبەر بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، زۆرجاریش لەناو عێراقییەکانەوە دزە دەکەن و دێنە هەرێمی کوردستان و دێهاتە کوردەکان و هەندێکجار پەلاماری سەنگەرەکانی پێشمەرگە دەدەن، هەروەها سوودیان لەو بۆشاییە ئەمنییە وەرگرتووە کە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، لایەنی عێراقی رێگە نادات ئەو بۆشاییانە پڕبکرێنەوە.
رووداو: عێراق رێگە نادات ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕبکرێتەوە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵنیاییەوە عێراق رێگە نادات.
رووداو: بیانووی عێراق چییە بۆئەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕنەکرێتەوە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: نازانم بیانووەکەیان چییە، من لە ناوچەیەکم شوێنێک هەیە ئێمە دەتوانین بە ئاسانی بچینە ناوی و بیگرین، تەماشا دەکەیت رێگرە لە بەردەمی ئێمە، پێیان دەڵێین خۆتان وەرن خاڵێک لێرە دابنێن و ئێمە پشتیوانیتان دەکەین، کەچی نایکەن.. دەڵێین وەرن ئێمە و ئێوە بیکەین، نایکەن. دەڵێین ئێمە دەیکەین، دەڵێن نابێت. بۆیە دەبێت ئەو پرسیارە لە ئەوان بکەن کە بزانن بۆ نابێت؟ ئایا پێویستیان بە داعشە؟ یان دەیانەوێت ئەمنیەت نەبێت؟ نازانم.. راستییەکەی دەبێت لە عێراقییەکان بپرسن کە بۆ رێگە نادرێت ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنین بە ئێمە و عێراقییەکان، ئەوان بە تەنیا، ئێمە بە تەنیا پڕبکرێنەوە، ئەو جێپێیە نەهێڵین کە بووەتە هەڕەشەیەک بۆسەر هەم هێزە عێراقییەکان و هەم بۆسەر ئێمەش.
رووداو: داعش ئێستا هەر لە چوارچێوەی مەفرەزە و گرووپ هاتووچۆ دەکەن، یان پێتانوایە لە هەندێک شوێن و ناوچە بارەگایان هەیە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: لە زنجیرە شاخی حەمرین، لە قەرەچووخ سەرکردەکانیان لەوێیە، لەوێ مەشق دەکەن، کارگەیان هەیە بۆ دروستکردنی تی ئێن تی و مین و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو، بنکەیان هەیە، تونێلیان هەیە، هەموو شتێکیان هەیە لەو شوێنانە.
رووداو: لە ماوەی رابردوودا جەنابت سەرپەرشتیی چەند ئۆپەراسیۆنێکت کرد لە دوورخستنەوەی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان، چەند جارێکیش تونێل و کەلوپەلەکانی داعش لەلایەن ئێوەوە دەستی بەسەردا گیرا و لێیان درا. ئەوانە بوونە هۆکاری ئەوەی داعش لەو ناوچانە دوور بکەوێتەوە و لاواز ببێت؟ یان هێشتا پێتانوایە داعش بەهێزە لە عێراق؟
جەعفەر شێخ مستەفا: راستیەکەی چەندین ئۆپەراسیۆن کراون، ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە کراون زۆربەیان چوون و گەڕانەوە بووە، جاری وا هەبوو چەکداری داعش دەکوژرا یان بریندار دەبوو یان تونێلێک یان ئەشکەوتێکت دەگرت و دەست بەسەر کۆگایەکیاندا دەگیرا پاشان هێزەکە دەگەڕایەوە، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە کرا راستییەکەی ویستمان بە تەواوەتی کۆنترۆڵی ناوچەکە بکەین و هێزی تێدا جێگیر بکەین، داواشمان لە عێراقییەکان کرد بەیەکەوە ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵ بکەین و هەردوولامان هێزی تێدا دابنێین. ئەگەر ئەوانیش ناتوانن و لە شوێنی دیکە سەرقاڵن با هێزی پێشمەرگە ناوچەکە بگرێت هەر کاتێک دوو لیوا هاوبەشەکە دروستبوو، ئەوکات ئێمە ناوچەکە رادەستی ئەو لیوا هاوبەشانە دەکەین کە بڕیارە دروستبکرێن، بەڵام بەداخەوە عێراقییەکان بۆ زۆربەی شوێنەکان قبووڵیان نەکرد، بەڵام ئێمە توانیمان لە هەندێک ناوچە و هەندێک جێگا هەندێک هێز جێگیر بکەین، ئەو هێزانە بوونە هۆکاری ئەوەی 50% هەڕەشەی داعش لەسەر گوندنشینەکان و سەنگەرەکانی پێشمەرگە کەم بکەینەوە، بەڵام بڵێی 100% بنبڕمان کردووە و جێپێمان نەهێشتوون لەو جێگایە، وانییە.. جێپێیان هەیە و تاوەکو ئێستاش خەڵک دەڕفێنن و پارە لە خەڵک دەستێنن و کردەوە دەکەن.
رووداو: ئەو دوو لیوا هاوبەشەی باست لێوەکرد بڕیار وابوو دروست ببێت، بۆچی تاوەکو ئێستا دەستبەکار نەبووە؟ پێتانوایە هۆکارەکە سیاسییە یان تەکنیکی؟
جەعفەر شێخ مستەفا: عێراق پاساوێکی هەیە دەڵێن لە یاسای بودجە ئەو بودجەیە لە وەزارەتی بەرگری بۆ لیوا زیادانە دیاری نەکراوە، ئەمەش دوورە لە راستییەوە، چونکە لە هەموو وڵاتێکدا بودجەیەک هەیە کە فریاکەوتنی پێدەڵێن. ئەو بودجەیە بۆ ئەو شتانە دانراوە، دەتوانرا لەو بودجەیە پارەیەک تەرخان بکرێت بۆ پێکهێنانی ئەو دوو لیوایە تاوەکو لە ساڵی تازە پەرلەمان لە یاسای بودجە بۆیان پەسند دەکرا. بۆیە پێموایە پاساوەکە پاساوێکی لاوازە. راستییەکەی ئەوە کەوتووەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە لە ئەفسەری ئەکادیمی، لە پێشمەرگە هەموی ئامادە کراوە، تەنانەت لێرە مەشقێکی سەرەتاییشیان پێکراوە بۆ رێکخستن و زیاتر شارەزابوون لە ئیشوکارە سەربازییەکان، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا عێراق ئەو هەنگاوەی نەناوە بۆ دروستکردنی ئەو دوو لیوایە.
رووداو: پێتوایە هۆکارەکە سیاسییە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵنیاییەوە ئەگەر سیاسی نەبووایە، من پێموایە لەڕووی تەکنیکییەوە هیچ کێشەیەکیان نەبوو، دەیانتوانی بودجەکەشی بۆ دابین بکەن و پڕچەکیان بکەن و سەربازگەشیان بۆ دابین بکەن.
رووداو: وا دەردەکەوێت لە ئاستی باڵا لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هاوئاهەنگی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش. لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەو هاوئاهەنگییە چۆنە لەسەر ئەرزی واقیع؟
جەعفەر شێخ مستەفا: ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ سوپای عێراقیدا نییە، لە زۆر شوێن لە ناوچەی قەرەچوخ، شۆراو، قوڕیچیاو تاوێرکە تاوەکو ئێستا ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە کراون، هەرچەندە لە ئاستی پێویستدا نەبووە بڵێیت هەموو کاتێک ئێمە ئامادەین بەیەکەوە بچین ئۆپەراسیۆنێک بکەین و بنبڕی بکەین. ئەو ئۆپەراسیۆنانەشی دەکرێن ئەگەر ناوچە نەگرین و هێزی تێدا جێگیر نەکەین، لەو کاتەدا داعش رەنگە بچێت خۆی حەشاربدات یان ناوچەکە چۆڵ بکات، بەڵام دوای گەڕانەوەی هێزەکە، ئەوانیش دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان. لە هەمان کاتدا وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە ئامادەیی تەواوی پیشانداوە، لە هەر شوێنێک پێویست بکات بە هێزی پێشمەرگە بۆ شەڕی داعش لە هەر جێگە و خاڵێک بێت، هێزی پێشمەرگە ئامادەیە لەگەڵ سوپای عێراقی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بکات دژی داعش.
رووداو: ئەوەی لە شنگال روودەدات بۆچوونت چییە لەسەری؟ چۆن دەتوانرێت دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و خەڵکەکەی بگەڕێنەوە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: دیارە بەهۆی بوونی ئەو هێزە چەکدارانەی لەوێ بوون ئەو خەڵکانە نەگەڕاونەتەوە، رێککەوتنێک هەیە لەنێوان عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆئەوەی کۆنترۆڵی ناوچەکە بکرێت و ئەو چەکدارانە لەوێ دووربخرێنەوە و ئیدارەی خۆی هەبێت و خەڵکەکە بگەڕێتەوە؛ بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەبووە، هیچ گەرەنتییەکیش نەبووە بۆئەوەی خەڵکەکە بگەڕێتەوە. ئەگەر سەیربکەین لەدوای ئەو ئۆپەراسیۆنەی عێراق کردی، دووبارە سەدان خێزانی دیکە ئاوارە بوون و هاتوونەتەوە بۆ ئۆردوگاکان لە هەرێمی کوردستان. بۆیە پێویست بەوە دەکات لەوێ یاسا سەروەر بێت، قایمقام، بەڕێوەبەری ناحیە، ئاسایش و پۆلیس هەبێت و ئیدارە کۆنترۆڵی ناوچەکە بکات و هیچ هێزێک لە دەرەوەی یاسا و سیستەم نەمێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ